ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاودێر

لەماوەی 8 مانگی ڕابردوودا تەنیا لە شارى هەولێر نزیکەى 10 هەزار کەس سکاڵایان دژى خراپی پێوەرى ئاو کردووە و ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستانیش ڕاى دەگەێنێت پێوەرەکە بەتەواوى شکتى هێناوە، بەڵام حکومەتى هەرێم لەبەر دۆڕاندنی 60 ملیار دینار بە کۆمپانیاکان دەستبەرداری نابێت.

پڕۆژەى بەستنى پێوەرى ئاوی ماڵان کە لە ساڵى 2014ەوە دەستى پێکردووە، تاکو ئێستا بەردەوامى هەیە و هێشتا لە بەشێکى زۆرى شار و شارۆچکەکان ئەم پێوەرە کارا نەکراوە. پڕۆژەکە هەر لە تەندەرینەوە تاکو وەرگرتنى پارەى ئاو بە کۆمەڵێک کارى نایاساییدا تێپەڕیوە و باجى سەرجەم گەندەڵییەکانیش لەسەر شانى هاووڵاتیان بووە.

بەشێک لە هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان ئەگەرچی بەهۆى زۆرى خوێندنەوەى پێوەرەکەوە بەهیچ شێوەیەک پارەى ئاو نادەن، هاوکات لە چەندین ناوچەی جیاوازى هەرێمى کوردستان هەڵمەتى لێکردنەوەى پێوەرەکە دەستى پێکردووە و چەندین ماڵێش بەبێ هیچ هۆکارێک پێوەرەکەیان لەکار کەوتووە.

غازی عەلی، سەرۆکی لیژنەی سکاڵا و چاودێری لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕاى دەگەیەنێت زۆرێک لە پێوەرەکانی ئاوی ماڵان کواڵیتیان خراپ و بەسەرچوون، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ناتوانرێت پشت بە خوێندنەوەکانیان ببەسترێت. گوتیشی ماڵ هەیە لەماوەى ساڵێک و شەش مانگدا پێوەرەکەى تەنیا 362 هەزاری خوێندووەتەوە، لەبەرانبەردا ماڵ هەیە تەنیا لەماوەى سێ مانگدا زیاتر لە 400 هەزاری خوێندوەتەوە. بەگوتەى سەرۆکی لیژنەی سکاڵا و چاودێری لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دوابەدواى بەدواداچوون لەسەر پێوەرى ئاوى ماڵان بۆیان دەرکەوتووە کە ماوەی کارکردنی ئەو پێوەرانەی کە بۆ ئاوی ماڵان بەستراوە پێنج بۆ حەوت ساڵە و بەشێک لەو پێوەرانەش ئەو ماوەیەیان تەواو کردووە، سەرۆکی لیژنەی سکاڵا و چاودێری لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە بەهۆی خراپی پێوەری ئاوەوە لەماوەی 8 مانگی ڕابردوو نزیکەى 10 هەزار کەس سەردانی فەرمانگەی ئاو و شارەوانیان لەناو سەنتەری شاری هەولێر کردووە.

هاوشێوەی زۆربەى پڕۆژەکانى دیکە، بەستنى پێوەرى هەر لەسەرەتاوە بەسەر دوو کۆمپانیاى سەر بە پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستاندا دابەشکرا، ئەگەرچی پڕۆژکە لەو دوو کۆمپانیایە وەرگیرایەوە و دواتریش درایە چەند کۆمپانیایەکى دیکە، بەڵام هێشتا پڕۆژەکە چەندین کەموکوڕى هەیە و بەتەواوى لە شکست نزیک بووەتەوە، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان نایەوێت دەستبەردارى ببێت.

جگە لە گرانى نرخى پێوەرەکان، خراپی کۆوالێیتیەکانیان یەکێکە لەو کێشانەى کە تاکو ئێستا بەبێچارەسەرکردن ماوەتەوە و حکومەتى هەرێمى کوردستانیش جگە لەو زیانە زۆرەى کردوویەتى لەم پڕۆژەیەدا تاکو ئێستا هیچ جێگرەوەیەکى دیکەى بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشەیە ڕانەگەیاندووە.

لەمبارەیەوە دابان محەمەد، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان ڕاى دەگەیەنێت حکومەتی هەرێمى کوردستان بەتەواوى دەزانیت کە پێوەری ئاو شکستی هێناوە، بەڵام لەبەر دۆڕاندنی 60 ملیار دینار بە کۆمپانیاکان نایەوێت دەستبەرداری ببێت. ئەو ئەندامەى پەرلەمانى کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پێش دانانى پیوەرەکان، هاووڵاتیان بە دوو مانگ جارێک 15 هەزار دیناریان دەدا، داهاتی حکومەتی هەرێم بۆ ئاو 9 ملیار دینار زیاتر بوو، بەڵام دواى دانانى پێوەرەکان، داهاتى حکومەت مانگانە ناگاتە ملیارێک دینار، ئەو ئەندامەى پەرلەمانى کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان لە بەدواداچوونەکانیان بۆ ئەم پرسە بەردەوام دەبن و داواش لە هاووڵاتیان دەکات دەستبەردارى پێوەرى ئاو ببن.

حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەگەرچی ناوبەناو بۆ ترساندنی هاووڵاتیان کۆمەڵێک سزاى نوێ بەهۆى نەبەستنى پێوەرەوە ڕا دەگەیەنێت، بەڵام بەگوتەى دابان محەمەد ئەم سزایانە هیچ کاریگەرییەکیان نابێت، چونکە شکستی پێوەری ئاو لە ئەستۆى هاووڵاتیاندا نییە، بەپێچەوانەوە لەئەستۆى ئەو کۆمپانیایانەدایە کە بەناوى پێوەرى کواڵێتى بەرز، پێوەرى کوالێتى نزمیان بەستووە.

ئەگەرچی هێشتا سکاڵاکان لەسەر هەردوو کۆمپانیاکانى (ئاراس و جنون) کە کارى بەستنى پێوەرەکانیان وەرگرتووە کۆتایی نەهاتبوو، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان وەرگرتنى پسوڵەى ئاوى داوەتە سێ کۆمپانیا دیکە کە ئەوانیش (گرنگ، ئۆرانۆس و خگیب و علمى) لە سنوورى هەولێر و دهۆک، سلێمانى، هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیانیان.

بەگوێرەی خەمڵاندنێک کە پێشتر حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجامى داوە، رۆژانە لە هەرێمی کوردستان (2 ملیۆنو 100 هەزار) مەتر سێجا ئاوی پاکی خواردنەوە بەرهەم دەهێنرێت، لەم بڕە رۆژانە (850 هەزار) مەترسێجا ئاوی پاکی خواردنەوە بەفیڕۆ دەدرێت، تێچووی ئەم ئاوە بەفیڕۆدراوە رۆژانە (340 ملیۆن) دینار لەسەر حکومەت دەکەوێتو ساڵانە خەرجی ئاوی فەفیڕۆدراو دەکاتە (124 ملیار) دینار.

دانانى پێوەرى ئاو ئەگەرچی هەوڵێک بوو بۆ رێگرى لەم بەهەدەرچوونە، بەڵام بەهۆى ئەو گەندەڵیانەى لە شێوازى وەرگرتنى گرێبەستەکان و ئەنجامدانى پڕۆژەکەدا کراون، نەتوانراوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکریت، بەپێچەوانەوە ئێستا کێشەکە زیاتر بووە و سەرەڕاى ئەوەى بەهۆى زۆرى بڕی پارەى خوێندراوەوە هاووڵاتیان ئامادە نین پارە بدەن، هاوکات لەئەگەرى هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەکەش حکومەت نزیکەى 60 ملیار دینار زیانى بەردەکەوێت.