ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٦٧ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە، ٩٥٤ کەس چاکبوونەتەوە و دوو کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە.

بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە هەرێمی کوردستان، ٦٧ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ٤٢ تووشبوو، چوار لە هەولێر، ١٨ لە سلێمانی و دوو کەس لە گەرمیان بوو.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٩٨٣ تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، زۆرترین ژمارەیان لە هەولێر بووە بە ٣٧٧ کەس، ١٧٥ کەس لە سلێمانی، ٣٥٧ کەس لە دهۆک، ٣٤ کەس لە گەرمیان و لە راپەڕینیش ٤٠ کەس چاکبوونەتەوە.

هەر بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، دوو کەس لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە کە یەکیان لە هەولێر و کەسەکەی دیکە لە سلێمانی بووە.

بەپێی ئاماری گشتی وەزارەتی تەندروستی تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٣٤ هەزار و ٩٦٨ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی کە لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٠٥ هەزار و ٧٦٩ کەس، لەو ژمارەیەش، سێ هەزار و ٤٥٩ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، ٩٥ هەزار و ٤١٠ کەسیان دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە و لە ئێستادا شەش هەزار و ٩٠٠ کەسیش لەژێر وەرگرتنی چارەسەرداییدا ماون.