ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆخی زیندانییەکانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بە میوانداری بەڕێوەبەری سەرجەم چاکسازییەکانی گەوران و ژنان و نەوجەوانان لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، رۆمیۆ هەکاری رایگەیاند "کۆبوونەوەکەمان دەربارەی تاوتوێکردنی دۆخی چاکسازییەکان و ئەو کێشەو گیروگرفتانەبوو کە رووبەڕووی چاکسازییەکان و خودی زیندانییەکانیش دەبێتەوە، لە دەرئەنجامی پرسیار و گفتوگۆکانمان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە کەموکوڕییەکی زۆر لەرووی ستاف و دارایی و تەندروستی لەبەشێکی هەرە زۆری چاکسازییەکاندا هەیە بۆیە بڕیرامانداوە بەدواداچوون بۆ چارەسەری ئەو کێشە و کەموکوڕیانە بکەین".

راشیگەیاند "یەکێکی دیکە لە کێشەکان کە لە کۆبوونەوەکەدا باسکرا دەربارەی دادگاکان بوو کە کێشەی بەشێکی زۆری سزادراوان لە دادگاکاندا دوادەکەوێت بۆیە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار دادەنیشین بۆئەوەی کیشەی هەر یەکێک لە سزادراوان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەپێی یاسا کاری لەسەربکرێت".

رۆمیۆ هەکاری راشیگەیاند "تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان یاسای تایبەت بە چاکسازییەکانمان نییە کە ئەمە کەموکوڕییەکی یاساییە لە هەرێـمدا، بۆیە رێکەوتووین لەسەر ئەوەی بە هاوکاری هەردوولامان پرۆژەیەک بنوسرێتەوە ئامادەبکرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا بهێندرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت".

دواتریش بەرێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان سەربە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاری ئەحمەد رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا هەموو گرفت و کیشەکان کە هەمانە باسکرا، بەڵێنی هاوکاری و هەماهەنگیمان بەیەکداوە و بەهیواین لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو هەنگاوی گرنگتر و کرداری بنێین".

ئاری ئەحمەد رایگەیاند "لە سەرجەم هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و ١١٥ سزادراو هەیە، ئەو ژمارەیە لەبەرامبەر ئەو بینایانەدا کە بۆ چاکسازییەکان هەمانە زۆر زیاترە، سێ بینای چاکسازی گەورانمان هەیە کە دەکرێت لە هەر یەکێکیان ٨٠٠ تاوەکو ٩٠٠ کەسی تێدابێت بەڵام لەو ژمارەیە زۆر زیاتریان تێدایە، لە بەشێکی زۆر لە چاکسازییەکان لە ژوورێکدا پێویستە هەشت کەسی تێدابێت ٢٨ کەسی تێدایە، دەبێت چارەسەری ئەوە بکرێت بەشێوەیەک کە هەم رەچاوی یاسا بکرێت هەم رەچاوی دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان بکرێت، چاوەڕوانی ئەوەین کە بتوانین لە داهاتوودا رێگە چارەیەک بدۆزینەوە".