ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەقامگیری گشتی لە کوردستاندا بەندە بە سەقامگیری سیاسی و ئابوری کە دەبنە هۆی پاراستنی ئاسایشی تاک و دابینکردنی زەمینەی گونجاو و لەبار بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانی کە ڕاستەخۆ کارتێکردنی لەسەر ژیان و باری گوزەران و هەلومەرجی دەرونی هاووڵاتی هەیە.

جگە لە مەترسییە دەرەکییە جۆراجۆرەکان کە دووچاری ڕەوشی کوردستان و ئاسایشی نیشتمانی کوردستانی و ئاسایشی هاوولاتی دەبێتەوە، خراپبوونی ڕەوشی ئابوری و بەردەوامبوونی قەیرانی ئابوری، و کەمکردنەوەی خزمەتگوزاری گشتی و نەدانی موچە لە کاتی خۆیدا، و زیادکردنی باج و پول کە لە کۆتاییدا قورساییەکەی لە سەر ئەستۆی خەڵکی کوردستانە، مەترسییەکی رۆژانەی بۆ ئاسایشی ناوخۆیی هاووڵاتی درووست کردوە.

لە ماوەی ڕابووردوودا تاوانی دزین و ماڵ بڕین و ساختەکردن زیادی کردوە، و هاوکات لە گەڵ ئەمەشدا ڕووداوەکانی خۆکوشتن و تاوانەکانی توندوتیژی و کوشتن بە رێژەیەکی بەرچاو بە بەراوورد کردن لە گەڵ ساڵانی ڕابووردوودا زیادی کردوە. خراپ بوونی وەزعی ئابوری و فراوانبوونی رێژەی هەژاری و بێکاری زەمینەیە بۆ سیستی ئابوری و زیادبوونی گەندەڵی کە دیاردەیەکی کوشندەیە بۆ ئەزمونی گەشەپێدان و پەرسەندنی کوردستان. تێکڕای ئەم ڕەوشە سستییەکی بەرچاوی لە ڕەوشی بازاڕ و بازرگانی درووست کردوە.

جگە لە هۆکارە بابەتی و خودییەکانی قەیرانی ئابوری لە کوردستاندا کەمکردنەوەی نرخی دینار بەرامبەر دولار لە لایەن بەغداوە کارتێکردنێکی نەرێنی لە سەر موچەی فەرمانبەران و زیابوونی نرخی کاڵاکان کە لە بازاڕدا هەندێ جار بە دولار دەیفڕۆشن، کردووە.

لەوانەیە بە زیادبوونی نرخی نەوت و ئەگەری رێکەوتنی بودجە لە گەڵ بەغدا و بەردەوامبوونی حکومەتی هەرێم لەسەر بەڵێنی پێدانی موجەی فەرمانبەران هەر مانگێک لە کاتی خۆیدا، جۆرێک لە هێورکردنەوە لە دۆخی فشاری ئابوری لە سەر خەڵک ڕوو بدات، بەڵام ئەم خاڵانە هەردەم سەقامگیر نییە، و گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە ڕەوشی ئابوری و مسۆگەرکردنی ژیانی خەڵک و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی هاووڵاتی و کەمکردنەوەی ڕادەی تاوانەکان لە رێگای پرۆژەی گەشەپێدانی زانستییەوە دەبێت کە داببنکردنی ژیانی گونجاو و پڕ کەرامەت و تەندروست بۆ خەڵکی زەحمەتکێش و کەمدەرامەت دابین بکات، و بوژانەوەی ئابوری و ئاوەدانکردنەوە و فرسەتی کار جێبەجێ بکات و سنور بۆ دیاردەی هەژاری دا بنێت.