سازدانی: باوكی ڤاریا
دكتۆر محێدین حەسەن سەرۆكی لیستی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان، لە گۆشەی یەك پرسیار بەشداربووو لێمان پرسی: وا هەست دەكرێت پەرلەمانی كوردستان بۆتە بەشێك لە ململانێنی نادیموكراسیو كێشەی سیاسی نێوان حزبەكان، ئایا روانگەی بەڕێزتان بۆ ئەو مەسەلەیە چییە؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا د.محێدین وتی: پەرلەمان رەنگدانەوەی تواناو هێزو رێژەی دەنگدەرانی حزبەكانە و، نوێنەرایەتی حزبەكان دەكات لە دامەزراوەی پەرلەمان.لە كاتێكدا ململانێ و كێبركێ لە نێوان حزبەكاندا هەیە لە روانگەی چۆنیەتی بەرێوەبردنی مەلەفە جیا جیاكانی پەیوەست بە حوكمڕانی و دۆسیەی پەیوەندییەكان و داهات و دۆسیەی سامانە سروشتییەكان و كۆنترڵكردنی جومگەكانی دەسەڵات و مۆنۆپۆلكردنی. سەرباری ئەمانە بوونی دوو هێزی پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش و دوو زۆنی دەسەڵات و دوو ئیدارە لە رووی كرداری لە هەرێم و دەستێوەردان و فشاری دەرەكی لەسەر حزبەكانی حوكمڕان و پەیوەندی نادروستی لە مێژینەی نێوان هەندێ حزبی خاوەن هێزی چەكدار، كۆی ئەمانە رەنگی داوەوتەوە لەسەر دیدو تێڕوانینو پەیوەندی نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و لە بنەڕەتدا فراكسیۆنەكانیش دەربڕی دیدو تێڕوانینو بۆچوون و رای حزبەكانن و بەو شێوەیە ئاراستە دەكرێن، بۆیە جۆر و ئاستی پەیوەندی نێوان حزبەكان كاریگەری راستەوخۆی دەبێ لەسەر دامەزراوەی پەرلەمان .