ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێی به‌مه‌به‌ستی راییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاوڵاتیان ده‌ركرد و به‌گوێره‌ی یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانیش، ده‌وامی كاركردنی ئه‌فسه‌ران و كارمه‌ندانی به‌شی تابلۆكان و ھۆبه‌ی OPVT - ھۆبه‌ی پشكنینی ئۆتۆمبێله‌كان تاوه‌كو كاتژمێر 6:00ی ئێواره‌ زیاد ده‌كرێت.

هاتوچۆی سلێمانی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "له‌ئێستادا لۆد وقه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر دروستبوه‌ له‌ سه‌رجه‌م به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی ھاتوچۆ له‌ھه‌رێمی كوردستاندا و له‌نێوانیشیاندا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ھاتوچۆی سلێمانییه‌، به‌گرنگی ده‌زانین ھۆكار و ھه‌نگاو ورێكاره‌كانی چاره‌سه‌ر كردنی به‌رێوه‌به‌رایه‌تیمان بخه‌ینه‌ به‌رچاوی ھاوڵاتیان، به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش ھۆكاره‌كانی ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ بۆ خواستی به‌رچاو و بێ شوماری ھاوڵاتیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌سه‌ر به‌ده‌ستھێنانی تابلۆی نوێ و گۆڕینی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی به‌شێكی شۆفێران بۆ گۆڕینی تابلۆ كۆنه‌كانیان به‌ تابلۆی نوێ له‌گه‌ڵ داوكاری زۆر و رۆژانه‌ بۆ ئه‌و ژمارانه‌ی كه‌ رسوماته‌كه‌ی 2.000.000 (دو ملیۆن) دیناره‌، ھه‌روه‌ھا له‌و تۆتۆمبێلانه‌ی كه‌ كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ ده‌كرێت و گواستنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتییان بۆ ده‌كرێت، به‌ده‌ر له‌م راستییانه‌ش بونی موراجعیكی زۆر له‌و ھاوڵاتیانه‌ی دانیشتوی خوار و ناوه‌راستی عێراقن".

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، سه‌رجه‌م ئه‌فسه‌رانی په‌یوه‌ندیدار، جه‌خت له‌مانه‌وه‌ی گۆڕه‌پانی پشكنیی ته‌نیشت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی كرایه‌وه‌ له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك.

 

هۆكاره‌كان:

یه‌كه‌م: ئه‌و گۆره‌پانه‌ له‌ژێر چاودێری كامێره‌كانی به‌شی IT به‌رێوه‌به‌رایه‌تیمانه‌ كه‌ئه‌مه‌ش رێگری ده‌كات له‌ئه‌گه‌ری ھه‌ركارێكی نایاسای كه‌ئه‌فسه‌ر وكارمه‌ندانمان توشی كێشه‌ی یاسایی و كارگێرییان ده‌كات .

دوه‌م: سه‌رجه‌م سه‌ره‌تای سواره‌وه‌كانی لێوه‌ نزیكه‌ له‌كاتی پێویست كه‌ ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وندی ھاوڵاتیانه‌ .

سێیه‌م: له‌ تاقیگه‌كانی پشكنین ھه‌لومه‌رجی پێویست بۆ كاره‌كردنی ئه‌فسه‌ران وكارمه‌ندانمان نیه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا ھه‌یه‌ له‌ گۆره‌پانی پشكنینی به‌رێوه‌به‌رایه‌تیمان ھه‌ر له‌ جه‌رداخ وكابینه‌ كه‌ نه‌بونیان ئاسته‌نگ دروست ده‌كات له‌كه‌ش وھه‌وای گه‌رم و سارد و باران بارین ، وكامێرای چاودێری IT ھاتوچۆ .

چواره‌م: سه‌جه‌م ئه‌فسه‌رانی ئاماژه‌ پێدراومان ڕایان وابو به‌وه‌ی ئاماده‌نین  بۆ گواستنه‌وه‌یان بۆ تاقیگه‌كانی پشكنین وھه‌ڵنه‌گرتنی ھه‌ر به‌رپرسیاره‌تیێك له‌ پێچه‌وانه‌ی دۆخ وریتمی په‌یڕه‌وكراو له‌ئێستادا و له‌حاڵه‌تی دابینكردنی ئه‌و ھه‌لومه‌رجانه‌ له‌ئاینده‌دا له‌لایه‌ن تاقیگه‌كانی پشكنین ، ئه‌و كات برێاری گونجاو ده‌ده‌ین له‌م روه‌وه‌.

پێنجه‌م: به‌دیكومێنت و به‌ڵگه‌وه‌ له‌لامانه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا ھیچ ئۆتۆمبێلێك نه‌ماوه‌ته‌و وكاری ته‌واو نه‌بوبێت مه‌گه‌ر كه‌موكورێكی یاسایی ھه‌بوبێت تیایدا یاخود له‌ مامه‌ڵه‌كه‌ی ، كه‌ له‌رۆژی پێنج شه‌ممه‌ وه‌ كارمان كردوه‌ كه‌ ھیچ ئۆتۆمبیلێك نه‌ماوه‌ته‌و بێ ئه‌وه‌ی كاره‌كانی ته‌واو نه‌كرێت .

 

ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێی هاتوچۆ به‌مه‌به‌ستی خێراكردنی راییكردنی مامه‌ڵه‌ی ھاوڵاتیان:

یه‌كه‌م: شه‌فتی كاركردنی ئه‌فسه‌ران و كارمه‌ندانی به‌شی تابلۆكان و ھۆبه‌ی OPVT - ھۆبه‌ی پشكنینی ئۆتۆمبێله‌كان (به‌ڕاده‌كان) له‌كۆتایی ده‌وام تاكو كاتژمێر 6:00ی ئێواره‌ به‌ دو ئه‌فسه‌ر و و دو به‌ڕاد و دو كارمه‌ند .

دوه‌م: زیادكردنی 10 كارمه‌ندی لێكردنه‌وه‌ وپێوه‌ كردنێ تابلۆی ئۆتۆمبیل ، كه‌ئه‌مه‌ش بێ گومان كاره‌كان زۆر خێراتر ده‌كات .

سێیه‌م: زیادكردنی ھێڵ - له‌ینی - لێدان وپێوه‌كردنی تابلۆی ئۆتۆمبیل له‌  چوار  له‌ین بۆ  شه‌ش له‌ین .

چواره‌م: زیاد كردنی چاڵێكی دیكه‌ بۆ پشكنینی ئۆتۆمبیل جگه‌ له‌وه‌ی له‌ئێستادا ھه‌یه‌ .

پێنجه‌م: زیاد كردنی ھێڵێكی دیكه‌ و زیاتر بۆ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی ژماره‌ی كاتین و ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی كه‌ كاری گواستنه‌وه‌یان ھه‌یه‌ بۆ پارێزگاكانی دیكه‌ی ناو ھه‌رێمی كوردستان.