ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

شیڤان شێرزاد

بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەند و ئەدیب و نووسەر و خانەوادەی هونەرمەندی کۆچکردوو (جەلال بەیار) لە گۆڕستانی کەسنەزان دەیەمین مۆمی کۆچی ئەو هونەرمەندە شانۆکارە داگیرسێندرا، کە ژیانی خۆی بە هونەر و شانۆی کوردی بەخشی.

لە یادەکەدا هونەرمەندان بە چەند وشەیەک پەنجەیان خستە سەر یادگارەکانیان لەگەڵ ئەو پیاوەی کە هونەری شانۆ و نووسین و دەقی درامی خولقا بوو، کە لە دوایین دیمەنی درامای گەردەلولدا ماڵئاوایی لە ژیان و هونەردا کردووە.

ئێستاش یادێکی غەمگین بەبێ ئامادەبوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دوور لە چاوی کامێراکان دەکرێتەوە.

(جەمال دیلان) برای هونەرمەندی کۆچکردوو لە ئاخاوتنێکیدا ڕایگەیاند: هونەرمەندی ناوبراو ئەزموونێکی بەرچاوی هەبووە لە بزاوتی ڕۆشنبیری و هونەری شانۆدا، بەتایبەت لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، کە بە شانۆگەریی چڵپاو و مارەیی دەستی بە کاری شانۆیی کرد، کە ئەوکات شانۆ پەیامێکی هەبوو بۆ دوژمنانی کورد و ئەوان وەک پێشمەرگەئاسایەک بەرامبەر دوژمن وەستابوونەوە، جگە لەوەش (بەیار) چەند خەسڵەتێکی تایبەتی تێدابوو، کە لە ڕووی ستایل و ڕێک پۆشیشدا هونەرمەند بوو نەک تەنیا بە کارە شانۆییەکان و ئەو دەق و سیناریۆیانەی نووسیوویەتی، ئەمڕۆش ئێمە بەشدارین لە دەیەمین ساڵیادی ئەو هونەرمەندەی ژیانی بە کلتوور و هونەری شانۆ و درامای هەولێر بەخشی و تا دوا هەناسەش بۆ هونەرەکەی ژیا.