ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەروتار

لە میانەی هەڵسەنگاندنی ڕەوشی سیاسی عێڕاق لە چەند ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار حزبمان پرسیاری لە بوون و مانەوەی ئەو پرۆسە سیاسییە كردووە، كە لە ساڵی 2003وە دوای ڕوخاندنی رژێمی دیكاتۆری بەعس دەستی پێكرد. پرۆسەیەك خۆی لە دەستووری 2005 بە هەموو كەموكوڕییەكانەوە بەرجەستەبوو كەچی بە شێوەیەكی پراكتیكی بەشێكی زۆری بەندەكانی جێبەجێ نەبوو. پرۆسەیەك بنەماكەی سێ بابەتی گرنگی تەوافق و شەراكەت و هاوسەنگی بوو، ئەویش بە شێوەیەكی كردەیی جێیەجێ نەبوو، تەنانەت كۆتایی هات. پرۆسەیەك پشتی بە هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵات دەبەست و، ئێستا گەیشتە بنبەستی سیاسی و، هەڵبژاردنی پێشوەخت دادی نەدا. پرۆسەیەك بنەماكەی سیستمی پەرلەمانی و بوونی دادگایەكی ئیتحادی سەربەخۆ بوو، كەچی بە شێوەیەكی پراكتیكی دادگای ئیتحادی بوو بە بەشێك لە ململانێی سیاسی لە سەر دەسەڵات، و ئەمڕۆش باس لە هەمواركردنی دەستور و سیستمی سیاسی دەكرێت، بەتایبەتی دوای پەككەوتنی پەرلەمان و گرتنی لە لایەن ڕەوتی سەدرەوە، كە لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی سیاسی نەخشەكێشراو دوای كشانەوەیان لە پەرلەمان و بەستنی نوێژی سیاسی بە كۆمەڵ لە هەفتەی ڕابردوودا، هەنگاوی سێیەمی نا كە گرتنی پەرلەمانە و، ئەمەش ئاماژەیە بۆ وەرچەرخانێكی نوێ لە ڕەوشی سیاسی كە كۆمەڵێك خاڵی نوێمان دەخاتە بەرچاو، لەوانە:

ــ بەردەامبوونی گەندەڵی و نەبوونی سیاسەتێك كە گەشەپێدان زامن بكات و، ژیانی شایستە و بژێوی و سادەترین خزمەتگوزاری پێشكەش بكات، زەمینەی سەرەكی ناڕەزایی خەڵكە لە ڕەوشی سیاسی و تاقمی حوكمڕان. ئەم بابەتە زەمینەی سیاسی ئامادە كردووە بۆ هاندانی خەڵك لە لایەن گرووپی سیاسی جیاوازەوە بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكی و ململانێی سیاسییان كە پەیوەندی بە بەژەوەندی خەڵكەوە نییە.

ــ ئەو ململانێیەی لە نێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی ڕوودەدات، ململانێیە لە سەر دەسەڵات و، ئەو ڕاستییە دەردەخات كە تایفەی یەكگرتوو بوونی نییە و ، مەسەلەكان لە چوارچێوەی ئەوەیە كە كێ خۆی بە نوێنەری تایفەیەكی دیاریكراو دادەنێت و، وڵاتی ئیقلیمیش بە ناوەندە جیاوازەكانییەوە لەم بابەتەوە تێوەگلاون و، دەستێوەردانیان بەردەوامە و، پرۆژەی هەردوو لایەنی ململانێیەكە لە چوارچێوەی پرۆژەی ئیسلامی سیاسی شیعە دەرناچێت.

ــ ڕەوتی سەدر بوونی هەوادارانی بەم جۆرەی ئێستا لە ناو پەرلەماندا بەتایبەتی لە مانگی موحەرەمدا كە بۆنەیەكی ئاینی مەزهەبی شیعەیە، خستە چوارچێوەی بەناو شۆڕشی موحەرەم، و بەم جۆرەش بەتەواوی بەرگی ئاینی كردە بەر جموجۆڵە سیاسییەكان و، كۆتایی بە باسكردنی "شۆڕش" یان مانگرتنەكانی تشرین هێنا كە شوناسێكی مەدەنی هەبوو.

دەمێنێتەوە ئەوەی كە پێویستە لایەنە كوردستانییەكان لە نێوان خۆیاندا پێش ناوبژیوانی نێوان دوو پەلی ئیسلامی سیاسی شیعە بیكەن، لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنی پێشهاتە و ڕووداوەكانە و، تێكڕای ئەم بابەتانەی كە باس دەكرێن لەوانە هەمواركردنی دەستوور و سیستمی سیاسی و سەرلەنوێ گۆڕانكاریكردن لە یاسای هەڵبژاردن و.. هتد، ئاماژەیە بەوەی كە تەنیا كاریگەر و یەكلاكەرەوەی گرفت و بابەتە سیاسییەكان لە چوارچێوەی تایفەی زۆرینە و هێزە سیاسییەكانێتی و، بە شێوەیەكی كردەییش دەردەكەوێ كە تەنیا خۆیان خاوەنی دەوڵەتی عێڕاق بن و، ڕۆڵی كورد و سوننە لاوەكی بێت و، ئەمەش بەرجەستەبوونی خودی قەیرانی دەوڵەتە لە عێڕاقدا.