ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاودێر

كەمتر لە دوو مانگ بۆ ئەو وادەیە ماوە كە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریكراوە و تائێستاش هیچ لێكتێگەیشتنێك لەنێوان لایەنە سیاسییەكان نەهاتووەتە ئاراوە، سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان رای دەگەێنێت لایەنە پێكهێنەەركانی حكومەت لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نین و بە ئەگەرێكی زۆر ئەم خولەی پەرلەمان بۆ ماوەی یەكساڵ تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە.

ڕۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەبارەی دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەركردو ڕایگەیاند، 1ی 10ی 2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدەدرێت.

ئەم بڕیارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدابوو كە ماوەی یاسایی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی بەسەر چوو بوو، هاوكات ناكۆكییەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە چارەسەرنەكراوی مابوونەوە.

ئەگەرچی لە دوای ئەم بڕیارەوە زنجیرەیەك كۆبوونەوەی پەرلەمانی بەتایبەتی لەنێوان سەرۆكی فراكسیۆنەكان و سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەنجامدران، بەڵام ناكۆكییەكان بەتایبەتی لەسەر چۆنییەتی هەڵبژاردن و كۆمسیۆن و كورسی كۆتاكان لەوە زیاتر بوون كە كێشەكان لەو ماوەیەدا چارەسەر بكرێن و هەڵبژاردن لەو وادەیەدا بەڕێوە بچێت كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردبوو.

لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019ەوە ماوەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیاران لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی كۆتاییهاتووە و لەبەر هەمان هۆكاریش ئەم كۆمسیۆنە نەیتوانی لەڕووی یاساییەوە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكات.

جگە لە كێشەی كۆمسیۆن، ناكۆكی دیكە لەنێوان لایەنە سیاسیەكان هەیە، بۆ نموونە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بەشێك لە هێزە سیاسیەكانی دیكەی وەكو گۆران و كۆمەڵ لەگەڵ ئەوەدان كە یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە و گۆڕانكاری لەسیستەمی هەڵبژاردن لە یەك بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی بكرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان وچەند هێزێكی دیكەش لەگەڵ هێشتنەوەی یەك بازنەییدان.

دكتۆر محێدین حەسەن سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەو وادەیەكی كەسەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە ئەنجام نادرێت و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەتایبەتی ئەوانەی پێكهێنەری حكومەتن، دید و بۆچوونی جیاوازیان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن هەیە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە بەشێك لە فراكسیۆنەكان لەگەڵ ئەوەدان كە هەڵبژاردن بەیشوەی چەند بازنەیی بێت بۆ كوردستان و بەشێكی دیكەش لەگەڵ یەك بازنەیدان و بۆچوونیاوانیە كە لەم رێگەیەوە دەتوانرێت یەكپارچەیی هەرێمی كوردستان بپارێزێت و نوێنەرەكانیش دەتوانن نوێنەرایەتی هەموو ناوەكان بكەن لە پەرلەمانی كوردستان. بەگوتەی سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكات كە خاڵێكی دیكەی ناكۆكی نێونا لایەنە سیاسییەكان پرسی دیاریكردنی كورسی پێكهاتەكانە، بەشێك لە فراكسیۆنەكان داوای دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكادان دەكەن. "دوای چەندین كۆوبونەوە فراكسیۆنەكان نەگەیشتنە هیچ دەرئەنجامێك، رەنگە ئەم پرسە زیاتر پەیوەندی بەدەرەوەی پەرلەمانەوە هەبێت و هێزە سیاسییەكان و سەركردایەتی حزبەكان نەیاتوانیوە ئەم بابەتە یەكلایی بكەنەوە". جگە لە فرەبازنەیی و پرسی كۆتای پێكهاتەكان، بەگوتەی دكتۆر محێدین حەسەن بەشێكی دیكەی ناككۆكییەكان پەیوەندی بە كۆمسیۆنەوە هەیە، ئایا ئەم كۆمسیۆنە وەك خۆی بمێنێـەوە كە چەند ئەندامێكیان نەماون و شوێنەكانیان پڕبكرێتەوە، یاخود كۆمسیۆن لەسەر بنەمای كۆمسیۆنێكی سەربەخۆی بێ لایەن هەڵبژێردرێتەوە. دكتۆر محێدین حەسەن ل باس لەوە دەكات كە ئەوان وەكو فراكسیۆنی ئازادی بۆچونیانوایە كە پێویتسە تا قۆناغێكی دیكە كوردستان یەك بازنە بێت، چونكە هەم لە خزمەتی ئەو هێزانەیە كە دەنگەكانیان پەرت و بڵاوە، لە هەمان كاتیشدا یەك پارچەیی خاكی كوردستان دەپارێزێت و نوێنەران دەتوانن نوێنەرایەتی سەرجەم ناوچەكان بكەن. "ئێمە پێشنیارمان كردووە كە كۆمسیۆن لە دادوەرانی بەرێز پێكبێت كە هەرچەندە دادوەرە بەرێزەكانیش بەسەر لایەنەكاندا دابەش بوون، بەڵام بەلانی كەم رێز لەپیشەكەیان دەگرن، رەنگە پێگەیان و ناوبانگیان كاریگەری لەسەر بێ لایەنی لە كاروبارەكانیان هەبێت".

سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی جەخت دەكاتەوە كە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ناكرێت و بەشێك لە هێزەكان داوای داواخستنیان كردووە بەتایبەتی پێكهێنەرانی حكومەت، بۆیە بە ئەگەرێكی زۆر رێكەوتنێك لەنێوان لایەنەكاندا لەسەر درێژكردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان دەكرێت كە رەنگە لانی كەم بۆ ماوەی یەك ساڵ بێت.

هەر لەسەر بەرێوەنەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا، ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان نامەیەكی ئاڕاستەی نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق كردووە و وێنەیەكیشی بۆ هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم ڕەوانە كردووە كە تێیدا لە مەترسییەكانی ئەنجامنەدانی هەڵـبژاردن ئاگادار كراونەتەوە.

جگە كێشەی كارا نەكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن، كە وەك خۆی ماوەتەوە، تەمەنی شەرعیەتی یاسایی هەر سێ دامەزراوەی (پەرلەمان ، حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم) كەمتر لە سێ مانگی ماوە. ئینستتیوتی پەی داوای كردووە كە هەموو لایەك ڕێگە نەدەن بە درێژكردنەوەی ماوەی كاری دامەزراوەكان.

پێشتر جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆ بووەتەوە و پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن تاوتوێ كراوە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێك لەم رووە نەبووە و ئەمەش بەڵگەی بەهێزن كە هەڵبژاردن ناكرێت.

ئینستتیوتی پەی جەخت لەوە دەكاتەوە كە هێزە سیاسییەكان لە رابردوودا كاتێكی زۆریان لەبەردەم بوو بۆ چارەسەری كێشەكانی بەردەم هەڵبژاردن و ئەنجامدانی لە كاتی خۆیدا، بەڵام خەمساردانە هەنگاویان ناوە وئەمەش بووە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن، "رێگەدان بە درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی هەرسێ دامەزراوەكە بە بێ چارەسەری كێشەی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن، خولانەوەیە لە بازنەی بۆشدا و ئەگەر ساڵێك زیاتر یان كەمتر تەمەنی كاركردنیان درێژیش بكرێتەوە، ئەوا ساڵی داهاتوو جارێكی تر هەمان كێشە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن دووبارە دەبنەوە بە لەمپەر بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و بیانوێك دەبن بۆ هێزە سیاسییەكان كە دووبارە هەڵبژاردن دوادەخەن و تەمەنی پەرلەمان درێژ دەكەنەوە".

یەكەمین ئەزموونی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان لە 19/5/1991 بە بەشداریی نزیكەی یەك ملیۆن دەنگدەر ئەنجام درا، ئەگەرچی پێویست بوو دوای چوار ساڵ و لە ساڵی 1995 خولی دووەمی هەڵبژاردن بەڕیوە بچێت، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە دواكەوت بۆ ساڵی 30 كانوونی دووەمی 2005، خولی سێیەمی هەڵبژاردن دوای چوار ساڵ و لە ڕۆژی 25/7/2009 هەڵبژاردن بەڕێوە چوو، بەهەمان شێوە هەڵبژاردنی خولی چوارەمیش لە ڕۆژی 21/9/2013 لەوادەی خۆیدا بەڕێوە چوو، هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانیش بە هەمان شێوە دوا كەوت و دوای پێنج ساڵ و لە رۆژی 30/9/2018 ئەنجامدرا، ئەگەرچی پێویست بوو كە ئەمساڵ لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمە ئەنجام بدرێت، بەڵام هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشتر جارێكی دیكە ئەم هەڵبژاردنەش دوادەكەوێت.