ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەروتار

هەر میكانیزمێك بۆ چارەسەركردنی قەیران، یان وەدیهێنانی ئامانجێكی دیاریكراو پەسند بكرێت، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دەستنیشانكردنی مۆرك و شوناسی قۆناغی مێژوویی و، ڕەوشی سیاسی لە هەلومەرجێكی دیاریكراودا هەیە. لەم ڕوانگەیەوە ڕێكکەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یەكێتی، كە هۆكاری ناوخۆیی ڕۆڵێكی بەرچاوی بینی بۆ زەمینەخۆشكردنی كۆتاییهاتن بە شەڕی ناوخۆ و، دواتریش ڕێكکەوتننامەی واشنتن، هەنگاوێكی یەكگرتنەوەی پەرلەمان و حكوومەتی كوردستان بوو و، لە هەمان كاتدا زەمینەیەكی گونجاوی بۆ یەكڕیزی هەڵوێستەكانی كوردستان دوای ڕوخاندنی دیكتاتۆری لە بەغدا لە 2003دا، خولقاند.

یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی رێكکەوتنی ستراتیجی بریتی بوو لە قایلبوونی هەردوو حزب بە دابەشكردنی دەسەڵاتی سیاسی و حوكمڕانی، كە لەوانەیە بۆ قۆناغی دوای شەڕی ناوخۆ و دانانی پێوەری بەشبەشێنەی دوو حزبی بە هەر شێوەك بێت بە سەرجەم ڕەخنەكانەوە بۆ ئەو كاتە گونجاو بێت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ ئەم جۆرە میكانیزمانە، كە بە پلەی یەكەم پشت بە بەشبەشێنەی حزبی لەسەر بنەمای هەژموونێكی سیاسی و سەربازی دەبەستێت، كە بریتییە لە دابەشكردنی ئیدارەی هەرێم بە دوو زۆن و دوو هێزی سەربازی و ئاسایش و تەنانەت دوو هێزی ئابووری حزبی لە بازاڕدا، ڕووی لە تونێلێكی داخراودا كردووە و، كۆتایی هاتووە و، سەرجەم قەیرانە ناوخۆییەكانی كوردستان لە ڕێگای ئەو جۆرە میكانیزمانە چارەسەر ناكرێت.

گەڕانەوە بۆ رێكکەوتنی ستراتیجی جاران، یان داڕشتنی ڕێکكەوتنێكی ستراتیجی نوێ نێوان دوو حزبی سیاسی، هەڵبەتە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بڕیار و ئیرادەی ئەو دوو حزبەوە هەیە، و ڕەوایی ئەم جۆرە ڕێکكەوتننامانە پشت بە بەردەوامی دوو زۆنی بە هەموو وردەكارییەكانییەوە دەبەستێت، بەڵام دەبێ بگوترێت كە ناكرێت ئەو جۆرە ڕێكکەوتنانە جێگرەوەی بنیاتنانی دامەزراوەكان و كاراكردنی دەسەڵاتە فەرمییەكان و فەرامۆشكردنی بنەماكان و پەیڕەوەكانی حوكمرانی باش بێت.

چارەسەركردنی قەیرانی حوكمرانی لە كوردستاندا لە ڕێگای بەهێزكردنی دەسەڵاتی ڕەهای حزبی فەرمانڕەوا لە هەر زۆنێكدا چارەسەر ناكرێت و، بە رێكکەوتنی هەردوو حزبیش بە بەشبەشێنەی دەسەڵاتەكانیش جا ئەگەر بە ستراتیجی یان ناستراتیجی ناوبنرێت، چارە ناكرێت.

ئەزموونی خۆمان و گەلانی دیكەش پێمان دەڵێت، كە تەنیا ڕێگای كراوەی بەردەممان بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكان، بنیاتنانی دەوڵەتی قانون و دامەزراوەكان و پەیڕەوكردنی حوكمڕانی باش و بەهێزكردنی شوناسی هاووڵاتی كوردستانی و دابینكردنی عەدالەتی كۆمەڵایەتییە و، ئەم رێگایە پێویستی بە بوونی دەستوورێكی دیموكراسی مەدەنی عەلمانی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بێگەردی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەیە.