ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی هەشت تۆمەتبار رادەگەیێنێت و دەڵێت، "ئەو تۆمەتبارانە بەکاربەری ماددە هۆشبەرەکانن و تەمەنیان لەنێوان 22 بۆ 24 ساڵە."

 ئەمرۆ دووشەممە 28-11-2022 شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی راپەڕین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بنکەی پۆلیسی حاجیاوا بە هاوکاریی بنکەی پۆلیسی ماکۆک لە قەزاکە، هەشت کەسیان بە تاوانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ و هێرۆین دەستگیر کردووە."

 وتەبێژەكەی پۆلیسی راپەڕین گوتی، "گیراوەکان لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و بەپێی ماددەی 30 لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان راگیراون."

 شۆڕش ئیسماعیل ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دوای لێکۆڵینەوەی ورد لەو هەشت کەسە، چەند تۆمەتبارێکی دیکەش لە سنووری ئیدارەی راپەڕین فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو. بەشێکیان بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە و بەشێکیشیان ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە. ئێستا لە هەوڵی دەستگیرکردنیانداین."

لەبارەی ناسنامەی گیراوەکانیشەوە ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، "سەرجەمیان لە رەگەزی نێرن و تەمەنیان لەنێوان 22 بۆ 24 ساڵە و ئێستا لە گرتن و گواستنەوەی راپەڕین ماوەی راگرتنەکەیان بەسەردەبەن." گوتیشی، "ئامانجمان لەم هەوڵانە نەهێشتنی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرە لە سنوورەکەمان و دەمانەوێت بە تەواوەتی بنبڕی بکەین."

 وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەریشی لەلایەن ئاسایشی راپەڕینەوە راگەیاند و گوتی، "دوو تۆمەتباری دیکە بە تاوانی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر بەو هەشت دەستگیرکراوە لەلایەن ئاسایشی راپەڕینەوە دەستگیرکراون."