ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان

دوای سەردانكەی هەفتەی رابردووی برێت مەكگۆرك بۆ هەولێر و بەغدا، هەوڵەكان بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق دەستیانپێكردووەتەوە، بەڵام لەسەر ئاستی كێشە ناوخۆییەكان تائێستا هیچ بەرەوپێشچوونێك نییە.

كۆبوونەوەی شاندە باڵاكەی ئەمریكا، لەگەڵ هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌ دیموكراتی كوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت‌ و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانبووە.

ئامۆس هۆكشتین ڕێكخەری تایبەتی سەرۆكایەتیی بۆ ژێرخانی جیهانی‌و ئاسایشی وزە كە یەكێكبووە لەئەندامانی شاندە باڵاكەی ئەمریكا لەهەرێم، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەنجامداوە كە لەكاتی سەردانی شاندەكە لە داڤۆس بووە.

بەگوێرەی زانیارییەكان تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەی نێوان ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكوری ئەفریقیالەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان پرسی وزە بووە، هۆشداریش دراوەتە هەرێمی كوردستان بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا.

لەدوای ئەم كۆبوونەوەیە، هەریەكە لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختیان لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەرێگەی جێبەجێكردنی مادە دەستورییەكان كردەوە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتیوانی خۆی بۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوپاتكردەوە و داوای جێبەجێكردنی دەستوور و بەندەكانی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی عێراقی لێكرد.

لە سەروبەندی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان باسیان لەوە كرد كە پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتنە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە مەلەفی وزەشەوە.

لێدوانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ جێبەجێكردنی دەستوور كە وەك گرێبەستێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە نێوان پێكهاتەكاندا ناوی برد، لەگەڵ جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنەكەی نێوانیان كە بووەتە بنەمای پێكهێنانی حكومەت، سەلماندنی ئەو راستییەیە كە رێچكەوتنێكی گشتیر پێش پێكهێنانی حكومەت نەكراوە، "هیوادارن سەرۆك وەزیرانی عێراق هەموو ئەو خاڵانە جێبەجێ بكات كە لە پێكهێنانی كابینەكەی بەڵێنی جێبەجێكردنی دابوون".

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبوونەوەكەی نێوان محەمەد شیاع سودانی و نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری كە سەرەتای ئەم هەفتەیە بەڕێوە چوو، سەرەڕای هەماهەنگی نێوان هەردوولا جەخت لەسەر كاری هاوبەش لە كەرتەكانی تایبەت بە نەوت و غازو یاسای بودجەی گشتی فیدرالی و هەوڵەكان بۆ دابینكردنی سەقامگیری سنورەكان كراوە.

ەللایەكی دیكەوە لەدواین راگەیەندراوی خۆیدا حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور دووپاتكردەوەتەوە. هاوكات باس لەوەشكراوە كە تا یاسای نەوت و گازی فیدراڵ دەردەچێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوئاهەنگیی لەگەڵ بەغدا دەكات بۆ بەردەوامبوون لە بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی كەرتی وزەی خۆی.

دەستپێكردنەوەی هەوڵەكان بە ئاڕستەی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەكاتێكدایە كە وڵاتی عێراق بە دۆخێكی ناهەمواردا تێدەپەرێت و تادێت بەهای دراوەكەی لەدەست دەدات، هاوكات پرسی تێەپڕاندنی بوددجە هێشتا بەچارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، لەكاتێكدا بەگوێرەی یاسای كارگێڕیی دارایی عێراق پێویستە حكومەت ساڵانەتا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەم پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ئامادە بكات و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بكات، بەڵام زیاتر لە سێ مانگ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕبوەو تا ئێستا پرۆژەیاساكە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران نەكراوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا، لەسەر ئاستی ناوخۆش لە دۆخێكی خراپیدایە، پەیوەندییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ماوەی چەندین مانگە بەردەوامیان هەیە و تیمی یەكێتی كە قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكات بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەكردووە.

ڕۆژی 18ی ئەم مانگە سەرۆكایەتی هەرێم لەڕاگەیەنراوێكدا سەرەڕای ئەوەی هۆشداری لە خراپی دۆخی هەرێمی كوردستاندا، هاوكات داوای یەكگرتویی لەنێوان سەرجەم لایەنەكان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كرد.

بەگوێرەی زانیارییەكان لەدوای سەردانی شاندەكەی ئەمریكا بۆ هەولێر و بەغدا هەوڵێك بە ئاڕاستەی دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی نێوان یەكێتی و پارتی هەیە، بەلام بەگوێرەی دواین راگەیەندراوەكانی نێوان ئەم دوو حزبە بێت، هێشتا هیچ ئامادەكارییەكی پێویست بۆ ئەو پرسە نەكراوە.