ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆك كۆماری توركیا هێزەكانی حەشدی شەعبی بە رێكخراوێكی تیرۆریستی ناودەبات و ئێرانیش تۆمەتبار دەكات بە هەوڵدان بۆ دروستكردنی‌ هێزێكی‌ فارسی‌ لە ناوچەكەداو دەشڵێ بەرپرسانی‌ كورد بەڵێنی‌ داگرتنی‌ ئاڵای‌ كوردستانیان لە كەركوك پێداوە. لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی‌ جەزیرە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری‌ توركیا ڕایگەیاند، ئێران سیاسەتی‌ پاوانخوازی لە ناوچەكەدا پیادە دەكات ئەوەش نیگەرانی كردووین. راشیگەیاندووە، ئێران سیاسەتی‌ تایبەتی‌ لە بارەی‌ سوریاو عیراق و لوبنان و یەمەن هەیەو دەیەوێ بخزێتە ئەو ناوچانەو هێزێكی‌ فارسیی‌ لە ناوچەكە دروست بكات. لەبارەی‌ هێزەكانی حەشدی شەعبیش لە عێراق ئاماژەی‌ بەوەدا پەرلەمانی‌ عیراق پشتیوانی لە حەشدی‌ شەعبی‌ دەكات، بەڵام لە ڕاستیدا ڕێكخراوێكی‌ تیرۆریستیەو پێویستە لەوە بڕوانرێت كێ‌ لە پشتییەوەیەتی‌.

ئاماژەی‌ بەوەشداوە حەشدی‌ شەعبی‌ لە چیای‌ شنگال و شارۆچكەی‌ تەللەعفەرن لەو شارۆچكەیەش چوارسەد هەزار توركمان دەژین و رووبەڕووی‌ جیاكاری‌ بوونەتەوە. لە بارەی‌ هەڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستانیش لە كەركوك، ئەردۆگان ڕایگەیاند، ئەو بابەتەیان لەگەڵ بەرپرسانی‌ كورد تاوتوێكردووەو ئەوانیش بەڵێنیانداوە ئاڵای‌ كوردستان لە كەركوك دابگرن.