ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سوپای میسر ئاشكرایكردووە كە لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانیدا لەباكوری نیمچە دورگەی سینا، نۆزدە تیرۆریست كوژراون كە سێ لەكوژراوەكان رابەری لقی سینای تیرۆریستان بوون.

لەبەیاننامەیەكدا سوپای میسر دەڵێت، هێزی ئاسمانیمان ژمارەیەك مۆڵگەی تایبەت بەتیرۆریستانی لەباكوری سینا كردە ئامانج و لەئاكامدا نۆزدە تیرۆریست كوژراون كە ژمارەیەكیان مەترسیدار بوون و چوار ئۆتۆمبێلی تیرۆریستانیش تێـكشكێنراون. بەیاننامەیەكەی سوپای میسر ئاشكراشیكردووە، ئەمیری تیرۆریستانی ئەنسار بەیتولمەقەدس لەسیناو سەرۆكی لیژنەی شەرعی و بەرپـرسی لێكۆڵینەوەی گروپەكە لەنێو كوژراوەكاندان.

سوپای میسر لەبەیاننامەكەیدا هیچ ئاماژەیەك بۆ تیرۆریستانی داعش ناكات و گروپەكە هەر بەناوی جارانی ناودەبات، ئەگەرچی لەساڵی دوو هەزار و چواردەدا ئەو گروپە بەیعەتی بەتیرۆریستانی داعشداوە و ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ ویلایەتی سینای داعش. بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكیش كە سوپای میسر بڵاویكردووەتەوە سوپا بەچڕی مۆڵگەكانی تیرۆریستان بۆردومان دەكات و ئۆتۆمبێل و پێداویستییە سەربازییەكانی تیرۆریستان بەئامانج دەگرێت و تێكیاندەشكێنێت.