ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئۆپەراسیۆنی‌ رزگاركردنی‌ ناوچەكانی‌ جزیرە ‌و رۆژهەڵاتی‌ روباری‌ فورات ‌و دەوروبەری‌ دێرزور بە پشتیوانی هێزەكانی ئەمریكا، لەلایەن شەڕڤانانی سوریای دیموكرات و ئەنجومەنی سەربازیی دێرزور بەردەوامی هەیە.

بە پێی زانیارییەكان، لە ماوەی دوو رۆژی رابردودا، داعش لە بەشی هەرە زۆری گوندەكانی ئەو ناوچەیە بەرەو باشووری خۆرهەڵاتی پارێزگاكە كشاوەتەوە و ئەمەش وایكردووە كە شەڕڤانان بەبێ شەڕ چل و پێنج كیلۆمەتر لە باشووری پارێزگای دێرزور لە تیرۆرستان كۆنترۆڵبكەنەوە.

بەردەوامی ئۆپەراسینی زریانی‌ جزیرە لەكاتێكدایە كە هێزەكانی سەر بە حكومەتی سوریا لە پێشڕەوییەكانیان بەرەو سەنتەری شارەكە بەردەوامن و لە ئێستادا بە دووری شەش كیلۆمەتر لە ناوجەرگەی شارەكە نزیكبونەتەوە.

ئۆپەراسینی زریانی‌ جزیرە بۆ رزگاركردنی‌ ناوچەكانی‌ جزیرە ‌و رۆژهەڵاتی‌ روباری‌ فورات ‌و دەوروبەری‌ دێرزور لەلایەن شەڕڤانانەوە دوای هەوڵەكانی حكومەتی سوریا دێت بۆ كرنترۆڵكردنەوەی شارەكە.

هەرچەندە هەریەكە لە حكومەتی سوریا و شەڕڤانان لەیەككاتدا و لەیەكناوچەدا لە چەكدارانی داعش دەدەن، بەڵام هیچ لایەكیان دژایەتی ئەوی دیكەی نەكردووە، چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە هەرلایەنە و لەهەوڵی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەیەكدایە.

بەپێی زانیارییەكان ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای سوریا كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە و ئامانجی شەڕڤانانیش لە ئۆپەراسیۆنەكەی‌ دێرزور دورخستنەوەی‌ داعشە لە ناوچەكانی‌ باشوری‌ دەوروبەری‌ حەسەكە ‌و ناوچەكانی‌ دەوروبەری‌ خۆرهەڵات ‌و باكوری‌ دێرزور.