ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەهۆی بەردەوامی لە تاقیكردنەوە مووشەكی و ئەتۆمییەكاندا و ئەو هەڕەشانەی كە بەو هۆیەوە دەیانكاتە سەر جیهان، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سزای نوێ بەسەر كۆریای باكوردا دەسەپێنێ.

بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ سزادانی كۆریای باكوور خۆی لەقەدەغەكردنی هاوردەی گازی شل و چڕ، قەدەغەكردنی كڕینی قوماش و پێدانی مۆڵەتی كاركردن بە كرێكارانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.

هەرچەندە پێشتر باس لە هەناردەكردنی نەوت و دەستگرتن بەسەر موڵك و ماڵی كیم جۆن ئون، سەرۆكی ئەو وڵاتەو حكومەتەكەی دەكرا، بەڵام ئەمانە نەچوونە بواری جێبەجێكردنەوە.

هەریەكە لە وڵاتانی روسیاو چین داوای چارەسەركردنی سیاسییانەی قەیرانی نیمچە دورگەی كۆریا دەكەن كە خۆی لە راگرتنی تاقیكردنەوە مووشەكی و ئەتۆمییەكانی كۆریای باكوور و كۆتاییهێنان بە مانۆڕی هاوبەشی سەربازی ئەمریكاو كۆریای باشوور دەبینێتەوە.

لەماوەی رابردوودا كۆریای باكوور تاقیكردنەوەیەكی هایدرۆجینی ئەنجامدا، كە توانای بەستنی لەمووشەكی بالیستی كیشوەربڕ هەیەو ئەمەش راستەوخۆ نیگەرانی چەند وڵاتێكی لێكەوتەوە، بەتایبەت ئەمریكا و كۆریای باشوور و یابان.

سەرەڕای بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش، چاودێرانی سیاسی جەخت لەوە دەكەنەوە كە گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكا و كۆریای باكوور بەردەوامیان دەبێت و جەختیش دەكەنەوە كە هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە سەرەتای جەنگی جیهانی سێیەم دەبێت و هەر هەنگاوێكی لەو چەشنەش بەدوور دەزانن.