ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاسۆ گه‌رمیانی ( چالاكوانی مه‌ده‌نی) له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بانگه‌وازێكی به‌زمانی عه‌ره‌بی ئاڕاسته‌ی ڕه‌ووتی دیموكراتی عێراق له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی عێراق كردووه‌، كه‌ تیایدا باس له‌ پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ ٢٥ ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجام بدرێت و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ مافێكی سروشتی گه‌لی كوردستانه‌ كه‌ چاره‌نووسی خۆی دیاریبكات له‌ ڕێگه‌ی گشتپرسییه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ ئه‌م گه‌له‌ بۆی تێده‌كۆشێت.

دوابه‌دوای گشتپرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجام ده‌درێت له‌ یه‌كی مانگی یانزده‌ی ئه‌م ساڵدا بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم كه‌ یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ كاره‌ سه‌ره‌كی یه‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نوێیه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامه‌كانی گشتپرسی دا بكات، ئه‌گه‌ر هاتوو ئیراده‌ی ئێستای گه‌ل به‌زۆرینه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆ بوون بێت ئه‌وا ئه‌و كات ده‌بێت ده‌ستبكات به‌ داڕشتنی ده‌ستورێك و هه‌مان كات ده‌ستپێكردنی گفتووگۆ له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غداد.

وه‌ك تێبینی ده‌كرێت ئه‌مڕۆ له‌ عێراقدا ڕایه‌كی گشتی هه‌یه‌ كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی خواسته‌كانی كوردستانه‌ كه‌ به‌ته‌واوه‌تی دژایه‌تی ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ ده‌كات نه‌ك له‌ ڕوانگه‌ی دژایه‌تیكردنی گه‌لی كوردستان به‌ڵكو له‌ مه‌ترسی لێكه‌وته‌كانی عێراقێك به‌ بێ كوردستان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر دانیشتوانی له‌ سایه‌ی حكومه‌تێكی لاواز وهاوكێشه‌ سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌ تا ئێستا یه‌كلانه‌كراوونه‌ته‌وه‌و، ئه‌مانه‌ و وێڕای كێشمه‌كێشه‌ هه‌رێمییه‌كان.

هه‌روه‌ها به‌ڕێز ئاسۆ گه‌رمیانی په‌نجه‌ی خستۆته‌ سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا كه‌ حزبه‌ كوردستانییه‌كان هه‌موو هه‌ وڵیان بۆ دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان خستۆته‌گه‌ڕ كه‌ له‌كاتێكدا به‌غداد داوای ووتوووێژ ده‌كات به‌ڵام به‌بێ گوێدان به‌ ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ی سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی ڕیفراندۆمه‌كه‌، هه‌ر بۆیه‌ لێره‌دا ده بێت ڕه‌ووتی دیموكراتی عێراقی ڕۆڵی خۆی ببینێت و كاریكگه‌ری خۆی هه‌بێت له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بۆئه‌وه‌ی ڕێگه‌ به‌ هیچ هێزێكی ده‌ره‌كی و ناوه‌خۆیی نه‌درێت ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ئاڕاسته‌یه‌كی خراپدا ببه‌ن و ببێته‌ گرژی و تێكدانی په‌یوه‌ندی هه‌ردووگه‌لانی كوردستانی وعێراقی .

له‌ كۆتایی دا سێ خاڵی سه‌ره‌كی خستۆته‌ ڕوو بۆ ڕه‌وتی دیموكراتی عێراق كه‌ ئه‌مانه‌ن:

- ڕێزگرتن له‌ ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان، و ئه‌مه‌ ش بكرێته‌ بنچینه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان

- پاڵپشتی به‌رده‌وام بوون له‌ گفتوو گۆو ووتوو وێژ له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵی ، هه‌ڵوێستی جیدی وه‌ربگیرێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر لێدوانێك كه‌ بچێته‌ خانه‌ی ڕق وكینه‌ و توندوتیژییه‌وه‌.

- دانانی به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراوو په‌یوه‌ست به‌ كات له‌ لایه‌ن هه‌ردوو حكومه‌ته‌كه‌وه‌ ( نموونه‌ وه‌ك بریكست) ، كه‌ له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵ تێپه‌ڕ نه‌كات، بۆ ڕێگه‌خۆشكردن بۆ كوردستان تاوه‌كو له‌ عێراق بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌ ده‌بێت له‌م ماوه‌ دیاریكراوه‌دا چاره‌سه‌ر بدۆزرێته‌وه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی دێنه‌ ئاراوه‌ به‌هۆی ( سه‌ربه‌خۆبوون\ جیابوونه‌وه‌) ، كه‌ ئه‌مه‌ش كاتێكی ته‌واوه‌ بۆ حكومه‌تی به‌غداد هه‌تا بتوانێت كۆنتڕۆڵی هه‌موو ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ بكات كه‌ ببێته‌ هۆی لاسه‌نگی هێز له‌ دوو خولی هه‌ڵبژاردنی گشتیدا.