ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لیژنه‌ی ئه‌منی پارێزگای كه‌ركوك پێكهێنانی هێزێكی سه‌ربازی توركمانی پشت به‌ستوو به‌ توركیا ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌

لیژنه‌ی ئه‌منی پارێزگای كه‌ركوك ڕایگه‌یاند پێكهێنانی هێزێكی سه‌ربازی توركمانی پشت به‌ستوو به‌ توركیا ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت هاوڵاتییانی شاری كه‌ركوك به‌ سه‌رجه‌م پیكهاته‌كانیانه‌وه‌ پارێزراون له‌ لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و پۆلیسه‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌ لایه‌ن نوسینگه‌ی ڕۆژنامه‌وانی و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی پارێزگای كه‌ركوكه‌وه دكتۆر (نه‌جمه‌دین كه‌ریم) ‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هاتوه‌ كه‌ لیژنه‌ی ئه‌منی و ئیداره‌ی كه‌ركوك و هاولاتییانی شاره‌كه‌ پێكهێنانی وه‌ها هێزێك كه‌ له‌ لایه‌ن وڵاتێكی دراوسێوه یان هه‌ر وڵاتێكی تری بیانییه‌وه‌‌ پشتگیری بكرێت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پاراستنی سه‌روماڵی سه‌رجه‌م هاوڵاتییان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و ئاسایشه‌وه‌ ده‌پارێزرێت كه شه‌و و ڕۆژ له‌ خه‌می ئه‌و ئه‌ركه‌دان و‌ قوربانی زۆریان داوه‌ له‌و پێناوه‌دا .

نوسینگه‌ی ڕۆژنامه‌وانی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌شڵێت پێكهێنانی هێزی له‌و شێوه‌یه‌ كارێكه‌ دژ به‌ بنه‌ماكانی ده‌ستوری عێڕاقه‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئه‌منی عێڕاق به‌ گشتی و شاری كه‌ركوك به‌ تایبه‌تی و هه‌لێكه‌ كه‌ هه‌ندێك بۆی ده‌گه‌ڕێن بۆ نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی و پشێوی نانه‌وه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا كه‌ برایه‌تی له‌ نێوانیاندا به‌رقه‌راره‌.

به‌یاننامه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ ڕوو كه‌ هه‌ر هاوڵاتییه‌ك له‌ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك بێت و بیه‌وێت وه‌ك تاك خۆبه‌خشانه‌ له‌ ڕێگای یاسایی له‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و دام و ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا خزمه‌ت بكات ده‌رگا بۆی واڵایه‌ بۆ خزمه‌ت كردن له‌ ڕیزه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا بۆ سه‌قامگیر كردنی ئه‌من و ئاسایش و ڕوبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی كێشه‌كان به‌ تایبه‌تی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش.