ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

سەرۆكی لیژنەی ئەمنی پارێزگای كەركوك ئاشكرای دەكات ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی قەزای حەویجە دەستپێدەكات و لە رۆژی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆمیشدا سەرجەم هێزە ئەمنیەكانی شاری كەركوك لە پاراستنی ئەمنیەتی شارەكە بەشدار دەبن.

لە میانەی كۆبوونەوەی هەفتانەی لیژنەی باڵای ئەمنیدا نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنی رایگەیاند ئەگەر پلانی پرۆسەی ئازاد كردنەوەی حەویجە گۆڕانكاری بەسەردا نەهات و لەجیاتی حەویجە ناوچەكانی ئەنبار نەكرێنە ئامانجی داهاتووی هێزە عێراقیەكان، ئەوا بە ئازادكردنی چەند بەشێك لە ناوچەكانی ناحیەی زاب و ڕۆژهەڵاتی موسڵ و شەرگات و پاشان عباسی و چەند ناوچەیەكی تر، پرۆسەی كۆنترۆڵكردنەوەی قەزای حەویجە دەستپێدەكات.

سەرۆكی لیژنەی ئەمنی بە پێویستیشی زانی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی دانیشتووانی كەركوك بە تایبەتی لە ناوچەكانی داقوق و تازە و ناوچەكانی تر، پلانی تۆكمەیان هەبێت و جەختیشی لەسەر هەمیشە ئامادەباشیی هێزی پێشمەرگە كردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێك و ڕێگەنەدان بە هەر جموجوڵێكی تیرۆریستانی داعش لە سنو‌رەكەدا .

لە بارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم كە بڕیارە لە بیست و پێنجی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، نەجمەدین كەریم دووپاتیكردەوە كە پرۆسەی ریفراندۆم لە كەركوك بەڕێوە دەچێت وتیشی بۆ پاراستنی ئەمنیەتی شارەكە لەو رۆژەدا سەرجەم دام و دەزگا ئەمنییەكان بەشداری دەكەن و هاووڵاتیان لەهەر ئەگەر و مەترسیەك دەپارێزن.

سەبارەت بە بڕیارەكەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق كە جگە لە رەتكردنەوەی ریفراندۆم هاوكات حەیدەر عەبادیشی وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقی دەستكراوە كرد بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پرسەدا، نەجمەدین كەریم نیگەرانی خۆی دەربڕی و دوپاتیكردەوە كە ئەم جۆرە بیركردنەوەیە و زاڵكردنی ڕای زۆرینە بەسەر كەمینەدا بووە مایەی ئەوەی گەلی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی بڕیاری رێفراندۆم بدات، وتیشی پابەندنەبوون بە دەستوور و ماددەی سەدو چل و دادگای فیدڕاڵی و ئەنجومەنی فیدڕاڵی و نەبوونی شەراكەتی ڕاستەقینە، ئەم دۆخەی ئێستای هێنایەكایەوە، هەر بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و كەس ناچار ناكرێت بە زۆر دەنگ بدات، بەڵام هیوادارین زۆرترین كەس بەشداری ئەو پرۆسەیە بكەن.