ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم حەوت داواكاری ئاڕاستەی هاوڵاتیان دەكات و داوا دەكات بۆ هەڵمەتی بانگەشەی ریفراندۆم دووربكەونەوە لەبەكارهێنانی هێما و ئاڵا و رەمزی هەر لایەنێك جگەلە ئاڵای كوردستان.

ئەمڕۆ 13ی ئەیلول، سكرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا داوا دەكات بەمەبەستی زیاتر رێكخستنەوەی هەڵمەتی بانگەشەی ریفراندۆم و پابەندبوون بە بەها نیشتمانییەكان و رێكارە یاساییەكان، هاووڵاتیانی لە كاتی بانگەشەی ریفراندۆم رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكەن.

یەكەم: دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی هێما و ئاڵا و رەمزی هەر لایەنێك یان وڵاتێك جگە لە ئاڵای كوردستان.

دووەم: دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی ناو و وێنەی سیمبۆل و سەركردەكان وەكو پروپاگەندە یان بانگەشەی ریفراندۆم.

سێیەم: دووركەوتنەوە لە بێڕێزیكردن یان هێرش كردنەسەر سەركردە و ئاڵا و سیمبولی هەر لایەنێك یان وڵاتێك.

چوارەم: پاراستنی ئارامی شار و شارۆچكەكان و پاراستنی موڵكی گشتی.

پێنجەم: پاراستنی ئارامی هاووڵاتیان.

شەشەم: هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و پۆلیس و فەرمانگە حكومییەكان.

حەوت: جەخت دەكەینەوە لەسەر ئازادی رادەربڕین و رێگەدان بە ئەنجامدانی چالاكی و هەڵمەت و بانگەشەی ریفراندۆم بە ئازادی و بە شێوەیەكی شارستانی و ئاشتیانە، و بەپێی یاسا و رێنماییە كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان و رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و راپرسی.