ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی كوردستان بە پێویستی دەزانێت كۆبوونەوەیەكی فراوان لە نێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و جەختیش دەكاتەوە كە دەستوری عێراق كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر ناكات.

كاوە مەحمود سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەری خەندان وتی كاتی ئەوە هاتووە لایەنە سیاسیەكان بەتایبەت ئەوانەی لە پەرلەمان بوونیان هەیە، سەركردەكانیان كۆبوونەوەی فراوان ببەستن، مەرج نییە لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری یەكلایی كەرەوە بدرێت، بەڵام كاتی هاتووە كە كۆبوونەوەیەك بكرێت ئەگەر ئەو كۆبوونەوەیە راوێژكاریش بێت، ئەوەش زەمینە خۆش دەكات بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی لەو چەشنە بەردەوام بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر حكومەتی رزگاری نیشتمانی رابگەیەندرێت، لە بەرئەوەی رووبەرووی شكستێكی سیاسی و سەربازیی بوینەتەوە بەهۆی ئەو پڕۆسە سیاسیەی كە ئێستا لە كوردستاندا هەیە، پێم وایە ئەو چەمكە تۆزێك زەحمەتە، چونكە گەلی كورد دووچاری شكستێكی سیاسی نەبووەتەوە، شكستی سیاسی ئەو كاتە دەبوو كە لەكاتی ریفراندۆم خەڵكی دەنگیان بە سەربەخۆی كوردستانە نەدایە، كە خەڵكە دەنگی داوە كەواتە دووچاری شكست نەبوویتەتەوە.

كاوە مەحمود باسی لەوەشكردووە كە ئەگەر باسی شكستی سەربازی بكەین هەلومەرجێك هاتووەتە پێشەوە لە هەندێك جێگا هێزی پێشمەرگە نەیویستووە خوێن بڕژێت، بەڵام لە هەر جێگایەك هێزی پێشمەرگە بەرگری كردبێت دووچاری شكستی سەربازی نەبووەتەوە.

وتیشی، ئاستی پەیوەندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ناوەند پەیوەستە بە قەیرانی دەوڵەتی عێراقەوە، بەردەوام دەوڵەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی توندوتیژیەوە قەیرانەكان چارەسەر بكات، ئەوەش چارەسەری كێشەكانی عێراق ناكات.

سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ململانێی دەستوری نێوان هەرێم و بەغدا پەیوەندی بە حاڵەتێكەوە هەیە ئەویش ئەوەیە لە دووهەزارو پێنجەوە دەستور دانراوە، ئێمە ئێستا كە لە دووهەزارو حەڤدە داین ئایا دەستور وەك خۆی جێبەجێكراوە، ئەگەر ئەم دەستورە جێبەجێ بكرایە و زامنی مافی گەلی كوردی بكردایە، خەڵكەكە بیری دەكردەوە لە سەربەخۆی، كە بیر لە سەربەخۆی دەكەیتەوە ئەوە ئاواتی هەموو كەسێكە، تێكۆشانێكی رەوایە، بەڵام لە هەمانكاتدا دەوڵەتی عێراق نەیتوانیووە مافە دەستورییەكان جێبەجێ بكات، بەم دەستورەی ئێستاش كە سێزدەساڵە بوونی هەیە، بۆیە پێم وایە ئەم دەستورەی ئێستا كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر ناكات.