ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەمیانەی دیداردو چاوپێكەوتنەكانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حزب و لایەنەكانی سیاسی كوردستان و هەوڵدان بۆ رێكخستنەوەی كارت و رەوشی سیاسی ناوەخۆیی كوردستان بەرامبەر بەو رەوشە خراپەی كوردستان لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە دووچاری هاتووە، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەپێكهاتبوو لەبەرێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك و مەولود باوەموراد وزیری گواستنەوە گەیاندن و یاوەرانیان سەردانی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان كردو لەلایەن سكرتێرو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پێشوازی كران و لەدیدارێكی گرنگدا، مەكتەبی سیاسی پلان نامەیەكی بۆچوونەكانی حزبی شیوعی كوردستانیان بەشاندی حكومەتدا وكەتێیدا لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان و پرسی دانووستاندن لەگەڵ حكومەتی بەغدا و مافی گەلی كوردستان و پرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستانی لەخۆ گرتبوو، لەو پلاننامەیەدا، حزبی شیوعی بۆچوونەكانی وەها روون دەكاتەوە:

یەكەم/ لە سەر ئاستی ناوخۆیی كوردستانی:

1ـپاراستنی سەروەری و یەكبوونی خاكی كوردستان و رێگاگرتن لە دوو ئیدارەیی و پەلەكردن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كوردستان و كاركردن بۆ ئامادەكردنی پێداویستەكانی و چاوەرێ نەكردنی تەواوبوونی ماوە درێژكراوەكەی پەرلەمان. ئەمەش باشترین و گونجاوترین رێگایە لە پەلەكردن بۆ هێنانەكایەی حكومەتێك كە دەڕبڕی ئیرادەی گەلی كوردستان بێت. ئەمەش وا دەخوازی سەرجەم لاینەكانی نێوحكومەتی هەرێم لەم ماوەیدا بە هەماهەنگی یەكتر زەمینە بۆ ئەنجامدانی هەڵبرژاردنەكان برەخسێنن.

2ـ بەهێزكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەنەهێشتنی بەشبەشێنە تێدا و بەهێزكردنی گیانی بەرەنگاری لە نێو جەماوەری گەلەكەمان و یەكریزی گونجاو و واقیعیبینانە یارمەتی ئەم ئەركە دەدات. 

3ـ جەختكردنەوە لە سەر پاراستنی دیموكراسی و كاركردن بۆ دامەزراوەیی لە سەرجەم بوارەكاندا دوور لە دەستتێوەردانی حزبی، و پاراستنی قانونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وهەموارنەكردنی چونكە ئەو قانونە بنەماكانی دیموكراسی دەپاریزێت. چاوگێرانەوە بە پێكهاتەی كۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردن دوور لە بەشبەشێنە، و ئامادەكردن و پاككردنەوەی لیستی دەنگدەران.

4ـ كاركردن لە گەڵ سەرجەم حزب ولایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بۆ ئەنجامدانی شیوازێك لە كۆدەنگی بكەن، و زەمینەخۆشكردنی یەكریزییەكی واقیعی كە لە گەڵ رەوشی نوێی كوردستان بگونجێت و لە ئاستی ئاستەنگەكانی ئەمرۆی كوردستان بێت.

5ـ دانانی نەخشەی گونجاو بۆ زامن كردنی موچە و ژیانی گوزەرانی خەڵك و پێداویستییە هەنوكەییەكانی و وەرگرتنی تێكرای ئەگەرەكان بە هەند لە حاڵەتی قایل بوون یان قایل نەبوونی حكومەتی بەغدا بە ناردنی بودجەی هەرێم. ئەمەش پێویستی بە پێداچونەوە بە سیاسەتی ئابوری و شفافیەت لە كاری حكومەت لە سەرجەم بوارەكاندا هەیە و، وردەكاری زیاتر لە داهاتی حكومەت و لە لیستی موچەی سەرجەم بوارەكاا بكرێت و خەڵكی لێ ئاگاداربكرێتەوە.

دووەم / دانوستان لە گەڵ حكومەتی هەرێم:

1ـ دانوستان لە گەڵ حكومەتی عێراق لە بواری كێشەكانی ئێستایە نەك مەسەلە چارەنوسسازەكاندا كە پەیوەندی بە بابەتی ریفراندۆمی خەڵكی كوردستانەو هەیە كە بە هیچ شێوەیەك پەرلەمان و حكومەتی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم مافی هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمی نییە.

2ـ خۆ ئامادەكردنی حكومەتی هەرێم بۆ دانوستان لە گەڵ حكومەتی عێراق بە شێوەیەكی شەفاف، وفراوانكردنی بواری سوود وەرگرتن لە پسپۆرەكانی كوردستان لە بوارە جۆراجۆرەكاندا لە نیو حزبەكان و لە كەسانی نا حزبی بۆ مشورەتكردنی وەفدی حكومەت لە سەرجەم بوارەكاندا پێش گفتوگۆكان و لە كاتی ئەنجامدامی.

3ـ پاراستنی رێژەی بەشی حكومەتی هەرێم لە بودجەی عێراق كە پێشتر بە 17% رێكەوتنی لە سەر كراوە. لە هەمان كاتدا پێویستە دانوستانەكان لە سەر سەرجەم بابەتە دەستورییەكان بێت بۆ نموونە: وەك مجلسی ئیتحادی و جێبیەجێكردنی ماددەی 140 لە دەستور كە بە شێوەیەكی عەمەلی خشتەی جێبەجێكردنی دیاربێت و جگە لە مافی پێشمەرگە، و پێكهاتەی سوپای عێراق و سەرجەم بابەتەكانی دیكەی دەستور.

4ـ جەختكردنەوە لە سەر ئاسایكردنی وەزعی "ناوجە ناكۆكییە لەسەرەكان" و نەهێشتنی سەرجەم دیاردە سەربازییەكان لەو ناوچەیە و ماوەنەدان بە مانەوەی حەشدی شعبی و سوپا لەو ناوچانە و و زەمینەخۆشكردن بۆ گەراندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ كارو ئەركی خۆیان.

5ـ جەختكردن لە سەر گەرانەوەی ئاوارەكانی كركوك و دوز و كرستیان و ئێزییدەیەكانی دەشتی موسڵ و شنگال بۆ شوێنی خۆیان و قەرەبوكردنی ئەو زیانانەی لێیان كەوتوە.

6ـ دانوستان لە گەڵ بەغدا تەنها لە رێگای حكومەتی هەرێمەوە و دووركەوتنەوە لە دانوستانی حزبی لە گەڵ بەغدا.

7ـ مامەڵەكردنی هاوسەنگ لە گوتاری سیاسییدا بە جۆرێك كە رۆژانە و بەردەوام باس لەو نەكرێت كە حكومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ دانوستان لە چوارچێوەی دەستور و باسكردنی ئەم بابەتە لە كاتی گونجاودا.

سێیەم/ لە سەر ئاستی پەیوەندی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی:

1ـ مامەڵكردنی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ولاتانی جیهان لە رێگای حكومەتەوە نەك حزبی سیاسی ئەمەش پێویستی بە سیاسەتێكی نیشتمانی كوردستانی سەربەخۆ هەیە دوور لە جەمسەرگیری.

2ـ فشارخستنە سەر وڵاتە زلهێزەكان و "دۆستەكان" بۆ كردنەوەی فرۆكەخانەكان و دەروازە سنورییەكان.

3ـ هەوڵدان بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوندی لە گەل وڵاتە دراوسێكان لە روانگەی بەرژەوەندی نیشتمانی كوردستانییەوە.

4ـ هەوڵدان بۆ كارتێكردنە سەر رای گشتی عەرەب لە رێگای پەیوەندی فەرمی و پەیوەندی حزبی و كۆمەڵگای مەدەنییەوە، بەتایبەتی لە گەڵ رای گشتی عەرەب لە عێراقدا.

5ـ بەهێزكردنی پەیوەندی لە گەڵ كونسوڵخانەكانی كوردستان و پپێدانی هەواڵ و راپۆرت پێیان سەبارەت بە رەوشی سیاسی و پێشێلكردنەكانی مافی مرۆڤ لە لایەن حكومەتی عێراقەوە. 

ئەمەو پلاننامەو بۆچوونەكانی حزبی شیوعی كوردستان جێگای رەزامەندیء بەهەند وەرگرتنی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو.