ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەساڵی (2006)ەوە کتێبخانە گشتییەکان خرانە سەر وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەو مەبەستەی پەیوەندییان بە بواری خزمەتی کولتووری کۆمەڵگای کوردستانییەوە هەیە. نەو‌زاد جه‌لال محەمەدئه‌مین لە دیدارێکی "ڕێگای کوردستان"دا باس لە کتێبخانە گشتییەکان و سەردانکەران و خوێنەرانی کتێب و چەند پرسێکی تر دەکات.

 

ڕێگای كوردستان - هه‌ولێر

-چه‌ند كتێبخانه‌مان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ژێر چاودێری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری دا بێت؟

+ژمارەی کتێبخانە گشتییەکان ئێستا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە (٩١) کتێبخانە، کە دابەشکراون بەسەر پێنج بەڕێوەبەراییەتی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و گەرمیان).

-تا چ ئاستێك له‌ یەکە كارگێرییه‌كان كتێبخانه‌ كراوه‌ته‌وه‌، مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه‌ له‌ شار و قه‌زا و ناحییه‌كان هه‌موویان كتێبخانه‌ هه‌ن؟ ئه‌ی بۆ خوارتر دانه‌به‌زیوه‌ به‌ نموونه‌ كتێبخانه‌ هه‌یه‌ له‌ هیچ گوندێك كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بێت؟

+کتێبخانە گشتییەکان جگە لەوەی لە شار و پارێزگاکاندا هەن، هەروا لە قەزا و ناحیەکانیشدا هەن، و لە بەڕێوەبەرایەتی گشتییەکەمان، لە بەر ئەوەی کتێبخانەی گەرۆکمان نییە تا دەستمان بگاتە هەموو گوندە دوورەکانی هەرێم، و سەرەڕای ئەوەی زۆر لە مێژە داوامان کردبوو، کە تەنیا چوار دانەمان بۆ دابین بکەن، تا بتوانین بەرنامە و خشتەی تایبەتی بۆ دابنێین، بە جۆرێک هەر چەند ڕۆژێک لە گوندێک لە گوندە دوورەدەستەکاندا بگیرسێنەوە، بە جۆرێک کتێبەکانمان بگاتە دەستی هەموو خوێنەرێک، بەڵام لە بەر دابین نەکردنی لە لایەن حکوومەتەوە، بۆیە ئێمە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کارگێڕی قەزا و ناحیەکان هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ کردنەوەی کتێبخانەی گشتی لە هەموو ئاوەدانییەک، کار گەیشتووەتە ئەوەی ئێستا لەو (٩١) کتێبخانەیەی هەیە حەوت دانەیان لە گوندەکانی هەرێمن و بەردەوامن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان لەو جێگەیانەدا.

-كتێبی ناو كتێبخانه‌كانتان، كتێبی نوێی تێدایه‌؟ ساڵانه‌ بودجه‌تان هه‌یه‌ بۆ كڕینی كتێب؟

+لە پێش ساڵی (2014) ساڵانە بودجەی تایبەتمان هەبوو بۆ کڕینی کتێبی نوێ بۆ هەموو کتێبخانەکانمان، بەڵام لەوەتەی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، هیچ بودجەیەک نەما بۆ کڕینی کتێب، بۆیە لە ساڵی (2014)ـەوە دابڕانێک لە نێوان کتێبخانەکانمان و ئەو شاڵاوە گەورەیەی کتێبی نوێی چاپکراودا دروست بووە، و تەنیا ئەو کتێبانە نەبێت کە دەزگاکان یان کەسی نووسەر و وەرگێر بە دیاری و بە ژمارەیەکی دیاریکراو دەیکەنە دیاری بۆ ژمارەیەک لە کتێبخانەکانمان، لەوەش گرنگتر ئێمە لە ساڵی (2014)ـەوە ئەرشیفی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی لە کتێبخانەکانماندا هەبووە، وەستاوە، چونکە بە بڕیارێکی وەزارەتی دارایی کڕینی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان قەدەغە کرا.

-ئاستی هاتنی خه‌ڵك بۆ كتێبخانه‌كان چه‌نده‌؟ ئایا‌ كتێبخانه‌كان ڕۆژانه‌ خه‌ڵك سه‌ردانی ده‌كات بۆ خوێندنه‌وه‌؟

+لەبارەی سەردانەکانی خوێنەران بۆ کتێبخانە گشتییەکانمان، ساڵانە ئەو ژمارانە بەرەو کەمی دەڕوات، کە ئەوەش لە کۆنفرانسی کتێبخانە گشتییەکان کە هەردوو ساڵ جارێک دەبەسترێت، لە تەک بابەتی گرنگی دیکەدا، ئەو ژمارانە خراونەتە بەرچاو و لەگەڵ ئەکادیمی و شارەزایانی ئەم بوارانە، باسی لێکراوە تا هۆکار و توانستی و چارەسەرکردنی و زیادکردنی ئەو ژمارانە هەنگاوی جدی بۆ بهاوێژرێت، کە بێگومان بە تەنیا کتێبخانە گشتییەکان و دەزگاکانی دیکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری ناتوانن چارەسەری بکەن، بەڵکو دەبێت بۆ ئەم مەبەستە چەندین وەزارەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکان هاوکاری یەکتر بن و کار بکەن بۆ گەڕاندنەوەی کولتووری خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە و زانینی بەهای کتێب و دروستکردنی حەزی خوێندنەوە لە لایەن منداڵان و گەنجان بە تایبەتی.

+هیچ ئامارێكتان هه‌یه‌ ساڵانه‌ چه‌ند كه‌س كتێب ده‌خوێنێته‌وه‌ له‌ كتێبخانه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ت؟ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هی ساڵانی ڕابردوویش بێت؟

-لەبارەی ئاماری ژمارەی خوێنەرانی کە سەردانی کتێبخانەکانمان دەکەن و کتێب دەخوازن و دەخوێننەوە، هەیە، و لە ساڵێک بۆ ساڵێکی دیکە جیاوازی هەیە، بۆ نموونە:

2009 - 2013 - 2014 -2016

201533 - 181276 - 135577 - 121653

-له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ند كتێبخانه‌یه‌كی نوێتان كرده‌وه‌ له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان، پلانی داهاتووتان چییه‌ بۆ ساڵی 2018 -2019؟

+ساڵانە لە بەرنامەی کاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیماندا هەیە، هەوڵی کردنەوەی کتێبخانەی نوێ دەدەین، هەر چەندە لە توانستی ئێمە زۆر زیاترە، بەڵام هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا، بە هاوکاری لەگەڵ پارێزگاکان و کارگێڕی قەزا و ناحیەکان توانیومانە کتێبخانەی نوێ بکەینەوە، کە ئەگەر بە پێی ساڵەکان دیارییان بکەین بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت:

2010 - 2013 - 2015 - 2017

60-  72 - 80  -90

پلانی داهاتووشمان ئەوەیە کە کتێبخانەی گشتی زیاتر بکەینەوە تا خزمەتگوزارییەکان بگاتە زیاترین ژمارەی هاووڵاتییان، لەگەڵ هەوڵی زیاتر بۆ کڕینی کتێبخانەی گەڕۆک و هەروا لەڕێگەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەزگاکانی چاپ و بڵاو کردنەوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.

 

 

  • 1