ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان- محەمەد چاوشین

دۆخی ھەنووکەیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران، کۆنگرەی نەتەوەیی و پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کۆمەڵێک تەوەری جیاجیان کە لە ھەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەسایەتی سیاسی و تێکۆشەری ناسراوی ناو خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، د. جەعفەر حامیدی شڕۆڤە دەکرێن.

-لەماوەی پێشوودا، ھەریەک لە ئێران و تورکیا و ڕوسیا، جۆرێک لە ھەماھەنگی و ھاوپەیمانێتییەک لەنێوانیاندا ھەیە، سەرەڕای ئەوەی لەباری ئیدۆلۆژیک و سیاسەت کردن و نەتەوە و مەزھەبیشەوە گەلێک ناکۆکی لەنێوان ئەم سێ دەوڵەتەدا ھەیە، بەبۆچوونی ئێوە ئەو سێ وڵاتە دەیانەوێ چی بکەن؟

+کۆمەڵێک فاکتەری مێژوویی، ھەڵکەوتەی جوگرافیایی، کلتووریی و تێکھەڵکشانی سنوورەکانیان لە ڕێگەی بوونی دەیان ڕێڕەوی ئاویی و وشکانی لە بواری ئابووریدا، کە ئەوەش مێژووی دوور و درێژی ھەیە؛ وایکردووە، ئەو سێ وڵاتە لە درێژەی تێکۆشانی قۆناغە جیاجیاکانی ژیانیاندا، ساردیی و گەرموگوڕی پێوەندییان لەگەڵ یەک ھەبێ.

ھەرچەند ئەو سێ وڵاتە بە گشتی خاوەندارێتی سێ دین و ڕێچکەی توندئاژۆیی؛ ئۆڕتۆدۆکسی - قەیسەری، شیعەی مەکتەبیی و سنووربەزێن و، سوننی سوڵتانە داگیرکەرەکان دەکەن؛ زۆر سروشتی دێتە بەرچاو کە وێکھەڵنەکەن، بەڵام گۆڕانکارییە جیھانییەکان، بەرژەوەندی ھاوبەشی ھەر سێ وڵاتی خستووەتە ژێر مەترسییەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین، ئەو سێ وڵاتە ھەوڵ دەدەن بەرژەوەندی گشتی کە ھەموویان بپارێزێ، بدۆزنەوە. لە سەر خاڵی ھاوبەشی وەک: پاراستنی نەریتی سیاسی- ئابووری، ڕاوەستان لە بەرانبەر بلۆکی وڵاتانی ڕۆژئاوا، و چەند پرسێکی ناوچەیی لە چەشنی ناردنی ھێز بۆ سوریا و شەڕ بۆ پاراستنی خۆیان لە دەرەوەی سنوورەکانیان؛ بکەونە سەر دۆخی دۆستایەتیی یەکتر! ھەروەھا چونکە ئاشکرایە؛ ئێران و تورکیا، بە سوریا و عێراق ھەرگیز نایانەوێ کوردستان ببێتە کیانێکی سیاسی سەربەخۆ. ڕووسیاش، بە ھەر پێوانەیەک سەنگ و سووک بۆ ستراتیژییەکەی بکەین، پێی خۆش نییە و نایەڵێ، کوردستان دوور لە ھەژموونی ئەوان و بە پشتیوانی ڕۆژئاوا، یەک لە وان ئەمریکا، سەربکەوێ. ھەوڵی ئەوەش ھەیە کە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و کڕین و فرۆشی چەکی پێشکەوتوو بە یەکتر، کێش و قورسایی بدەن بە قەوارەی دۆستایەتییان.

 

-کورد لەگەڵ ئەوەی یەک زمان و یەک نەتەوە و یەک خاکە، کەچی ناتوانێ لەژێر چەترێکدا کۆببێتەوە، ھۆکار چییە؟ بۆچی کورد نەیتوانیوە لەژێر چەتری کۆنگرەیەکی نەتەوەیی دا کۆببێتەوە؟

+کاتێک چاو لە ھەلومەرجی تێکۆشانی سیاسی ئێستای کوردستان بکەین؛ دەبینین؛ نەبوونی دروشمی ڕوونی نەتەوەیی، لەت و پەتکردنی ویستی گەل لە لایەن ڕێکخراوە سیاسییەکانەوە، چەشنێک ئانارشیزمی لێ پێکھاتووە. لەو ئانارشیزمەشدا، کۆکردنەوەی یەک بڕیاری مەحاڵە،

لەو ناڕوونییە سیاسییەدا دنیای دەرەوەش لێمان تێناگا چیمان دەوێ!

ئەگەر مێژووی دوێنێ لە بەر شەڕی ناوخۆیی ئەمیر و سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان سەرنەکەوتین، ئێستاکە بەداخەوە حزبایەتی بووەتە میراتگری ئەو سیاسەتە ئانارشیستە شکستخواردووە و بووەتە بەربەستی ڕێگای سەرکەوتن. حزبایەتی خزمەتی زۆری بە خەباتی کوردستان کردووە، بەڵام ناکرێ ئینکاری ئەو واقیعە بکەین کە حزبەکان، کەمتر لەگەڵ ڕەوتی گەشەی کۆمەڵ دەچنە پێش و زیاتر دەبنە بەرژەوەندیخواز. ئەو نەریتە لە ڕۆژئاواش ھەیە، بەڵام گەلی زیندووی پەروەردەی دیموکراسی، جارێک نەبێ، دوو جار نەبێ، سەرئەنجام دێتە مەیدان و ئاڵقەی بەرژەوەندییەکان دەشکێنێ و لە دەرەوەی چوارچێوەی حزبە کۆسێرڤاتیڤەکان، نوێگەرایی دەکا (وەک ئەوە کە لە فەڕانسە دیتمان). ئەوەش کە؛ "بۆچی کورد نەیتوانیوە لەژێر چەتری کۆنگرەیەکی نەتەوەیی دا کۆببێتەوە؟" دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک فاکتەر: بۆ گەلێک کە سەدان ساڵە چەوسانەوەی سیاسی بەخۆیەوە دەبینێ و تا ئەو کۆتاییانە، وەچەی نوێی زۆر شارەزای جوگرافیا و نەریت و زمانی دەوڵەمەندی خۆی نەبووە؛ ئاسان نییە بە زوویی کۆنگرەی نەتەوەیی گشتگیر ساز بدات. کوردی سیاسی تووشی تراویلکە (سەراب)ی چاو بووە و نەیتوانیوە ئانالیزی ئەو بوارە بکا کە دەکرێ؛ بیری نەتەوەیی لە چەشنی کوردایەتی، لە بەرانبەر بەرژەوەندی حزبی بە ھێز بکات. ئەوەی ئێستا بە ناوی کۆنگرەی نەتەوەیی لە ئارادایە و بیری لێدەکرێتەوە، بەر لە خۆگرتنی گەراکەی، کەوتۆتە ژێر تەوژمی بیر و ڕەوتی کردەیی حزبێکی سیاسی، کەوایە بۆ پێکھێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی، دەبێ حزبەکان بەگشتیی و حزبە بەھێزە چەپەکانی کوردستان بەتایبەتی، بە خۆیان دابچنەوە. هەروەھا کۆنگرەی نەتەوەیی لە ژێر کاریگەری دروشمەکانی؛ ئۆتۆنۆمی، فیدیڕالیزم، کۆمەڵگەی دیموکراتی، کۆنفیدڕاڵی، کانتۆن و دێسێنتڕالیزەکردنی دەوڵەتە ناوەندگەرا سەردەستەکان، ساز نادرێ! کۆنگرەی نەتەوەی کە لە ناودا کۆنگرەیە و لە فۆڕمدا پلۆرالیستە؛ دەبێ لە ناوەڕۆکیشدا، سەربەخۆیخواز، ڕێبەرخوڵقێن و دروشم ڕوون بێ.

-حزبە کوردییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەکوێی ئەو دۆخەی ئێستای ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان دا وەستاون؟ تاچەند کاریگەرییان بەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە ھەیە؟

+ دووری لە نیشتمان، مانەوەی زۆر لە ئۆردوگاکانی باشوور و ھەڵسوکەوتکردن بە پێی ویست و داوای خانەخوێ، خۆ نوێ نەکردنەوە و گوێ شل نەکردن بۆ ڕێنوێنی و داوای کۆمەڵانی خەڵک و ناڕازییان؛ لێکدابڕان و پەرش و بڵاوی، نەبوونی بیر و پلانی یەکگرتنەوە، نەبوونی پڕۆژەی پێویست بۆ گۆڕانکاری لە ناکاو لە ڕۆژھەڵات و لە ئێران دا، حزبەکانی ڕۆژھەڵاتی خستووەتە مەنگەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە دەرەوەی کوردستان کە تێکۆشان بە پێی یاسا ئازادە و کوردیش دەتوانێ لەو ئازادییە کەڵک وەربگرێ، حزبەکان نەیانتوانیوە ببنە قەوارەیەکی کارا و شوێن لە سەر سیاسەتی وڵاتانی دەرەوە بە دژی دوژمنی ئێرانی دابنێن. بۆیە دەکرێ بەداخەوە بڵێین کە وەزعی حزبەکانی ڕۆژھەڵات تاریف ھەڵناگرێ. حزبەکان وەک تەنزیمات کەمتر کاریگەرییان بەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە ھەیە، بەڵام خەڵکی دڵسۆز و تێکۆشەری ڕۆژھەڵات کە بەشێکیان بنەماڵەی شەھیدان، زیندانیانی سیاسی و تێکۆشەرانی دەرەوەن ، کاران و شوێنیان لە سەر ڕووداوەکانی ناوخۆ ھەیە. خەڵک لە ناوخۆ تووڕەن لەحزبەکانیان، وەڵامی بانگەوازی حزبەکان نادەنەوە، بەڵام بۆ خۆیان لە ناوخۆ ھەرگیز بێھەڵوێست نین و لە کاتی ڕوودانی ھەر کردەوەیەکی ڕژێمدا، دژکردەوە نیشان دەدەن.

 

-بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕژێمی ئێستای ئێران ڕژێمێکی تۆتالیتار و سەرکوتگەرە، ھەموو چەشنە داخوازییەکی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران ڕەت دەکاتەوە و بزووتنەوە جەماوەرییەکانیش سەرکوت دەکات، ئایا لەوەھا دۆخێکدا بوارێک بۆ خەباتی مەدەنی دەمێنێتەوە؟ یان دەبێ جارێکی دیکە خەباتی چەکداری لەدژی دەسەڵاتی ئێستای ئێران دەست پێ بکاتەوە؟ یان ڕێگاچارە چییە لەو بارودۆخەدا؟

+ئەوە کە لە ئێستای داگیرکاری کۆماری ئیسلامی دا، پێگەیەک بۆ خەباتی جەماوەری ھەیە، نەخێر نییە، ھەر چەشنە خەباتێکی جەماوەری، دەستپێکی دێسێنتڕالیزەکردن و گەشەی دەسەڵاتی تاک و گرووپی کوردییە، و گەشەی ئەو دۆخەش فۆڕمدان بە کیانی خۆبەڕێوەبەرە لە ھەموو بوارەکاندا، ئەوەش ناکرێ بیگونجێنی لەگەڵ فەلسەفەی وجوودی کۆماری ئیسلامی.

تا کۆماری ئیسلامی ھەبێ؛ ھیچ خەباتێکی جەماوەری گەشە ناکا. کە کۆماری ئیسلامیش نەما، ئەوە وەسەریەکخستنەوەی ئێران ئەستەمە، چونکە بەلووچ، عەرەب، تورکمان، ئازەری، ڕەشت و گێڵانی ھەر کامە بەشی خۆیان دەپچڕن و لێرەدا کوردیش بە ئەزموونێکی زۆری خەباتەوە لە ھەموو گەلانی دیکە زیاتر ئامادەی خۆ ئیدارکردنە.

دیارە بوونی پێشمەرگە، بە مانای پارێزگاری لە دەستکەوت و گەشەی زیاترە، لێرەو لەوێ پێشتریش بەر لە ھێرشی داعش، باس لە بێ نیازی لە پێشمەرگەی باشوور دەکرا، کەچی دیتمان پێشمەرگە نەبووایە، تەخت و بەختمان تێکدەڕما. لە ڕۆژھەڵاتیش ھەر وایە، بەڵێ دەبێ چەک لەدەست پێشمەرگەدا ببێ و پارێزگاریش بکات. دەبێ ئەو ڕژێمە بە زۆری چەک وەدەر بندرێ، ھەرچەند ئەو تێکۆشانە پێویستە دەرفەتی بۆ پێک بێ و ئێستا و بە میتۆدی ئەزموونکراوی پێشوو، سەرکەوتن بە دەست ناھێنێ.

 

-کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئێران، دەکرێ چ پەیامێک بێ بۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران؟ ئایا دەکرێ ھەڕەشەیەکی جدی بێت بۆسەر ئێران، بۆنموونە بەکارھێنانی ھێزی سەربازی لەدژی ئەو وڵاتە؟

+ سیاسەتی ئەمریکا لە ژێر ئیدارەی دۆناڵد تڕامپ دا لە جاران ڕوونترە و کورد جوانتر دەتوانێ لەو سیاسەتە حاڵی ببێ! لە لایەکی دیکەوە، کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، چەشنێک وەھۆشھاتنەوەی ئەمریکایە، چونکە ھەر بەو جۆرە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەڵگەکانی سیخوڕەکانی خۆیانی ئاشکرا کرد؛ دەرکەوت کە ئێران بە پێچەوانەی بانگەشەی بەشی نێونەتەوەیی لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی؛ لە بنەوە ھەر خەریکی پەرەپێدانی پڕۆگڕامە ناوەکییەکەیەتی. ئەوە کە ئەمریکا بەڕەسمی بکەوێتە شەڕی ئێران، زۆر ڕێی تێناچێ، چونکە باری سیاسی، باری ئابووری و مل نەدانی وڵاتانی دیکە بۆ ئەو بژاردەیە، ئەو بیرۆکەیە لاواز دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا بە پێچەوانەی کۆمەڵێک سیاسی کوردستان، بەتایبەت لە باشووری کوردستان، ئێران ئەو ھێزە بەھێزە نییە کە بۆخۆیان دەڵێن و پڕوپاگەندە بۆ توانایان دەکرێ، بنەمای ئەو دەسەڵاتەی ئێران، لە سەر فریو، سەفسەتە، ڕاست و درۆ تێکەڵکردن، دامەزراوە و بۆشی بۆشە. گرفتی بێ ئاوی، گۆڕینی ئاوەڕۆی چۆم و ڕووبارەکان، بێکاری، تەڵاق، مادەی ھۆشبەر و خۆفرۆشی، و گەمارۆی ئابووری و ھتد، گەرووی دەسەڵاتی ئێران ڕێک دەگوشێ و بڕستی لێ بڕیوە، دیتمان کە لێدانی چەندین جار دووپاتە بووەی ھاوپەیمانان و ئیسڕایل لە شوێنە میلیتار و سیخوڕییەکانی ئێران لە سوریا؛ تا ئێستاش بێ وەڵام ماوەتەوە، لێرەدا دەرکەوت کە ئێران، بانگەشە و دژکردەوەی یەک ناگرێتەوە، بۆیە شێمانەی ئەوە کە ڕەنگە لە چەند کورتە ھێرشی ھەوایی دیکەدا بۆ سەر خاکی ئێران؛ سەروگوێی ڕژێم تێک بکرێتەوە؛ زۆر لە واقیعەوە نزیکە.

 

 

پڕۆفایل:

- جەعفەر حامیدی خەڵکی شاری "بۆکان".

- ماوەی٤٣ ساڵ تێکۆشانی سیاسی نھێنی کردووە.

- ١٢ ساڵ نوێنەری بەشدار، ئەندامی ڕاوێژکار و کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

- دووساڵ بەرپرسی سکرتاریای حزب و ھاوکاری نزیکی ڕەوانشاد "د. قاسملوو" بووە.

- ئوستادی وانەبێژ لە بواری زانستی سروشتیدا.

- یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە بواری کشتوکاڵ و بە تێزی لێکۆڵینەوە لە بواری کانزاقورسەکان دا.

- خاوەنی وتارێکی زانستییە لە کتێبی Waste management چاپی ٢٠٠٣ لە ژێرناوی"زەرەر و زیانی کانزا قورسەکانی ناو سەوزە و دەغڵودان بۆ سەر سەلامەتی مرۆڤ".

- خاوەنی کتێبی ؛ تێکنیکی خوێندن بە زمانی نۆڕوێژی ساڵێ ٢٠٠٢.

- خاوەنی کتێبی ؛ دوکتور قاسملوو ڕێبەر و مامۆستای ئەخلاق بە زمانەکانی نۆڕوێژی، کوردی .

- خاوەنی کتێبی؛ گۆشەیەک لە خەبات و، ئەندامێکی گڕنەگر بە زمانی کوردی.

- خاوەنی سێ کتێبی وانەیی، مەنھەج، بۆ پۆلەکانی: ٨ ، ٩ و ١٠ ناوەندی بە زمانی نۆڕوێژی. ئەم کتێبانە کە ھەر کامەیان ھەڵگری٣٠ تاقیکاری لابراتۆرییە، ئێستا لە چەند شوێنی نۆڕوێژ بە وانە دەگوترێتەوە. 

  • 1