ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لەكێشەو كەموكوڕی و داواكارییەكانی قوتابخانەكانی سیستەمی ئینگلیزی، هەروەها ئەو قوتابخانانەی كە خواستی زۆریان لەسەرە بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر باسی لەوەكرد كە بەگوێرەی رێنماییەكان قوتابیان وەردەگیرێن، روونیشیكردەوە كە "كوڕو كچی شەهیدانی شەڕی داعش بێ مەرج وەردەگیرێن".

رۆژی سێشەممە بەرواری ١٠-٧-٢٠١٨ لەدیوانی پەروەردە، مامۆستا (بەشدار عەبدولخالق خۆشناو) بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێرو بەئامادەبوونی مامۆستا (دلێر عەبدوڵڵا) بەرێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر.

لەم كۆبوونەوەدا مامۆستا بەشدار عەبدولخالق تیشكی خستەسەر ئەو گرفتانەی كە دێنە بەردەم وەرگرتنی قوتابیان بەتایبەت لە قوتابخانەكانی سیستەمی ئینگلیزی، بۆیە لەنزیكەوە تاوتۆێی ئەو رێنمایی و خاڵانەیان كرد كە ساڵانە بۆ وەرگرتنی قوتابیان دەردەچێت.

بەگوێرەی رێنماییەكانی وەرگرتنی قوتابیان لەم جۆرە قوتابخانانە كوڕو كچی شەهیدانی شەڕی داعش بێ مەرج وەردەگیرێن، هەروەها بۆ وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی (٧) ئەوا نمرەی پۆلی شەشی بنەرەتی تەنها لە (٣٠%) هەژمار دەكرێت و (٧٠%) لەسەر ئەنجامدانی تاقیكردنەوەیەك دەبێت لەبابەتەكانی (كوردی، ئینگلیزی، بیركاری، زانستەكان).

هەر لەمیانەی ئەو كۆبوونەوەدا ئاماژە بەوە كرا كە گواستنەوەی قوتابیان لە قوتابخانە حكومی و ناحكومییەكان بۆ ئەم قوتابخانانە بەهیچ شێوەیەك نابێت جگە لە پۆلی (٧)ی بەپێی رێنمایی. سەبارەت بەوەرگرتنی قوتابیانی پۆلی (١)ی بنەرەتی لەرێگای پڕكردنەوەی فۆرمێكی تایبەت دەبێت كە لەقوتابخانەكان دابەشدەكرێت و پاش گەڕانەوەی ناوەكانیان لەبەرواری دیاریكراو بەپێی تیروپشك منداڵ وەردەگیرێت.

هەروەها ئاماژە بەوەكرا كە ئەو قوتابیانەی لەدەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە دوای یەكسانكردنی بروانامەكانیان لەلایەن وەزارەتی پەروەردە وەردەگیرێن و قوتابیانی دەرچووی پۆلی (٦) بنەرەتی لەقوتابخانەی شیلانی بنەرەتی بێ مەرج لەدواناوەندی توانای خوێندنی ئینگلیزی وەردەگیرێن.

جێگەی باسە سەرجەم كارەكانی وەرگرتنی قوتابیان لەرێگای لیژنەی هاوبەش سەرپەرشتی دەكرێت و بەرێوەبەری قوتابخانەكان بەرپرسن لە جێبەجێكردنی ئەم رێنماییانە.

 

  • 1