ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شەهیدانی شیوعی راگری ئاڵای بەرزی تێكۆشانی گەلە لەپێناو 

نیشتمانێكی ئازاد‌و گەلێكی بەختیار

ڕۆژی شەهیدی شیوعی ڕۆژی بەرخۆدانی سەركردەكانی شیوعی، ئەوانەی كاروانی خەباتیان دەستپێكردو پسانەوەی نییە، لەرۆژی 14 ی شوبات، رۆژی شەهیدی شیوعی، بەهەزاران لەشیوعیەكانی كوردستان‌و عێراق‌و جیهان، لەدیموكراتیخواز‌و ئازادیخواز‌و یەكسانی خوازان، بەئاڵای شەكاوەی سوور لەسەر پێ بۆ شەهیدانی شیوعی دەوەستن‌و یادی خۆڕاگرییان دەكەنەوەو بڵێسەی گیانفیدایی ئەوان دەكەنە رێنیشاندەری رێگای ئازادی‌و هێنانەدی ئازادی بۆ ووڵات ‌و بەختیاری بۆ گەل.

لە 14ی شوباتی ساڵی 1949 ، كاتێك حكومەتی پاشایەتی ، بەدواكەوتووی خۆی‌و دژایەتی ئازادی‌و بەپلانی وڵاتانی بیانی نوێنەرانیان لەناوەخۆو، لەدادگاییكردنێكی نهێنی‌و سەرپێی‌و كورتخایەندا، هاوڕێی سەركردەو دامەزرێنی حزبی شیوعی یوسف سەلمان (فەهد) و هاوڕێكانی زەكی بەسیم (حازم)‌و حسێن محەمەد شبیبی(صارم)یان لەزیندانی (كوت)ـەوە دەرهێناو راستەوخۆ بۆ سیدارەیان بردن و بەلەسێدارەدانی ئەم تێكۆشەرانە دڕندانەترین تاوانیان ئەنجامدا.

كاروانی شەهیدانی سەربەزی شیوعی، كەبەشەهیدبوونی سەركردەكانی دەستی پێكرد، بەدوای خۆی بەهەزارانی دیكە رێگای كاروانەكەیان لەپێناو نیشتمانێكی ئازاد و گەلێكی بەختیار و ژیانێكی شایستە‌و یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی ، گرتە بەر، بەمەش شیوعیەكان بەتێكۆشان و قوربانیدانی خۆیان و بزووتنەوەی رزگارییخوازی گەل، تابلۆی تێكۆشان بەرەو سەركەوتن نەخشاند.

ئەم یادە تەنها بەیادی شەهیدانی شیوعی نازانین ، بەڵكو یادی هەزاران شەهید لە رۆڵەكانی گەلانی كوردستان و عێراق ، بەهەموو پێكهاتەكانیان لەكورد‌و عەرەب‌و سریان‌وكلدۆئاشور‌و توركمان‌و ئێزدی‌و كاكەیی‌و ئەوانی دیكەیشە.

یادی ئاڵای تێكۆشانی دەستی سەركردەكانی شیوعی نەمری وەكو سەلام عادل ‌و جەمال حەیدەری‌و محەمەد ساڵح عەبەلی‌و سەدانی هاوڕێیان دەكەینەوە كە كودەتای بەعسیەكانیان شەرمەزاركرد، یادی شەهیدانی شۆڕشی 14ی تەمووز دەكەینەوە كە گەلانی عێراقیان بۆ قۆناغێكی نوێ گواستەوە، یادی بەهەزاران شەهید‌و قوربانی دەستی بەعسی‌و صەدامیەكان دەكەینەوە، یادی بەهەزاران هەزاری قوربانییانی ئەنفال‌و كیمیاباران‌و لەسیدارەدراوانی زیندانەكانی بەعس دەكەینەوە، یادی بەهەزاران شەهید‌و برینداری پێشمەرگەی شیوعی دەكەینەوە كە بەخوێنی ئاڵیان داری ئازادی وسەربەخۆیی كوردستانیان ئاودا.

حزبی شیوعی كوردستان ، حزبی تێكۆشانی چینایەتی‌و نیشتمانی و نوێنەری هەموو پێكهاتەكانی گەلە ‌و هەوێنی دیدی سازانی نێوان هەموو لایەنەكانی بزووتنەوەی رزگاری خوازییە لە پێناو یەكڕیزی و گەیشتن بە ئامانجەكانی گەلەكەمان. 

لەكاتێكدا، حزبی شیوعی و دۆست‌و لایەنگرانی لەكوردستاندا، ساڵیادی رۆژی شەهیدی شیوعی بەرز رادەگرن، ئامانجیان هەر یادكردنەوەی شەهیدبوونی رۆڵەكانی نییە ، بەڵكو بەتێكۆشانە لەپێناو ژیانێكی شكۆمەند بۆ مرۆڤ . لەم روانگەیەوە حزبی شیوعی كوردستان لەبارودۆخی ئێستای كوردستاندا نەخشە رێگای خۆی بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی‌و ئابوری و كۆتاییهێنان بە سەختی بێموچەیی و كەمی خزمەتگوزاری كە لەسایەی ئەم دەسەڵاتەو دەرەنجامی شەڕی تیرۆرستان و سیاسەتی ناڕەوای بەغداد دەرحەق بەگەلەكەمان هاتووەتە ئاراوە ، دەخاتە روو. بەئامانجی ئەوەی ببێتە بنەمایەی باش بۆ گفتوگۆی نێوان لایەنە ناكۆكەكان هەنگاو بەرەو چارەسەرییەكان.

هەروەها لەم یادە پیرۆزەدا، حزبی شیوعی ، پاڵپشتی لە داخوازی ڕەوای گەلەكەمان دەكاتەوە، بۆ چارەسەركردنی باری گرانی ژیان‌و گوزەرانی رۆژانەیان‌و هەڵگرتنی سیستەمی پاشكەوتی زۆرەملێ‌ و پابەند نەبوونی حكومەتی هەرێم بە رێنماییەكانی بانكی دراوی نێودەوڵەتی كەخزمەت بەگەل ناكات‌و چاو بەو سیاساتانەدا بگێڕێتەوە ، كە لە بوارەكانی سیاسی‌و ئابوری و نەوت بەتایبەتی‌و بە دامەزراوەیی كردن ‌و بواری یاسایی‌و دەستوریدا پەیڕەوكراون، پەیڕەوكراون ، هەروەها بنەمای گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام‌و لەسەر هەموو ئاستەكان بهێنێتە دی‌و تاكی كوردستانی هەست بەمافی هاوڵاتیبوونی خۆی بكات و ببێتە ئەو هێزە مرۆییەی ڕووبەڕووی ناعەدالەتی‌و گەندەڵی‌و ناشەفافیەت ببێتەوە.

حزبی شیوعی كوردستان لەچوارچێوەی خەباتی رابردوو ‌و ئێستا‌و داهاتووی خۆیدا، ئەركی پێكهێنانی قەوارەی سەبەرخۆی نیشتمانی كوردستانی بەیەكێك لەئامانجەكانی تێكۆشانی ناوەندی خۆی‌و بزووتنەوەی رزگاریخوازی زانیووەو دەزانێت، كەئەمەش لەسەر بنەمای نەخشەرێگایەكی نیشتمانی كۆگیر‌و بەرنامەیەكی هاوبەشی نێوان هەموو هێزە سیاسیەكان ، لەلایەك‌و لەلایەكی دیكەوە ، لەنێوانی گەل و دامەزراوە سیاسی‌و یاساییەكانی هەرێمی كوردستاندا دێتەدی. بۆ ئەم مەبەستەش داوا لەهەموو لایەنە سیاسییەكان دەكات، خۆیان لەبەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتی ‌و جەمسەرگیری دەربازبكەن‌و لە ڕێگای گفتوگۆ ‌و هەماهەنگی ناوخۆیی‌و هێنانەدی ئاشتەوایی‌ودیموكراسی‌و دامەزراوەیی كیشەان بەكۆتا بێنن.

ساڵڕۆژی شەهیدی شیوعی ، ساڵرۆژی ژیاندۆستی‌و ئازادی‌و یەكسانییە، لەپێناو نەهێشتنی ناعەدالەتی‌و چەوساندنەوەو قۆرخكارییە بۆیە شیوعیەكان بەڵێنی تێكۆشانی بەگەلی كوردستان نوێ دەكەنەوە. 

بەرزبێت ئاڵای تێكۆشانی شیوعی‌و چەپ‌و دیموكراسیخوزان 

نەمری سەربەرزی بۆ شەهیدانی شیوعی و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی‌و یەكسانیخوازی

مەكتەبی سیاسی

حزبی شیوعی كوردستان

14ی شوباتی 2017

 

کوردستانی