ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاسۆ دەوڵەت

ڕیچارد كامپۆس (جه‌نگاوه‌ری دێرین)، ماپیو چارلس هال (فیلم چێكه‌ر)، د. نه‌مام غه‌فوری (پزیشك) و تیمه‌كه‌یان بوونه‌ته‌ ده‌نگی ئاواره‌ی كه‌مپه‌كان كه‌ ده‌نگیان نابیسترێت.

نمایشكردنی فیلمی دیكۆمێنتاری درێژترین ڕێگا (The Longest Road) كه‌ له‌ شاری ستۆكهۆڵم ئێواره‌ی 2017/02/15 به‌ڕێوه‌چوو، تیایدا ماندووبوون و مرۆڤ دۆستی ئه‌م كاره‌كته‌رانه‌ بۆ بینه‌رانی فیلمه‌كه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ زیاتر له‌ 100 ته‌ماشاكه‌ر ئاماده‌بوون هه‌تا هه‌موو داهاتی فیلمه‌كه‌ ببێته‌ كۆمه‌ك بۆ دروستكردنی خوێندگه‌یه‌ك بۆ مناڵ و لاوانی یه‌زیدییه‌كان، سه‌ره‌تای فیلمه‌كه‌ به‌ به‌ كورته‌یه‌ك له‌ مێژووی كوردستان و دابه‌شبوونی له‌لایه‌ن داگیركه‌رانییه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، پاشان به‌ ئاماژه‌كردن بۆ ئه‌و نه‌هامه‌تی وجینۆسایدانه‌ی به‌سه‌ر گه‌لانی ئه‌وناوچه‌یه‌دا هاتووه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵكوژی ئه رمه‌نییه‌كان و تاوانه‌كانی كه‌ دژ به‌ كوردو كوردستان كراوه‌ و هه‌تاده‌گاته‌ ساڵه‌كانی دوایی كه‌ حكومه‌تی به‌غدا موچه‌ی له‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بڕی وهه‌روه‌ها بێبه‌شكردنی پێشمه‌رگه‌ له‌كاتی شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ هه‌موو چه‌ك وپێویستییه كانی به‌رگریكردن، ئاماژه‌یان به‌خۆڕاگری و قوربانی دانی پێشمه‌رگه‌ كرد كه‌ وێڕای به‌رگ و پێڵاو و چه‌كی ساده‌ توانیویانه‌ له‌ سه‌ختترین جه‌نگدا به‌رگری له‌ مرۆڤ وخاكه‌كه‌یان بكه‌ن.

ڕیچارد كامپوس بۆ سایتی ڕێگای كوردستان ووتی:( یه‌زیدییه‌كان له‌ دڵمدان هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداریان نابم). ئه‌م پیاوه‌ خانه‌نشینه‌ پێشتر كاری مرۆیی كردووه‌ له‌ شاری به‌سرا~عێراق، كاتێك كاره‌ساتی شه‌نگال ڕوویدا هه‌رله‌ سه‌ره‌تاوه‌ خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ كوردستان چونكه‌ پێشتر وه‌ك سه‌رباز له‌ كوردستان بووه‌ و شاره‌زای خه‌ڵكه‌كه‌یه‌تی هه‌ربۆیه‌ وه‌ك خۆی ووتی: زۆرن ئه‌وانه‌ی توانای گۆڕین وباشتركردنیان هه‌یه‌ به‌ڵام نایانه‌وێت هیچ بكه‌ن، ئه‌وانه‌ من توڕه‌ ده‌كه‌ن ، من ئه‌وجۆره‌كه‌سانه‌م خۆش ناوێت بۆیه‌ هه‌وڵ ئه‌ده‌م خۆم گۆڕانكاری بكه‌م هه‌تا له‌توانامدابێت.

ڕیچارد ئاڵای كوردستان وئه‌مریكای به‌سنگه‌وه‌ بوو، له‌ سه‌ر شانۆ به‌زمانی كوردی ووتی :بژی كوردستان.. بژی سوید.

ماپیو چارلس هال كه‌ خاوه‌نی بیرۆكه‌ی فیلمه‌كه‌یه‌ خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌ ئاماده‌بوونی ڕێگای كوردستان و ووتی له‌ كاتی ڕوودانی كاره‌ساته‌كه‌ نه‌متوانی دانیشم وه‌ك بینه‌رێك هه‌ر بۆیه‌ گه‌یشتمه‌ كوردستان بۆ كه‌مپی ئاواره‌كان و هه‌وڵیشمدا له‌نزیكه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ بناسم. 

هه‌ڵبه‌ت فیلمه‌كه‌ به‌ ئاشكرا مه‌رامی سیاسییه‌كانی دونیا ده‌رده‌خات كه‌ وویستوویانه‌ ڕه‌وشی ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌ به‌ سودی خۆیان به‌كاربهێنن،هه‌ربۆیه‌ ئه‌م تیمه‌ خۆبه‌خشه‌ هه‌ڵوێستی وه‌رگرتووه‌ و هه‌ڵساون به‌كاری مرۆیی له‌ كه‌مپه‌كان به‌دوور له‌ كه‌سانی سه‌رمایه‌دارو سیاسی وه‌ به‌ بێ جیاوازیكردن له‌ نه‌ته‌وه‌ یان ئاین یان ڕه‌گه‌ز.

فیلمه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی تیشكی خستبووه‌ سه‌ر تاوانه‌ دڕنده‌ییه‌كانی داعش به‌رامبه‌ر به‌ مه‌سیحی یه‌ كانی موسڵ ویه‌زیدییه‌كانی شه‌نگاڵ، كه‌ تا ئێستاش هه‌ربه‌رده‌وامن له‌خراپه‌كارییان كه‌چه‌ندین منداڵ و كچ و كوڕی یه‌زیدی بێسه‌رو شوێنن، به‌ ئاشكرا ناوی پزیشكێكیان هێنا كه‌ تاوانباره‌ به‌رامبه‌ر كچه‌ یه‌زیدییه‌كان به‌ڵام تا ئێستا موچه‌ ی له‌ به‌غداوه‌ بۆ ده‌نێردرێت هیچی له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌.

كۆبانی بێبه‌ش نه‌بووه‌ له‌ كاره‌ مرۆییه‌كانی ئه‌م خێرخوازانه‌ و خۆیان شایه‌تی ئازایه‌تی وجوامێری خه‌ڵكی ئه‌وین كه‌له‌كاتێكدا ووڵاتێكی ئه‌ندام له‌ په‌یمانی ناتۆ به‌ئاشكرا یارمه‌تی چه‌ته‌كانی داعش ده‌دات.

د.نه‌مام غه‌فوری دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌نگی ئه‌وانه‌ن كه‌ ده‌نگیان نابیسترێت، وه‌ ئاماژه‌ی به‌ وه‌دا كه‌ ئه‌م تیمه‌ شه‌ش كه‌سی یه‌ له‌ماوه‌ی سێ ساڵدا حه‌وت جار سه‌فه‌ریان كردووه‌ بۆ كوردستان به‌ خۆبه‌خشی هه‌تا ئه‌م فیلمه‌ به‌رهه‌م بهێنن، جگه‌ له‌ كاره‌ مرۆییه‌كانیان كه‌ وه‌ك له‌ فیلمه‌كه‌دا بینرا كه‌ چۆن خه‌نده‌یان گێڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌رلێوی منداڵه‌ یه‌زیدییه‌كان وهه‌روه‌ها له‌ 8 ی مارس 2016 ڕۆژی جیهانی ئافره‌تان شانبه‌شانی ژنه‌ یه‌زیدییه‌كان جلوبه‌رگی ئه‌وان ده‌پۆشن و مه‌راسیمی ئه‌و ڕۆژه‌یان بۆ ڕێكده‌خه‌ن وه‌ك ڕێزگرتن له‌ شكۆداری ئافره‌تانی یه‌زیدی

کوردستانی