ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دوای تەواوبوونی خولێكی تر لە یارییەكان لە زۆربەی كیشوەرەكان‌و، كردنەوەی بازاڕی كڕین‌و فرۆشتنی یاریزانان، یانە گەورە‌و بچووكەكان سەرقاڵی بازاڕكردنن چ بە كڕین یان فرۆشتن‌و رێكخستنەوەی تیپەكەیان، بۆ ئەم مەبەستە ماڵپەڕی رێگای كوردستان دیدارێكی كورتی لەگەڵ (ئاری برادۆستی) وەرزشوان و شیكەرەوەی وەرزشی ئەنجامدا:

ئا: هێرش مەغدید

 

-ئەو بۆندانەی لەو هاوینە مۆركراون، چ كاریگەرییەكیان هەیە لەسەر خودی یانەكان؟

+لەم ساڵانەی كۆتایی بازاری گواستنەوەی یاریزانان كاریگەری زۆری لەسەر یانەكان هەبووە بەتایبەتی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی یاریزانان، بەشێك لەیانەكان بودجەی زەبەلاحیان لە خەزێنەكانیاندا واڵا كردووە بۆ راهێنەران بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان یاریزان بگوازنەوە ریزەكانیان. جا زۆربەی یانەكان كێبركێ لەنێوان یەكتری دەكەن بێ ئەوەی گرنگی بەئاست و نرخی یاریزان بدەن یاخود ئایا شێوازی یاری كردنی یاریزانەكە لەگەڵ یانەكە دەگونجێت یان نا، كە رەنگە لەكۆتاییدا باجەكەی بدەن هەروەك پێشتر بینیمان هاتنی كاكا بۆ ریال و ئەندرێ گۆمێز بۆ بەرشەلۆنە.

-ئەی ئەو یانە هەژارانە چی بكەن بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو بۆندە گەورانە بگرن؟

+یانە بچوكەكان ناتوانن كێبركێی یانە زلهێزە پارەدارەكان بكەن، بەڵام ئەمان رێگایەكی تریان لەبەر دەمە ئەویش گرنگیدان بەیاریزانی لاو دۆزینەوەی (مەوهیبە)ی نوێ بەتایبەتی لە كیشوەرەكانی ئەمەریكا و ئەفەریقیا كە ئەمە دەبێتە چەكێك بۆ ئەوەی كێبركێی یانەكانی پێبكەن و یاریزانی لاو دروست بكەن و بەنرخێكی گران بیفرۆشنەوە هەروەك لە ساڵانی دوایی یانەكانی مۆناكۆ و بێنفیكا و ڤاڵنسیا و سیڤیا و دۆرتمۆند و شاختار دۆنیستیك سودمەندی یەكەم بوونە.

- رۆیشتنی رۆنالدۆ بۆ یوڤانتوس تام‌و چێژی لالیگا وەك خۆی دەهێلێت؟

+گومان لەوەدا نیە رۆنالدۆ یەكێكە لەباشترین گۆڵكارەكانی مێژووی تۆپی پێ و زیاتر لە 10 ساڵە بەئاستێكی بەرز یاری دەكات، من پێموایە زەرەمەندی یەكەم لالیگاو ریال مەدرید دەبن چونكە دۆن خاوەن زۆرترین هاندەر لەجیهان كە ئەمانەش لە لالیگا و ریال پاشگەز دەبنەوە و زۆربەیان روو لە خانمە پیرەكەو سیریا ئەی دەكەن.

لەم وەرزەدا ئەو كێبركێیەی لە ساڵانی رابردوو لە لالیگا دەمان بینی لە نێوان رۆنالدۆ و میسی ئەوە نابینین، بەڵام كێبركێی نێوان ریال و بەرشە هەر دەمێنێو هەر بەردەوامیش دەبێت.

-پێشبینی دەكەی ئەوساڵ خولی یانە پاڵەوانەكان گۆڕانكاری بەسەربێت، مەبەستمان یانەیەكی تر جگە لە ریال مەدرید ئەو خولە بەدەست بهێنێت؟

+بێگومان ئەم ساڵ خولی پاڵەوانەكانی ئەورپا كێبركێی زۆر زیاتر دەخاتە نێو یانەكان بەتایبەتی گۆرانكاری و بەرزبوونەوەی ئاستی یانەكانی مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمان گەرانەوەی ئینتەر میلان بۆ خولەكە، هەروەها رۆیشتنی رۆنالدۆ بۆ یۆڤانتوس رۆحیەتێكی زیاتر بەو یانەیە دەدات بۆ كێبركێ كردن لەسەر ناسناوەكە چونكە لەم سێ وەرزەی رابردوو بینیمان رۆنالدۆی چامپیۆنز لیگ زۆر جیاوازترە لە رۆنالدۆ پاڵەوانێتیەكانی تر.

ریال مەدریدیش ئەگەر یەكێك لەئەستێرە جیهانیەكان نەهێنێتە ریزەكانی ئەوا ئەم وەرزە بۆشاییەكی زۆر لە پێكهاتەكەیدا دەبینرێت هەروەك بینیمان بەهۆی بوونی دۆن و تۆماركردنی گۆڵە زۆرەكانی لەو پاڵەوانێتیە كەم و كوریەكانی یانەكەی شاردبووەوە.

-لە پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپا ئێستا كامیان بە گەورەتر دەزانی و بۆچی؟

+من پێموایە تا ئێستاش لالیگا لە پێش هەمووانە چونكە ساڵانێكی زۆرە ئەو خولە هەر لە پێشەنگە هۆكاری یەكەمیشی بوونی یانەكانی بەرشەلۆنەو ریال مەدرید هەروەها ئەو هەموو ئەستێرەیەی لەو دوو یانەیە یاری دەكەن لەسەرووی هەموشیانەوە میسی و رۆنالدۆ. هەروەها بینیمان كە لە بست ساڵی رابردوو یانەكانی ئیسپانی زۆرترین جامەكانی ئەوروپی و جیانیانیان بەدەستهێناوە لەگەڵ تۆپی ئاتونی كە بۆ یانەكانی ریال و بەرشەبووە.

-كامە یانە تا ئێستا پارەی ئێجگار زۆر خەرج كردووە بۆ كڕینی یاریزان؟

+بەشێوەیەكی گشتی خولەكان لەم سالانەی دوایی ژمارەپێوانەییەكانیان شكاندووە لە خەرجكردنی پارەی یانەكان بۆ كرینی یاریزانان بەتایبەتی یانەكانی پاریس سانجێرمان و مانچێستەر سیتی و بەرشەلۆنە و میلان، كە وایان كردووە رێژەی خەرجی پارەی تێكرایی لە كرینی یاریزانان بەرزببێتەوە تا ئەو رادەیەی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا لێكۆلینەوە لەگەڵ یانەكان بكات لەسەر زۆری خەرج لەچاو سوود.

لەم وەرزەشدا تا ئێستا پرێمەرلیگ هەر لە پێشەنگە لەخەرج كردنی پارە بۆ كرینی یاریزانان بەتایبەتی چێلسی و مان سیتی و لیڤەرپول، لە ئیتاڵیاش یۆڤانتوس و ئینتەر میلان، لە ئیسپانیاش بەرشەلۆنە بەڵام تا ئێستا ریال بەسیستی لەكرینی یاریزانان بەدیاركەوتووە كە بەپێی هەواڵی رۆژنامەكانی ئیسپانیا یانەكە دەیەوێت گرنگی بە یاریزانی لاو ببەستێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پَكهاتەیەكی لاودرستبكەن، هەرچەندە تا ئێستاش دەرگای گواستنەوەی یاریزانان دانەخراوە.

-چی ترت ماوە بۆ وتن؟

+دەست خۆشی لەستافی رێگای كوردستان دەكەم بۆ ئەم دیمانەیە، هیوادارم بەردەوامبن لە گەیاندنی زانیاری و هەوالی زیاتر بەخوێنەرانیان و گرنگی زیاتریش بە وەرزشی نێوەخۆبدەن.