ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای تەواوبوونی خولێكی تر لە یارییەكان لە زۆربەی كیشوەرەكان‌و، كردنەوەی بازاڕی كڕین‌و فرۆشتنی یاریزانان، یانە گەورە‌و بچووكەكان سەرقاڵی بازاڕكردنن چ بە كڕین یان فرۆشتن‌و رێكخستنەوەی تیپەكەیان، بۆ ئەم مەبەستە ماڵپەڕی رێگای كوردستان دیدارێكی كورتی لەگەڵ (مامۆستا كەمال) شیكەرەوەی وەرزشی ئەنجامدا:

ئا: هێرش مەغدید

-ئەو بۆندانەی لەو هاوینە مۆركراون، چ كاریگەرییەكیان هەیە لەسەر خودی یانەكان؟

+بێگومان واژووكردنی بۆندی نوێ لەگەڵ یاریزانان كاریگەری زۆریان دەبێت لەسەر یانەكان، چونكە دەستەی راهێنەرانی یانەكان خاڵی لاوازی خۆیان دەزانن و دەست نیشانی دەكەن، ئەو كاتە پێشكەشی دەستەی كارگێری دەكەن و داوای ئەو یاریزانانە دەكەن كە پێویستیان پێی هەیە، بۆیە وەكو لایەنی هونەری سوودی بۆ یانەكە دەبێ‌ ئەمە جگە لەلایەنی دارایی و ریكلام و .... كە هەمووی دەبێتە داهاتێكی باش بۆ یانەنەكە.

-ئەی ئەو یانە هەژارانە چی بكەن بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو بۆندە گەورانە بگرن؟

+ئەو یانانەی كە ناتوانن بۆندی گران بەها واژوو بكەن ئەوا بەگوێرەی داهاتی خۆیان یاریزان دەهێننە ریزەكانیان، چونكە ئەوان چاویان لەبەدەستهێنانی نازناو نییە، تەنها مەبەستیان مانەوەیە لە خولەكان، زۆركاتیش یانە بچووكەكانیش سوودمەندی گەورە بوونە لە فرۆشتنی یاریزانان وەكو یانەكانی خولی فەڕەنسی.

- رۆیشتنی رۆنالدۆ بۆ یوڤانتوس تام‌و چێژی لالیگا وەك خۆی دەهێلێت؟

+ رۆیشتنی رۆناڵدۆ بۆ یانەی یۆڤنتوس وەكو یاریزان شتێكی زۆر ئاساییە، بەڵام ئایا لەتام و چێژی خولی لالیگا كەم دەكاتەوە؟ بێگومان كاریگەری خۆی دەبێ‌ لەرووی ئامادەبوونی هاندەران لە یاریگاكان، بەڵام هاندەری راستەقینەی یانەیەك واز لەیانەكەی ناهێنێ‌ بەرۆیشتنی یاریزانێك یان ئەستێرەیەك، چونكە لە ساڵانی رابردووش ئەم حالەتە رووی داوە.

-پێشبینی دەكەی ئەوساڵ خولی یانە پاڵەوانەكان گۆڕانكاری بەسەربێت، مەبەستمان یانەیەكی تر جگە لە ریال مەدرید ئەو خولە بەدەست بهێنێت؟

+خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا هەموو كات تام و چێژی تایبەتی خۆی هەیەو هەموو یاریزانێك هیوا دەخوازێت لەم خولە گەورەیە یاری بكات، راستە سێ‌ ساڵە لەسەریەكتر یانەی ریال مەدرید بۆتە پاڵەوان، بەڵام ناكرێ‌ رۆڵی یانەكانی تریش لە بیر بكرێت كە هەموو ساڵ ركابەری دەكەن بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەكە وەكو یانەكانی (یۆڤنتۆس، لیڤەرپوول، ئەتلەتیكۆ مەدرید، بەرشەلۆنە) بۆیە شتێكی ئاساییە ئەگەر یانەیەكی تر ببێتە پاڵەوانی چامپیۆنس لیگ.

-لە پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپا ئێستا كامیان بە گەورەتر دەزانی و بۆچی؟

+ خولی پریمەرلیگی ئینگلیزی لای من لە هەر پێنج خولەكە گەورەترەو بەهێزترە، چونكە تام و چێژی تایبەتی خۆی هەیە، لەرووی تاكتیك و خێرایی و بەهێزی یارییەكان و بوونی چەندەها یاریزانی ئەستێرەو لێهاتوو لەگەڵ بوونی راهێنەرانی ناودار، لەگەڵ رێزو سڵاو خۆشەویستم بۆ خولەكانی ترو هاندەران و یاریزانان و راهێنەران.

-كامە یانە تا ئێستا پارەی ئێجگار زۆر خەرج كردووە بۆ كڕینی یاریزان؟

+خەرجكردنی پارە لەلایەن یانەكان لەخولێك بۆ خولێكی دیكە جیاوازە، لە ئیتاڵیا دەبینین لە (یۆڤی و میلان و ئینتەر) زۆرترین پارە خەرج دەكەن، لە ئینگلتەرا (لیڤەرپوول و چێڵسی) بەڵام یانەكانی (تۆتنهام و مان سیتی) زۆر كەمتر یان هەر خەرج ناكەن، لە ئیسپانیا یانەی (ئەتلەتیكۆ مەدرید) لەم هاوینە پارەی زیاتری خەرجكردووە بەبەراورد، لەگەڵ یانەكانی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە. بەشێوەیەكی گشتی یانەكان هەوڵ دەدەن بەخەرجكردنی بڕە پارەیەك یاریزان بكڕن و هێلەكانی خۆیانی پێ‌ بەهێزتر بكەن.

-چی ترت ماوە بۆ وتن؟

+لە كۆتاییدا دەمەوێ‌ ئەوە بڵێم لەم ساڵانەی دوایی یاریزان وەكو بەندەو عەبدی لێهاتووە بەبڕە پارەیەكی خەیالی دەكڕن و دەفرۆشن و خاوەنی یانەكان تیایدا سوودمەندی یەكەمن، چونكە وەكو كارو بزنس بەكاریان دێنن، گۆڵپارێزێك بە 80 ملیۆن یۆرۆ (كیپا) بلباو بۆ چێڵسی، نەیمار داسیلڤا لە بەرشەلۆنە بۆ پاریس سانجێرمان بە (222) ملیۆن یۆرۆ، لەكۆتاییدا دەڵێم هیوادارم وەرزش بەگشتی و یاری تۆپی پێ بەتایبەتی پەیامی پیرۆزی خۆی لەدەست نەداو یارییەكان تام و چێژی خۆی هەبێت.