ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی ئاواتەخوازە بتوانێ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا گرێبەستی دێڤید دی خیای گۆڵپارێزی ئیسپانی و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بەدەستبێنێ.

ئەمە لە كاتێكدایە كە مانەوەی دی خیا لە یانەی مانچستەر یونایتد تا ئێستا یەكلایی نەبۆتەوە دوای ئەوەی رەتی كردبووەوە گرێبەستەكەی درێژ بكاتەوە كە هاوینی 2019 كۆتایی دێت.

هەرچەندە لە گرێبەستەكەدا خاڵێك هەیە كە یانەی مانچستەر یونایتد دەتوانێ بۆ ساڵێكی تر درێژی بكاتەوە، بەڵام پێشبینی دەكرێ یانەكە بۆ ساڵی داهاتوو ئەم گۆڵپارێزەی بخاتە بازاڕی فرۆشتنی یاریزانەوە بۆ ئەوەی نەبادا لە وەرزی داهاتوو نرخەكەی دابەزێ یاخود ناچار بكرێ بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر دەستبەرداری بێت.

رۆژنامەی توتو سپۆڕتی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: بەرپرسانی یانەی یۆڤێنتۆس ناوی دی خیایان لەنێو لیستی داواكارییە سەرەكییەكان تۆمار كردووە كە 3 یاریزان لەخۆ دەگرێ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا.

ئەو سێ یاریزانەی كە یانەی یۆڤێنتۆس لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا هەوڵیان بۆ دەدات برێتین لە دی خیا، خامێس رۆدریگیزی ئەستێرەی كۆڵۆمبی و یانەی ریال مەدرید و بایرن میونشن لەگەڵ یاریزان رۆبن نێڤێزی ئەستێرەی یانەی وڵڤەرهامبتۆنی ئینگلیزی.