ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نیزام شه‌بیب

له‌ یاریگای مه‌حمودی مامه‌ عه‌زه‌، یارییه‌كی خولی نایابی كوردستان له‌ گه‌ڕی نۆزده‌یه‌م به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ هه‌ردوو یانه‌ی زاخۆی میوان و ده‌ربه‌ندیخانی خاوه‌ن ماڵ به‌یه‌گه‌یشتن.

دوێنی، له‌ یارییه‌كانی گه‌ڕی نۆزده‌یه‌می خولی نایابی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان، یاریی نێوان ده‌ربه‌ندیخان و زاخۆ به‌ڕێوه‌چوو.

یاریی ده‌ستیپێكرد و یاریزانانی ده‌ربه‌ندیخان به‌ پاڵپشتی هانده‌ره‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌یان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستیان به‌ هێرشبردن كرد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تایی یارییه‌كه‌وه تۆڕی میوانه‌كه‌یان بهه‌ژێنن و ئاگر له‌ یاریگا به‌رده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زاخۆش بخه‌نه‌ نێو ئه‌و دۆزه‌خه‌ی تا ئێستا هیچ یانه‌یه‌ك بێ سووتان ڕزگاری نه‌بێت .

ده‌ربه‌ندیخان له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر زاخۆ، توانی له‌ خوله‌كی 12 یارییه‌كه‌، له‌ ئه‌نجامی دروست بوونی په‌ناڵتیه‌ك له‌ ڕێگای بینجامینی ئۆلامین، ده‌ربه‌ندیخان بووه‌ خاوه‌نی گولی یه‌كه‌م، دوای ئه‌م گوڵه‌ یاریزانانی هه‌ردوو یانه‌ فشاری زیاتریان دهكرد، ده‌ربه‌ندیخان بۆ گولی دووه‌م و زاخۆش بۆ گولی به‌رامبه‌ر، به‌م هه‌وڵه‌كان بێ ئه‌نجام بوون و گێمی یه‌كه‌م له‌ یاریگای مه‌رگ به‌و تاكه‌ گوڵه‌ی كوڕی كیشوه‌ری ڕه‌ش به‌ كۆتا هات بۆ شین پۆشه‌كان .

گێمی دووه‌می یاریی نێوان ده‌ربه‌ندیخانی خاوه‌نی گوڵی یه‌كه‌م و زاخۆی دۆڕاو له‌م یارییه‌ ده‌ستی پێكرد و زاخۆ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ هێرشبردن بۆ سه‌ر گۆڵی ده‌ربه‌ندیخان ده‌ستی پێكرد بۆ ئه‌وه‌ی برینه‌كه‌ی سارێژ بكات، ده‌ربه‌ندیخانیش هێڵی به‌رگرییه‌كه‌ی به‌هێز كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ نه‌دات زاخۆییه‌كان دڵی هانده‌ره‌كه‌یان بشكێنن، شین پۆشه‌كانیش به‌رده‌وام هێرشیان ده‌كرد

هه‌رچه‌نده‌ زاخۆ با ده‌ست بوونی پێوه‌ دیاربوو له‌ یارییه‌كه‌، هه‌ردوو ڕاهێنه‌ر ژماره‌یه‌ك گۆڕانكارییان ئه‌نجامدا زاخۆ بۆ بردنه‌وه‌ و ده‌ربه‌ندیخانیش بۆ به‌رگریكردن له‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی، له‌ كۆتایی خوله‌كه‌كانی یارییه‌كه‌ كوره‌كانی زاخۆ هێز و فشاری زۆریان خسته‌ سه‌ر ده‌ربه‌ندیخان به‌ڵام لێهاتووی هێڵی به‌رگری و هه‌ژاری گوڵپارێز فشاره‌كانی زاخۆیان پۆچه‌ڵكرده‌وه‌ و یارییه‌كه‌ش به‌و تاكه‌ گوڵه‌ی بینجامین به‌ كۆتا هات و ده‌ربه‌ندیخانیش بووه‌ براوه‌ی یارییه‌كه‌ و ڕێگه‌ی نه‌دا زاخۆ ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌رده‌وام بێت و قه‌ره‌بووی غه‌دره‌ لێكراوه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی خۆشی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر دڵی زاخۆییه‌كان .

دوێنی هه‌ر له‌ میانه‌ی یارییه‌كانی خولی نایاب، دهۆك و برایه‌تی له‌ دهۆك به‌یه‌ك گه‌یشتن و یارییه‌كه‌ یه‌كسان بوو به‌ گولێك بۆ هه‌ردوولا ، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی له‌ هه‌ندریێنی خاوه‌نی ماڵی برده‌وه‌.