ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رۆژنامەی ماركای ئیسپانیا، لە راپۆرتە هەواڵێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە كەریم بێنزێما ریكۆردێكی مێژوویی گەورەی بە نێوی خۆی نووسیوەتەوە و پێشتر بە هیچ یاریزانێكی دیكەی لالیگا نەكراوە، تەنانەت مێسی و كریستیانۆش نەیانتوانیوە ئەو ژمارە پێوانەییە تۆمار بكەن.

بە گوێرەی رۆژنامەی ماركا، كەریم دوای ئەو گۆڵەی لە خولەكی 89 لە دژی یانەی هۆیسكا تۆماری كرد كە 3 خاڵی یارییەكەی بۆ یانەكەی مسۆگەر كرد، بووە یەكەمین یاریزان لە مێژوودا كە گۆڵی لە سەرجەم ئەو یانانە كردووە كە رووبەڕووی بۆتەوە.

بێنزێما لەوەتەی لە 2009ـەوە روویكردۆتە ریال مەدرید بەرامبەر 34 یانەی جیاوازی لالیگا یاری كردووە و گۆڵی لە هەر 34 یانەكە تۆمار كردووە.

ئەمەش لە كاتێكدایە لیۆنێل كاپتنی بارسێلۆنا لە كۆی 40 یانەی لالیگا، گۆڵی لە 38 یانە كردووە و تا ئێستا نەیتوانیوە گۆڵ لە یانەكانی مۆرسیا و قادش بكات.

لە لایەكی دیكەیشەوە، كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی پورتوگالی پێشووی ریال مەدرید له كۆی‌ 33 یانەی لالیگا گۆڵی لە 32 یانە كردووە و تەنیا بەرامبەر لیگانیس گۆڵی نەكردووە.