ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نیزام شه‌بیب-رێگای كوردستان

دوای ته‌واو بوونی یاری نێوان یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان، كرژی و ئاڵۆزی له‌ نێوان پۆلیسی چالاكییه‌ مه‌ده‌نیه‌كان وهانده‌رانی ده‌ره‌به‌ندیخان دروست بوو، دواتر ژماره‌یه‌ك هانده‌ری ئه‌و یانه‌یه‌ به‌هۆی ڕشتنی گازی فرمێسك ڕێژه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كران .

ئێواره‌ی رۆژی سێشەممە، 9ی نیسانی 2019، له‌ میانه‌ی یارییه‌كانی گه‌ڕی 22ی خولی نایابی كوردستان، له‌ شاری سلێمانی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و ده‌ربه‌ندیخان به‌ یه‌كگه‌یشتن، له‌ ئه‌نجامدا پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی به‌ گۆڵێكی بێ وه‌ڵام یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌.

دوای چه‌ند خوله‌كێك له‌ ته‌واو بوونی یارییه‌كه‌ شه‌ڕو ئاژاوه‌ له‌ نێو به‌شێك له‌ هانده‌رانی ده‌ربه‌ندێخان و پۆلیسی چالاكییه‌ مه‌ده‌نیه‌كان، كه‌ ئه‌ركیان پاراستنی یاریگاكه‌یه ڕوویدا.

به‌ پێی وته‌كانی هه‌رێم لالۆ، له‌سه‌ره‌تای گێمی دووه‌می یارییه‌كه‌وه‌ پۆلیسێكی چالاكییه‌ مه‌ده‌نیه‌كان،ڕێگیری له‌ هاندانی هانده‌ران كردووه‌، دوای ته‌واو بوونی یارییه‌كه‌ و چوونه ژوره‌وه‌ی هانده‌ران بۆ لای یاریزانه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی دژ به‌و ئه‌نجامه‌ خراپه‌، هه‌مان پۆلیس پاڵی به‌منه‌وه‌ ناو، پاشتر پۆلیسێكی دیكه‌ داوای كرد ده‌ستبه‌سه‌رم بكات به‌ڵام به‌رپرسه‌كه‌یان ڕازی نه‌بوو .

هه‌رێم، ئه‌وه‌شی وت: له‌و كاته‌دا، دوو ئه‌ندامی ده‌سته‌ی یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان، هاتنه‌ لای پۆلیسه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌ی بۆمنیان دروست كردبوو، پۆلیسیێك پاڵی به‌ یه‌كێكیانه‌وه‌ نا و دوای گفتوگۆیه‌كی بچووك كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بوو، دواتر فۆتۆگرافه‌رێك ئه‌و چه‌كه‌ی گازی فرمێسك ڕشتنه‌كه‌ی تێدایه له‌ پۆلیسه‌كه‌ی سه‌ند و گازه‌كه‌ی كرد به‌سه‌رو چاوماندا و به‌و هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك له‌ هانده‌ران ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی سلێمانی كران و دواه‌ی چاره‌سه‌ركردن، نه‌خۆشخانه‌یان جێهێڵا.