ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یاریزان خەیاڵ حەمە ئەحمەدی تەمەن 22 ساڵ، كاپتنی یانەی دەربەندیخان بۆ تۆپی بالە، لە ئێستاكەدا بەهۆی ئاستە بەرزەكەیەوە بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یاری تۆپی بالە كراوە، بۆ ئەم بەمەبەستەش ماڵپەری رێگای كوردستان دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجامداوە.

دیمانە / رابەر مەغدید

-لەكەیەوە دەستت بەیاریكردن كردووە؟

+ماوەی پێنج ساڵ دەبێت دەستم كردووە بە یاری بالە.

-چۆن یاری تۆپی بالەت هەلبژارد؟

+هەر لە منداڵیەمەوە ئارەزووم هەبووە بۆ ئەم یارییە، بەڵام لەسەرەتادا لە خولێكی قوتابخانەكان بووە هەلێك بۆ من كە دەست بەم یارییە بكەم، دواتر خۆشەویستی ئەم یارییە بۆ من تێكەڵ بە ڕۆحم بوو هەتا وەكو ئێستاش بەردەوامم.

-سەرەتایی یاری كردنت لە چ یانەیەك بوو؟

+بە خۆشحاڵیەوە سەرەتایی یاری كردنم بۆ یانەی دەربەندیخان بوو، هەمیشە یاریكردنم بۆ یانەی دەربەندیخان مایەی شانازیمە.

-ئەو دەستكەوتانەی لە كاروانی وەرزشی بەدەستت هێناوە؟

+لەبەر ئەوەی تیپەكەی ئێمە بۆ نزیكی پێنج ساڵ دەبێت دروست بووە، بەداخەوە تا ئێستا هیچ پاڵەوانتیەكی فەرمی نەبووە، جگە لە ئەمساڵ توانیمان بەشداری دوو خول بكەین، ئەویش خولی نایابی كوردستان و نایابی عێراق بوو، سەرەڕای هەوڵدان و ماندووبوونێكی زۆری یاریزانان و هاتووچۆ كردن بۆ ماوەی دوانزدە ڕۆژ لە كۆتاییدا توانیمان ئەنجامێكی باش و دڵخۆشكەر بەدەست بهێنین كە لە خولی عێراق توانیمان پلەی چوارەم بەدەست بهێننی, لە خولی نایابی كوردستانیش گەیشتین بە چوار گۆشەی زێڕین، وا بڕیارە یارییەكانی چوار گۆشەی زێڕین لە مانگی نۆی ئەمساڵدا لە شاری دهۆك بەڕێوە بچێت.

هەروەها لە خولەكەكانی تریش ئەنجامی زۆر باشمان بەدەستهێناوە، توانیمان ببین ژمارەیەكی قورس بۆ هەموو تیپەكانی دیكەو بەردەوام كێبڕكێی یانە گەورەكان دەكەین.

-بانگهێشتكردنت بۆ ریزی هەڵبژادەی عێراق لەسەر چ پێوەرێك بووە؟

+وەك ئاشكرایە بانگیهَشتكردن بۆ ریزە هەڵبژاردە، دەبێت لەسەر پێوەری ئاستی گشتی و باشترین یاری كردنتە، بۆیە منیش هەر لەسەر ئەو پێوەرە بانگێشت كراوم و زۆر دڵخۆشیشم.

-پێت وایە جیاوازی لە نێوان كورد و عەرەب دەكرێ لە ریزی هەلبژاردەی عێراق لەسەرجەم یارییەكان؟

+-نا نەخێر هیچ جیاوازییەك نابینم و بەو هیوایەشم هەموومان بەیەكەوە كار بكەین بۆ سەركەوتن و سەرخستنی هەڵبژاردەكەمان.

-كۆمەلگە نەبۆتە رێگر بۆ بەدیهێنانی خەونەكانت؟

+ دەتوانم بڵێم بەداخەوەم لە كۆمەڵگەی ئێمەدا هەر كارێك یاخود خەونێك نیازت بێت بە دەستی بهێنی چەندین كۆسپ و رێگریت دەێتە بەردەم، بەڵام سوپاس بۆ خوا تا ڕادەیەك ئەوەم تێپەڕاندووە و ئینشاڵڵا بەردەوامیش دەبم بۆ ئەوەی ئەوەی لە هەگبەمدایە پێشكەشی بكەم و ئەوەی لەخەیاڵمدایە بەدەستی بهێنم.

-بنەماڵەكەت تا چەند هاوكارو پاڵپشتن؟

+ بێگومان خێزانەكەم زۆر هاوكار و پاڵپشتم بوون هەمووكات هانی ئەوەیان داوم باشترین ئاست پێشكەش بكەم، هەمیشە سەركەوتنەكانم بۆ ئەوان دەگەڕێنمەوە.

-بەشێوەیەكی گشتی ئاستی یاریزانە كوردەكان چۆن دەبینی لە یاری بالەدا؟

+بە خۆشحاڵەوە لە ئێستادا ئاستی یاریزانە كوردەكان لە یاری بالەدا زۆر باشترە بە بەراورد لە نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان و عێراق و هیوای سەركەوتن بۆ هەموو یاریزانەكان دەخوازم بەهیوام یاریزانەكانی تریش رۆژێك لە رۆژان بتوانن درێسی هەڵبژاردەی عێراق بپۆشن.

-لەكۆتایی ئەگەر شتێكت مابێ؟

+دەمەوێت زۆر سوپاسی مامۆستا و ڕاهێنەری بە توانام (مامۆستا بەڕێز عەلی) بكەم كە هەمووكات پاڵپشت و هاوكارم بووەو بۆ ئەوەی بگەم بەو ئاستەی ئێستام، هەروەها سوپاسی كاك دانا و یانەكەم و سەرجەم هاوڕێكانم دەكەم بەشێك لە سەركەوتنەكانم دەگەڕێنمەوە بۆ ئەوان، سوپاسی بەڕێزیشتان دەكەین بۆ سەركردنەمان.