ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەنجامە خراپەکانی یانەی بارسێلۆنا بەردەوامن و ئەمجارە لە خاکی خۆیدا دوو خاڵی زۆر گرنگی لەدەستدا، دوای ئەوەی لە یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکاندا لەگەڵ یانەی سلڤیا پراگی چیکی یەکسانبوو.

بارسا لە کامپ نو میوانداری یانەی سلاڤیا پراگی کرد، هەرچەندە لەسەر کاغەز یارییەکە بۆ بارسا ئاسان بوو، بەڵام لە کۆتاییدا مێسی و هاوڕێکانی بۆ یەکەمجار لەم وەرزەدا نەیانتوانی بردنەوە لە خاکی خۆیاندا تۆماربکەن و یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.

لە یەکەم یاری ئێوارەی رۆژی سێشەممەدا لە گەڕی چوارەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کوڕانی ڤالڤێردی میوانداری سلاڤیا پراگی چیکییان کرد کە لە کۆمەڵەی شەشەمدا تەنیا خاڵێکی هەبوو، بەرگرییەکی بەهێز و گۆڵپارێزێکی ناوازە چەندینجار رێگربوون لەبەردەم لیۆنێل مێسی و هاوڕێیانیدا و گۆڵەکەیان بە پاکی راگرت، ئەمە یەکسانبوونی دووەمی یانەی بارسێلۆنا بوو لەم وەرزەی ئەمساڵی خولی یانە پاڵەوانەکاندا.

ئێستا بلاوگرانا خاوەنی هەشت خاڵە، پلەی یەکەمی لەدەستنەداوە بەڵام ئەرکی خۆی قورسکرد، چونکە بە بردنەوەی ئەم یارییە بەرێژەیەکی زۆر دەگەیشتە قۆناخی داهاتوو، بەڵام دەبێت لە دوو یاری داهاتوودا لانیکەم سێ خاڵ بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتمووند ئینتەرمیلان بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی 16.