ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

كاپتنی یانه‌ی به‌رسه‌لۆنه‌ی كه‌ته‌لۆنیا لیۆنێل مێسی، به‌ نامه‌یه‌كی تایبه‌ت ماڵئاوایی له‌ راهێنه‌ری یانه‌كه‌ ئه‌رنێستۆ ڤالڤێردی كرد، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ دره‌نگانی شه‌وی رابردوو، ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی یانه‌كه‌ هه‌واڵی له‌كارلادانی ڤالڤێردیان راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش دوای دۆڕاندنی یانه‌كه‌ هات، به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید، له‌ نیوه‌ی كۆتایی جامی سوپه‌ری ئیسپانیایی، و راهێنه‌ر كیكی سیتین بووه‌ شوێنگره‌وه‌ی ڤالڤێردی، تا كۆتایی خولی ئیسپانیا.

جۆسێب ماریا بارتۆمیۆی سه‌رۆكی یانه‌ی به‌رسه‌لۆنه‌ رایگه‌یاند: ماوه‌یه‌كه‌ ده‌زانین كه‌وا ستایلی دینامیكی راهێنه‌ر له‌ ئاستی باشی یانه‌كه‌دا نه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌نجام و ئاكامه‌كان زۆر باش بوون، چه‌ندجارێك قسه‌مان له‌وباره‌یه‌وه‌ كردووه‌ له‌گه‌ڵیدا، بڕیاربوو كه‌ كاره‌كان به‌ره‌و باشی بڕۆن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی وه‌رزی خوله‌كه‌داین، و پێویستیمان به‌ پاڵنان و به‌ره‌وپێشوه‌چوونێك هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌و گۆڕانكاریه‌مان به‌ پێویست زانی له‌م كاته‌دا، چونكه‌ چاومان بڕیوه‌ته‌ بردنه‌وه‌ی خولی ئیسپانیا و جامی شای ئیسپانیا و خولی پاڵه‌وانانی ئه‌وروپاش. هه‌روه‌ها گوتیشی: حه‌زمان نه‌ده‌كرد هه‌واڵه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ رابگه‌یه‌نین، به‌ڵام نازانین چۆن هه‌واڵه‌كه‌ دزه‌ی پێكراوه‌ بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، له‌ كۆتاییدا زۆر سوپاسی ڤالڤێردی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و دوو ساڵ و نیوه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵمانی به‌سه‌ربرد، و پێكه‌وه‌ چێژمان له‌ بردنه‌وه‌كان وه‌رگرت.

مێسیش له‌ لاپه‌ره‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ ئینستگرامدا، وێنه‌یه‌كی خۆی و ڤالڤێردی بڵاوكرده‌وه‌ و نووسیبووی: سوپاس ڤالڤێردی بۆ هه‌موو شتێك، باوه‌ڕم به‌ سه‌ركه‌وتنت هه‌یه‌ بۆ هه‌ر شوێنێك بڕۆی. تۆ راهێنه‌رێكی پرۆفیشناڵیت، و كه‌سێكی زۆر چاكی.. باوه‌شێكی گه‌وره‌.

ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ ڤالڤێردی راهێنه‌ری به‌رسه‌لۆنه‌ بوو، دوو جار نازناوی خولی ئیسپانیا و جارێك نازناوی جامی شا و جارێكیش جامی سوپه‌ری ئیسپانیای به‌ده‌ستهێناوه‌.