ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 كۆرونا هەڕەشە لە یاریگاكانی ئیتاڵیا دەكات

جۆزێپی کۆنتی، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا رایگەیاند، هەموو رێوشوێنێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراوەتەبەر، نایانەوێ لە رێگەی وەرزشەوە زیاتر تەشەنە بکات، بۆیە هەوڵ دەدەن چارەسەرێکی دروست بۆ ئەو دۆخە دابنێن.

بەپێی قسەی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتالیاش بێت، پێشبینی دەکرێت لەو ناوچانەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە بەبێ هاندەران یاری بکرێن، قسەش لە بارەی ئەوە هەیە کە سەرجەم یارییەکانی هەفتەی داهاتوو بەبێ ئامادەبوونی هاندەران لە ئیتالیا بکرێن.

لە لایەکی دیکەوە یانەی یوڤێنتوس لەترسی کۆرۆنا مۆزەخانەی یانەکەی داخست، ئەگەر هەیە دێربی ئیتالیای نێوان یوڤێنتوس و ئینتەرمیلانیش بەبێ هاندەر بەڕێوەبچێت لە سەرەتای مانگی داهاتوو.

گابریێل گراڤینا، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیتالیا گوتی: ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڕەشە نابێت بۆ یارییەکەی ناپۆلی و بارسێلۆنا، بەڵام لە نێوخۆ و بەتایبەت ئەو شارانەی کە ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە، هیچ یارییەک ناکرێت.

ئیتالیا گەورەترین زۆنە لە دەرەوەی چین کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرێژەیەکی بەرچاو لە هەڵکشاندایە، ئەمرۆ 60 حاڵەتی دیکە تۆمارکراون و گەیشتوونەتە زیاتر لە 217 حاڵەت، چوار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.