ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

فرانك لامپارد، راهێنەری یانەی چێڵسی بەفەرمی لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، ئەمەش دوای زنجیرەیەك لە ئەنجامی خراپ لەگەڵ بلووزدا.

دوێنێ‌ میدیاكانی بەریتانیا بەلێشاو باسیان لە دوورخستنەوەی فرانك لامپاردی ئەفسانەی پێشووی یانەی چێڵسی و راهێنەری شین پۆشەكانیان دەكرد، دواتر یانەی چێڵسی بەفەرمی دوورخستنەوەی فرانكی راگەیاند.

ئەنجامەكانی لامپارد لەم وەرزەدا جێگەی رەزامەندیی هاندەران نەبوون، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە لە بازاڕی گواستنەوەی رابردوودا 222 ملیۆن یۆرۆی لە گواستنەوەی 7 یاریزاندا بۆ خەرجكرا، كەچی ئێستا چێڵسی لە پلەی نۆیەمی ریزبەندیدایە،

لامپارد لەوەتەی بووەتە راهێنەری بلووز 84 یاری راهێنەر بوو، 44 بردنەوە، 17 یەكسانبوون، 23 دۆڕان، لە 4/7/2019ـەوە راهێنەری چێڵسییە و شوێنی ماوریزیۆ ساری گرتەوە، یەكەم راهێنەری چێڵسییە لەدوای ڤێلاش بۆواش زیاتر لە 30 یاریی راهێنەربووە و هیچ نازناوێكی نەبردووە.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵی بەریتانیا، یانەی چێڵسی لەگەڵ تۆماس تۆخێلی ئەڵمانیدا گەیشتووەتە رێككەوتن بۆ ئەوەی شوێنی لامپارد بگرێتەوە.

گرێبەستەكەی تۆخێل بۆ ماوەی چوار ساڵ و نیوە، ماوەی هەفتەیەكە بەرپرسانی بلووز لە گفتوگۆدان لەگەڵ ئەو راهێنەرە تاوەكو رازییانكردووە.

هەندێك لە میدیاكان دەڵێن ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری ئیتالیا رازینەبووە ئەو ئەركە بگرێتەئەستۆ، بۆیە بژاردەی دووەمی بلووز تۆماس تۆخێل بووە.

 

هاوینی داهاتوو میسی بە خۆڕایی پەیوەندی بە پاریس سانجێرمان دەكات

لیاندرۆ پارێدێس، یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە لێدوانێكیدا پەردەی لەسەر هەموو ئەو گومانانە لادا كە باس لە چوونی لیۆنێل مێسی بۆ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەكەن.

پارێدێس لە دوایین لێدوانیدا كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە دەڵێت: بەرپرسانی یانەی پاریس سانجێرمان هەوڵەكانیان بۆ گواستنەوەی مێسی دەتسپێكردووە.

ئەمە یەكەم لێدوانی فەرمییە لەلایەن پاریسەوە كە باس لە نزیكبوونەوە و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی توانای ئەو ئەفسانە زیندووەی ئەرجەنتین بكات.

پێشتر لیۆناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی پاریس سانجێرمان لەسەر ئەو بابەتە قسەیكردبوو، باسی لەوەكرد كە دەرگای یانەكە هەمیشە بۆ مێسی واڵایە، بەڵام ئەوەی نەدركاند كە هەوڵیان بۆ گواستنەوەی داوە یان نا.

پارێدێس لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە پەیوەندی خۆی و مێسی دەكات و دەڵێت: ئەو باشترینی جیهانە و هاوڕێكی نزیكی منیشە لە هەڵبژاردەی تانگۆ، بۆیە حەزدەكەم زوو ئەو گرێبەستە بكرێت و دەتوانین لەگەڵ مێسیدا زۆرشت بكەین.

مێسی ئێستا یاریزانێكی ئازادە و دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەكدا بكات كە بییەوێ و لە هاویندا دەتوانێ ریزەكانی بارسا بەخۆڕایی جێبهێڵێت.

جگە لە پاریس، ناوی مێسی بە یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزیشەوە بەستراوەتەوە و یەكێكە لە ئەگەرە بەهێزەكان بۆ ئەوەی لیۆ پەیوەندییان پێوەبكات.