ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

میسى لە گەڕانەوەکەیدا بۆ بەرشەلۆنە چاوى بە دوو یاریزانى بەرشەلۆنە کەوتووە و لەگەڵیان کۆبووەتەوە.

دواى یەکەم یارى پاریس سان جێرمان لە هەفتەى یەکەمى خولى فەڕەنسا، لیۆنێل میسى ئەرجەنتینى سەردانى شارى بەرشەلۆنەى کرد و پشووى ئەم چەند ڕۆژەى لەوێ بەسەربرد.

ڕۆژنامەى مۆندۆى کەتەلۆنى ئاشکرایکرد، میسى دووشەممە نانى ئێوارەى لەگەڵ سێرجیۆ بۆسکێچ و جۆردى ئەلباى هاوکارانى پێشووى لە یانەى بەرشەلۆنەى ئیسپانى خواردووە و هەندێک یاریزانى پاریسیش ئامادەى ئێوارە خوانەکە بوون، وەک لیاندرۆ پاریدێس و مارکۆ ڤیراتى.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەى ڕابردوودا ئەو دەنگۆیە بڵاوبووەوە، کە گوایە بەرشەلۆنە جارێکى تر نیازى گەڕاندنەوەى میسى هەیە لە هاوینى داهاتوودا و هەندێک سەرچاوەش دووپاتیانکردەوە هەواڵەکە دوورە لە ڕاستییەوە.

میسى لە یەکەم هەفتەى خولى فەڕەنسا بەرامبەر یانەى کلێرمۆن، دوو گۆڵى تۆمارکرد و گۆڵێکیشى بۆ نیمار دا سیلڤاى بەڕازیلى هاوکارى درووستکرد و بە بەهێزییەوە دەستى بە وەرزى نوێکرد.

میسى هاوینى ڕابردوو بەبێ بەرامبەر پەیوەندى بە پاریس سان جێرمانەوە کرد، دواى ئەوەى گرێبەستەکەى لەگەڵ بەرشەلۆنە کۆتایى هات و بەهۆى قەیرانى داراییشەوە نەیتوانى نوێى بکاتەوە.