ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یانەی ریال مەدرید لە جامی سوپەری ئەوروپای لە یانەی ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی بردەوە و چوارەم نازناوی لە ساڵی 2022ـدا بەدەستهێنا.

ریال مەدریدی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و ئاینتراخت فرانکفۆرتی پاڵەوانی یۆرۆپالیگ کاتژمێر ٢٢:٠٠ (بەکاتی هەولێر) لە شاری هێلسنکیی پایتەختی فینلاند یاریەكەیان ئەنجامدا و ناوبژیوانی ئینگلیزیی بەئەزموون، مایکڵ ئۆلیڤەر ناوبژیوانی یارییەکەی بەرێوەبرد، یاریەكەكە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی جامی سوپەری ئەوروپا لە هێلسنکیی فینلاند رووبەڕووی یەکبوونەوە، یانە ئیسپانییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە پاڵەوان.

لە خولەکی 37 دەیڤد ئالابا بە ئاسیستی کاسیمێرۆ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی شاهانە تۆمارکرد، نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی ئیسپانییەکان کۆتاییهات.

 لەنیوەی دووەمدا هێرشەکانی ریال مەدرید بۆ سەر گۆڵی کیڤن تراپ بەردەوامبوون، لە خولەکی 65 کەریم بنزیما گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد و ریال مەدریدی بەتەواوی لە بردنەوەی نازناوەکە نزیککردەوە.

هەردوو یانەش دوای ٦٢ ساڵ بۆ یەکەمجار دژبە یەک لە ئەورووپا یاریی کۆتاییان كرد، كە پێشتر لە ساڵی ١٩٥٩-١٩٦٠دا، یانەی ریال مەدرید و ئاینتراخت فرانکفورت لە یاریی کۆتایی جامی یانە پلە یەکەکان، رووبەڕووی یەک بووبوونەوە و ریال مەدرید بە ئەنجامی ٧-٣ یارییەکەی بردەووە و جامەکەی بەدەست هێنا.

لە لایەکی تریشەوە بۆ یەکەمجار لە یارییەکەدا، تەکنەلۆجیای ئۆفسایدی نیمچە ئۆتۆماتیک، بەکارهێنرا کە لەڕێی کامێرای تایبەتەوە چاودێری ٢٩ خاڵی جیاوازی جەستەی هەر یاریزانێک دەکات.