لویس ئینریكی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنوسیدا پێش یارییەكەی ئەمڕۆیان بەرامبەر ئەڵمانیا لە جامی جیهانی 2022ی قەتەر ئاماژەی بەوەكرد، ئەڵمانیا هەڵبژاردەیەكی بەهێزە و هەمیشە بە هێرشبردن یاری دەكات.
ئینریكی لە بارەی یارییەكەشەوە دووپاتیكردەوە، لە ڕووی بەرگری و هێرشبردنەوە بۆ یارییە گەورەكان و نمونەییەكان ئامادەن.
هاوكات ئینریكی ستایشی گاڤی یاریزانی هەڵبژاردەكەی كرد، كە سەرسام بووە پێی و بە یاریزانێكی زیرەكی دەزانێت و دەشڵێت "گاڤی لە دیاریكردنی شوێنی یاریكردنیدا زۆر باشە و بە تێڕوانین لە بەهرەكەی و كەسایەتییە بەهێزەكەی لە یاریگادا لە داهاتوودا دەبێتە ئەستێرە".
ئینریكی باس لەوەشدەكات، كە دەبێت لە یاریەكاندا ئاگاداربن و نەكەونە تەڵەی بردنەوە گەورەكەیان بەرامبەر كۆستاریكا، كە بە حەوت گۆڵی بێ بەرامبەر براوەبوون.
ئینریكی دەڵێت "ئاستی هەڵبژاردەكانی ئەڵمانیا و ئیسپانیا لە یەكەوە نزیكە و هەمیشەش شتە كتوپڕەكانیش لە یارییەكاندا بوونیان هەیە، ئامانجمان بەدەستهێنای ئەنجامی گەورە نییە، تەنیا ئەنجامدانی ئاست و ئەنجامێكی نمونەییە، لە یاریشدا هەڵە ڕوودەدات، بەڵام كات هەیە بۆ چارەسەركردن و نا بێت هیچ شتێك بۆ ڕكابەرەكەمان بەجێبهێڵین".