فێرناندۆ سانتۆسی راهێنەری هەڵبژاردەی پورتوگال لە كۆنفرانسی رۆژنامەنووسی پێش یاریەكەی ئۆرۆگوای دوپاتیكردەوە كە شێوازی یارینەكردنی ئۆرۆگوای نەگۆڕە و بەشێكی زۆری یاریزانەكانیان پشت بە هێزێكی جەستەیی زۆر دەبەستن لە یاریگادا.
سانتۆس ئاماژەی بەوەدا كە ئۆرۆگوای پشت بە شێوازی چوار دوو سێ یەك دەبەستێت و لە هێرشبردن بە تۆپی درێژ زۆر باشن و هەوڵدەدەن یاریزانانی تیپی بەرامبەر رابكێشن تا لە هێرشی گەڕاوەدا گۆڵ تۆمار بكەن.
ئاشكراشیكرد كە لە توانایاندایە شكست بە هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای بهێنن و دەیانەوێت بەردەوام لە یاریەكەدا كۆنترۆلی تۆپ بكەن و وانەیەكی باش لە یاریەكەی غاناوە فێربوون.
سانتۆس داوای لە یاریزانانی هەڵبژاردەكەی كرد كە وەك یەك تیپ یاری بكەن و پشت بە یاری بە كۆمەڵ ببەستن تا بتوانن ئەو ئامانجانەیان بەدەستبهێنن كە لە بیركردنەوەیاندایە.
دەربارەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ، سانتۆس دوپاتیكردەوە كە ساڵانێكی زۆرە ئەو یاریزانە دەناسێت و ئەزمونێكی زۆری بەدەستهێناوە بەڵام ئەوان تەنیا سەرنجیان لەسەر ئەو نابێت لە یاریگادا.