ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەندرێس ئینێستای بە ئەزمون و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی لەسەر ئەگەری خانەنشین بوونی و وازهێنانی لەیاریكردن لێدوانی بۆ رۆژنامەنوسان دا.

ئێنێستا لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رەتیكردووەتەوە بەهۆی پەیوەندیكردنی فیلیپ كۆتینیۆی بەرازیلی بەیانەی بەرشلۆنە پێگەی خۆی لەدەست بدات.

ئینێستا بە رادیۆ ئۆندا سیرۆی وتووە " هەموو كاتێك دووپاتمكردووەتەوە باشترین یاریزانەكان دەتوانن لەم یانەیەدا یاریی بكەن، ئەوەش وای كردووە كۆتینیۆ ببێتە یەكێك لە باشترینەكان، ئەو یاریزانێكی لاوەو توانایەكی بەرزی سروشتی هەیەو لەبەرشلۆنەش زیاتر بەرەو پێش دەچێت".

ئینێستا لەبەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا وتویەتی " هیچ یاریزانێك نییە من ناچار بەخانەنشین بوون بكات، یاخود بەهۆیەوە ریزەكانی بەرشلۆنە بەجێبهێڵم تەمەنم 33 ساڵە، بەڵام ئەوە كێشەیەك نییە، كۆتینیۆ هاتووە تاوەكو ئێمە باشتربین، من دڵخۆشم لەبەرئەوەی ئەو یەكێكە لەباشترین یاریزانەكانی جیهان".

وێنەكێشەكە لەكۆتایی لێدوانەكەیدا وتویەتی " كۆتینیۆ یاریزانێكی خێرا و لێهاتووە، بەباشی لەهاوڕێكانی و جوڵەكانیان تێدەگات، هەردوو قاچەكەی بەشێوەیەكی زۆر باش بەكاردەهێنێت، ئەو گۆڵ دروستكەرو گۆڵكارێكی نایابە، دڵنیام كەشێك دەدۆزێتەوە بۆ گەشەكردن و بەرەو پێشچوونی زیاتر".

یانەی بەرشلۆنە لەچەند رۆژی رابردوودا فیلیپ كۆتینیۆی بەرازیلی لەیانەی لیڤەرپوڵەوە گواستەوەو چەند سەرچاوەیەكیش بڵاویانكردەوە گواستنەوەی كۆتینیۆ واتای خانەنشین بوونی ئینێستایە.