ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئه‌وه‌ ڕاسته‌ به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ ، خواست و داوایه‌كی ڕه‌وای خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بوو ، زۆر هه‌وڵی بۆ درا چه‌ندان كۆڕو سیمینار و ڕێكخستنی كه‌مپینی ناڕه‌زایه‌تی تا دواجار و دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر بڕیاری به‌پارێزگابوونی درا و بویه‌ پێنجه‌مین پارێزگای هه‌رێمی كوردستان .

قسه‌كه‌ی ئێمه‌یه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ،ئایا كاتێك خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ داخوازی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌یان كرد قه‌راربوو پاش دووساڵیش پارێزگاكه‌یان به‌م شێوه‌یه‌ بێت ؟ واته‌ به‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ بچێت ؟ به‌شكڵێك له‌ئاستی باڵاوه‌ تا پله‌كانی خواره‌وه‌ یانی پارێزگار و سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان به‌وه‌كاله‌ت كاروباره‌كانیان ڕابپه‌ڕێنن .ئه‌مه‌ ئه‌و پارێزگایه‌ بوو كه‌ یه‌كێك بوو له‌خواست و داوای خه‌ڵكه‌كه‌ی ؟ كه‌ به‌ئێسته‌شه‌وه‌ بێت نه‌یتوانیوه‌ هه‌وڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ئه‌نجام بدات و ده‌ست پێكی كاره‌كانی ببنه‌ مژده‌ به‌خشی ئه‌و پارێزگایه‌ی كه‌ دواجار جێگه‌ هیوای دانیشتوانه‌كه‌ی بوو .

من لێره‌وه‌ ده‌پرسم ئایا تاكه‌ی ده‌بێت ئه‌م پارێزگایه‌ به‌بێ ئه‌نجومه‌ن بێت ؟ ئایا تاچه‌ند حكومه‌تی هه‌رێم له‌هه‌وڵی به‌رفراوانكردنی سنووری ئیداری ئه‌م پارێزگایه‌دایه‌ ؟ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ چین كه‌ه‌كرێت ده‌بنه‌ مایه‌ی گه‌شه‌كردنی پارێزگاكه‌ و له‌م چه‌قبه‌ستوییه‌ی ئێستایدا ڕزگاری ده‌كات ؟

ڕه‌نگه‌ پرسیاره‌كان زیاتر بن و ئێمه‌ش پێویستمان به‌وه‌ڵامی زیاتر هه‌بێت .به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ده‌كرێ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ش بتوانن بمانگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه‌ به‌دویدا وێڵین .

تێپه‌ڕبوونی دووساڵ به‌سه‌ر بڕیاری به‌پارێزگابوونی ئه‌مشاره‌ ،ئاماژه‌كان ئه‌وه‌مان پێپده‌ڵێن حیزب كه‌ ده‌ستی له‌نێو هه‌ناوی حكومه‌ته‌كه‌یدایه‌ به‌و شكڵه‌ كارده‌كات كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌خوازێ چه‌ندین هه‌لی كار بۆ كادیره‌كانی خۆی له‌م پارێزگانوێیه‌دا به‌ده‌ست بخات هێنده‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ كار ناكات كه‌ بریاری به‌پارێزگابوونی ببێته‌ مایه‌ی دڵخۆشی و ئومێدێك كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی خه‌ونی له‌ مێژیینه‌یانه‌ .

جارێكی دیكه‌ش ده‌یڵێمه‌وه‌ ده‌بوو به‌رله‌ ده‌رچواندنی بڕیاری به‌پارێزگابونیدا چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزرای له‌م شاره‌دا جێبه‌جێ بكرایه‌ كه‌ له‌ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی دیار سیمای به‌پارێزگابوونی پێوه‌به‌دیبكرابایه‌ وه‌ك :

* -بوونی گه‌راجی یه‌كگرتووه‌ .

*- بوونی ناوچه‌ی پیشه‌سازی و ڕێكخستنی ناوبازاڕ .

*- بوونی عه‌له‌وه‌ی یه‌كگرتووی شار .

*- هاندانی وكارئاسانیكردن بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ .

*- گرنگیدان به‌ كه‌رتی گه‌شتیاری ، لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری به‌ناوبانگه‌ .

ئه‌و پڕۆژانه‌ی ده‌بوو هه‌ر له‌ساڵی یه‌كه‌می بوون به‌پارێزگادا ئه‌نجام بدرایه‌ .بۆئه‌وه‌ی وه‌ك كورد ده‌ڵێ (مانگه‌ شه‌وو سه‌رله‌ئێواره‌ دیاره‌ ) ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌شبینیه‌ی له‌ئێستادا لای زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی به‌دیده‌كرێت به‌دی نه‌كرایه‌ .

له‌كۆتاییدا ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم بۆئه‌وه‌ی هه‌ست به‌بونی پارێزگایه‌ك بكه‌ین كه‌ ته‌نها به‌ بڕیاری سه‌ر كاغه‌ز نه‌بێ پێویسته‌ له‌ ئێستاوه‌ هه‌وڵی به‌په‌له‌ بدرێت بۆ :

1- پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا .

2- ڕزگاركردنی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان له‌ ده‌سه‌لات وه‌كاله‌ت 

3- فراوانكردنی سنووری جوگرافی و ئیداری پارێزگاكه‌ 

4- ئه‌نجامدانی چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك كه‌ ده‌بنه‌ به‌خشینی سیمای به‌پارێزگاربوونی شاره‌كه‌ .

زۆر شتی دیكه‌ش ماون بوترێت به‌ڵام ڕه‌نگه‌ بوار نه‌بێت و له‌فرسه‌تێكی دیكه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین بیخه‌ینه‌ ڕوو .

(*) سكرتێری لقی هه‌ڵه‌بجه‌ی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسانی هه‌ڵه‌بجه‌