ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەلیف ـ

ڕێگەوبان پێوەندی و پێوەستی بە فەرمانگەی شارەوانی و هاتوچۆوە هەیە، هەر ئەوانیش لە دیوی قانوونییەوە نەخشەڕێگا دادەڕێژن. ئەوە کاری پۆلیسی هاتوچۆیە جۆری تابلۆ و کاری شارەوانییە شوێنی تابلۆکان دیاریی بکەن، نەک هەر تاکە و لە ئاستی خۆیدا ببێت بە چاوساغی جادان. هەموو ڕێکلامە بازرگانییەکان، سەرەتا مۆڵەتیان بۆ وەردەگیرێن، پاشان شارەوانی بڕی پارەی دیاریکراو لەجیاتی شوێنەکە دەسەنێت. 

ئەوەی ئەم کەسانە کردوویانە، بەدەر لەوەی لادانە لە ژینی مۆدێرن و پێبەندبوون بە پسپۆری، لە بەرتەسکردن و سادەکردنەوەی دین بترازێت، شتێکی تر نییە. ئەمە بەکارهێنانی دینە بۆ مەرامی ئیدۆلۆیایی و بۆ غەزوی فەرهەنگی.

بێ ـ

لە کوردستاندا بەتەنێ موسڵمان ناژیین، وەڵاتی مە هەوارێکی فرەئایینە، ئەم ڕێوبانە، چۆن موڵکی موسڵمانێکە، وەهاش هی مەسیحی، کاکەیی، ئێزیدی، جوو...تاد ئەوانی دیکەشە، بۆیە ناکرێت بێ ئەوەی ڕەچاوی ئەم پلۆڕایزمە دینییە بکرێت، بێیت تقوساتی دینیی خۆت بەسەر فەزای گشتیدا زاڵ بکەیت.

هەڵبەت دین ڕێگەوبان کۆنتڕۆڵ ناکات، ئیشی دین لەم شوێنە نییە و بەدینکردنی هەموو کایەکانی ژیان، دونیا دەکات بە دۆزەخ. سوپاس بۆ ئەم پەیجە کە ئەم وێنانەی خستە بەرچاوانمان، بەڵام دەبێت لەسەر ئەوە بووەستین، ئایا ئەمە بەشێکە لە گوتاری کۆمەڵی ئیسلامی؟ ئاخر لاپەرەکە هی کەناڵی پەیامە کە ئۆرگانی حزبەکەیە.

جیم -

بیرمەندانی پۆست-ئیسلامیزم لە هەوڵی ڕاهێنانی جیهان و کۆمەڵگەی ئیسلامیین بۆ بەرەو بەمەدەنیبوونی کۆمەڵگە و ئاوێزانبوون بە دیموکراتی و فۆرموولەبوونی قانوون لە ورد و درشتی ژیاندا، کەچی ئیسلامیزمی کوردی هەردەم بەرەو دواوە پاشەکشە دەکات.

دواجار ئەمە زێتر دەیسەلمێنێت کە شتێک لە کوردستاندا بە ناوی حکوومەت نییە، دەستوور و پێڕەویکردنی سیکۆلاریزم چیڕۆکی بەر ئاگردانن، ڕێسا و قانوونیش مێشی سەر کەپوون!

تێگەیشتن لەم بابەتە ڕامان و عەقڵی دەوێت، نەک سۆز و عاتیفە.