ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 ئەردۆگان زۆر دڵگرانە بە ئەنجامی ڕاپرسییەکەی ١٦ نیسان. ئەو بە بیریدا نەدەهات ئەنجامی هەڕەشە و گوڕەشە، نانبڕین، سەرکوتکردنی نەیاران، بێدەنگ کردنی میدیا، هات و هاواڕ و قیڕە قیڕەکانی ئەو ڕێژە هەژارەی دەنگەکان بێت. ئەو لە ڕاستیدا بیری لە ڕێژەی پەنجا و شەست نەدەکردەوە، ئەو بە تەمای حەفتا و بۆ سەرەوە بوو. 

ئەردۆگان ئەم ڕێژەیەی پێویستە بۆ ئەڵقە گرنگەکانی داهاتووی پرۆژە سەد ساڵی و ستراتیژییەکەی. پرۆژەی ئەردۆگان ئەوە نیە چەند مادەیەکی دەستور و سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی دەوڵەت بگوڕێت. لە ڕاستیدا ئەو چەند ساڵێکە ئەمەی بەدیهێناوە، زۆر گوێشی بەوە نەداوە ئایە دەستور ڕێگەی ئەداتێ ئەو هەموو دەسەڵاتە لە دەستی خۆیدا کۆبکاتەوە؟. ئەم راپرسییە بۆ ڕاهێنان و تاقیکردنەوەی خەڵکە بۆ گۆڕانکارییە گەورەکە. لە وتاری دوێنێ و چەند ڕۆژی پێشتریش هەندی دەستەواژەی بەکارهێنا، کورد وتەنی سڕ و تڕی ئاشکرا ئەکەن. ئەو باس لە گۆڕانکاری مێژوویی ئەکات کە تورکیا دوو سەد ساڵە پێوەی خەریکە و نەگەیشتووەتە ئەنجام. واتا لەو کاتەوە کە دەسەڵاتی عوسمانی لەوە بە ئاگا هات کە لە ڕەوتی ئەوروپای ڕۆژائاوا بەجێماوە. ئەمە لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەم و دەسپێکی سەدەی نۆزدەهەم بوو. هەندێ ڕیفۆرم لە سەردەمی تەنزیمات و و خەتی هەمایۆن و گیولخانە کران، بەڵام نەیانتوانی کێشە قوولەکانی دەوڵەتی عوسمانی چارەسەر بکەن. ئەردۆگان پێی وایە ئەو بیرۆکە و ڕیفۆرمانە کە دەبوایە دەوڵەتی عوسمانی بگەیەننە ئاستی دەوڵەتانی پێشکەوتووی ئەوروپای ڕۆژائاوا، تا ئێستا بەدی نەهاتوون و ئێستا دەرفەتی ئەوە هەیە لە سەر دەستی ئەم بخرێنە واری ژیانەوە. کەواتا پرسەکە زۆر لەوە قووڵترە کە لە پرسی سەرۆکایەتی کۆماردا کۆبکرێتەوە. ئەم خەونە عەقڵ و هۆشی ئەردۆگانی داگیرکردووە و زوو زوو بە شێوازی جیاواز گوزارشیان لێدەکات. ڕقی ئەستوریشی لە ئەوروپا بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێیوایە ئەوە وڵاتانی زلهێزی ئەوروپا بوون کە ڕێگەیان نەدا عوسمانییەکان ئەو ڕیفۆرمانە جێبەجێ بکەن و بگەن بەو خەونانە . 

ئەردۆگان دزەش بە باس و خواسی ئیالەت و فیدیرالی دەکات. پێموایە مەبەست لەم هەواڵە ئەوە بوو، هەندێ کورد وای لێکبدنەوە کە لە پرۆژەکانی سوڵتاندا فیدیرالیش هەیە. کاتێ گورگە بۆرەکە (باخچەلی) لەم بارەوە لێی هاتە دەنگ، یەکسەر ئەم باسانەی پێچاوە و بەدرۆی خستنەوە. سیستەمی ئیالەت هی سەردەمی عوسمانییەکانە و دەکرێت لە سەر بنەمای جوگرافی، نەک ئەتنیکی وبە مەبەستی ئاسانکاری کارگێڕی چەند ویلایەتێک لە ئیالەتێکدا کۆ بکرێنەوە. 

پرۆژەی دوای ڕیفیراندۆمی ئەردۆگان دانانی دەستورێکی نوێیە، کە شەریعەتی ئیسلامی سەرچاوەی سەرەکی بێت و بە هیچ شێوەیەک جێگەی عەلمانییەتی تێدا نەبێتەوە. ئەمە بە پەنجاو یەک لە سەدی دەنگەکان ناکرێت. دەرکەوت شارە گەورەکانی وەک ئەستەموڵ، ئەنقەرە، ئەزمیڕ و هەندێ شاری بچووکتر پرۆژەکەی ئەردۆگانیان ناوێت. لە ڕۆژائاوی تورکیا پێگەی عەلمانییەکان بەهێزە و وا بە ئاسانی ئەردۆگان ناتوانێت ڕایانماڵێت. هەڵوێستی کوردستان لە پرۆژەکانی ئەردۆگان لە دیدی مافی نەتەوەیی و سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت. 

بە پێی لۆژیک بێت دەبێت ئەردۆگان لەوە تێگەیشتبێت کە ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لە کۆمەڵگای تورکیا ڕوویانداوە، وا بە ئاسانی پێچەوانە ناکرێنەوە. 

باری نائاسایی، تۆقاندنی خەڵک، گرتنی سیاسەتمەداران، بێدەنگکردنی میدیا و تۆمەتبارکردنی نەیاران بە تیڕۆریزم ...تاد، هەموو ئەمانە نەیانتوانی بەرەی ئەردوگان فراوان بکەن و بەرەی نەیارانی ڕاماڵن، بۆیە لە قازانجی گەلانی تورکیا و ئەردۆگان و پارتەکەشێتی دەسبەرداری ئەم خەون و خەیاڵە بێت و سیاسەتێکی واقیعییانە بگرێتە بەر و نەبێتە هۆی ئەوەی گەلانی تورکیا دەرفەت وکاتێ زیاتر لە دەستبدەن.