ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لای هەموان ڕونە و مێژوی گەلەکە/ یشمان سەلماندویەتی. وەکو ئەڵێن فیل پایەی وەدەست هێنان و ڕاگرتنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد. کە ئەمڕۆ وەک ئامانجێکی سەرەکی کاری بۆ ئەکرێ بریتیە لە یەک ڕیزی و یەک هەڵوێستی گەلەکەمان لە کوردوستانی عێراق دا.

دۆستەکانمان جەختی لەسەر ئەکەنەوە و هاوکاریمان ئەکەن بۆ زامن کردنی ... دوژمنەکانیش کار بۆ تێکدانی ئەکەن.. کەچی ئەوەی جێگەی داخە هەندێک لایەنی سیاسی. بە ئاشکرا و بە نهێنی هاو هەڵوێستن لەگەڵ دوژمنەکانی گەلەکەماندا و دەریان بڕی کە هاوکارنابن لە پڕۆسەی ڕاپرسیەکەدا!! بە واتایەکی تر ئەندام و لایەنگران و جەماوەرەکەیان هان ئەدەن کە بەشداری تێدانەکەن, یان بە (نا) وەڵام بدەنەوە!! ئەم هەڵوێستە ئەگەر بێتو ئەو لایەنانە لەسەری سور بن ئەوا ئەوە یەکەم هەنگاویان کۆسپ ئەبێ لە ڕێی بەدی هاتنی ئامانجەکەدا. بگرە ئەگەر نەشتوانێ ڕێگەی لێ بگرێ ئەوا ئەبێتە هەوێنی لاوازی و تێکدانیشی!! چونکە دوژمنان ئامادەئەبن بۆ هاوکاری کردنیان!!

ئەگەر زۆر نەگەرێینەوە داوە بۆ مێژوی خۆمان زۆر کەس لە یادی ماوەکە ئاغاکانی پشدەر و بەگزادەکانی جاف هەردو لایان دژی حکومەتەکەی شێخ مەحمودی حەفید بوون و هاوکاریان نەکرد و دواتر بوونە مایەی لاوازکردنی و بەریتانیاش هەڵوێستی ئەوانی کرد بەبیانو بۆ لێدان و تێکدانی حکومەتەکە.

گومان لەوەدا نیە کە بەرژەوەندی تەسک و تایبەتی ئەم ڕقەبەرایەتیەی لەم هەرێمەدا پەیداکردوەو زیاد لە پەنجا ساڵە بوە بە مایەی لاوازی و سەرنەکەوتنی شۆرشی گەلەکەمان.. بۆیە پێم وایە ئەبێ لەو ڕابوردوانەی پێشوی خۆمان دەرس و پەند فێر ببین .. هەر ئەقڵە لە خەسارێک.

سەرکەوتنی ڕاپرسیەکە, ئەگەر کۆسپی تری بۆ پەیدانەکرێ, دوو ئامانج بەدی ئەهێنێ:

یەکەم ـ گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان, ئەوانەی کە تا ئێستا لە ژێر ڕکێفی حکومەتی مەرکەزی دا ماون.

دوەم ـ بە ((بەڵێ)) هەل و مەرج و زەمینەی لەبار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ساز ئەدەن. چونکە تەنانەت ئەو دەولەتانەش کە لایەنگری دامەزراندنی دەوڵەتەکەن چاوەڕوانی ئەو (بەڵێ) ی گەلی کورد ئەکەن و بەمەرجی دائەنێن 

بۆیە نەتەوەخوازی, نیشتمان پەروەری, شۆرشگێری هە لایەن و کەسێک ئالێرەدا دەرئەکەوێ... کورد واتەنی (قولی ڕەش و سپی لەم بوارەدا دەرئەکەوی).

لەبەر ئەمە و لەپێناو ئەم ئامانجە سەرکیەدا پێویستە هەمو کەس و لایەنێک دەست لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی هەڵبگرێت و دەنگ و سەنگی یەکگرتوی گەلەکەمان, خواست و ویستی مێژویی و دێرینمان بە دۆست و دوژمن ڕابگەیەنن و جێگەی باوەڕو متمانەی دۆست و لایەنگرانمان بێت.. لە مێژودا کورد زۆر جار هەلی لەباری بۆ رەخساوە کە ببێتە دەوڵەت بەڵام هەر خۆمان لە دەستمان داوە!!