ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەرێمی کوردستان ٢٦ ساڵە نیمچە دەوڵەتە ، کەچی تازە بەتازە باسی ریفراندۆم دەکرێت و خەریکە وەک دەستکەوێکی مەزن لەمێژووی هەرێمی بەتەمای خودا تۆمار دەکرێت ، ٢٦ ساڵە کورد نیمچە دەوڵەتە ، بەڵام ٢٦ هەنگاوی كردەیی بۆ بنیات نانی دەوڵەتی سەربەخۆ نەهاوێشتووە ، هەموومان باش دەزانین ، دەوڵەت ڕاناگەیەندرێت ، بەڵکو بنیاد دەنرێت ، بنیادنانیش ( عەقڵ )ی دەوێت ، ئابوورییەکی سەقامگیر و بەهێزو ژێرخانێکی پتەوی دەوێت ، کاری ڕاستەقینەو خۆبەخشی دەوێت ، ماندووبوون و شەونخوونی و خۆنەویستی دەوێت ، یەک ریزی و یەک هەڵوێستی و ئیرادەی پۆڵاینی دەوێت ، بەرقەرار بوونی یاسای دەوێت ، ئەرێ بەراست کورد ئیرادەو عەقڵی بنیادنانی دەوڵەتی هەیە ؟ بەدڵنیاییەوە دەڵێم نەخێر ، چونکە ئەوە ئیرادەو هێزی تاکەکانی کۆمەڵگاو ژێرخانێکی پتەوو ئابورییەکی سەقامیرە دەوڵەتی لەسەر بنیاد دەنرێت ، کەچی دەسەڵاتی کوردی چەندین ساڵە لەبری بنیادنانی کەسایەتی و ئیرادە و عەقڵ و هزر، لەبری بوژاندنەوەی ئابوری هەرێم ، کەوتۆتە وردوخاش کردنی کەسایەتی تاکی کورد و بێدەسەڵات کردنیان ، برسی کردنیان ، بەهەدەردان و بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی هەرێم ، ٢٦ ساڵە دەسەڵاتی حزب خەریکی بەمێگەڵ کردنی کۆمەڵگایە ، کەبەداخەوە تاڕادەیەکی باشیش تیایدا سەرکەوتووبووە ، ٢٦ ساڵە دەسەڵاتی کوردی لەبری چەسپاندنی کۆلەگەکانی دیموکراسی ، حزبیان کردۆتە فیرعەون و ناسنامەی گەلێکی ستەمدیدەی خێرلەخۆنەدیوو ، ٢٦ ساڵە بازرگانی بە خوێنی شەهیدەسەربەرزەکانمان دەکرێت و لەسەرمێزی گفتوگۆکان بەرژەوەندی حزبایەتی لەسەرەوەی بەرژەوەندییە گشتییەکان دادەنرێت و سەودای پێ دەکرێت ، ٢٦ ساڵە ، لەبری ئەوەی پەرلەمان ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەی گەڵ و ئەرکە سەرەکییەکانی کە (یاسادانان ,چاودێری کردن و پەسەند کردنی بودجەی گشتی ھەرێم) جێ بەجێ بکات ، بەبریاری سەرۆکی ماوەبەسەرچوو کراوەتە سوپەرمارکێتێکی حزبی ، هەرکاتی جەنبیان توورە بوو دایدەخات ، هەرکاتی دڵی خۆش بوو دەیکاتەوە ، ٢٦ ساڵە سنوورەکانی شەری خۆکوژی نەک تەنها کاڵنەبۆتەوە ، بەڵکو ئەوەی دەمی بکاتەوەو ڕای خۆی بلێت ، خۆی لەو دیوی دێگەڵە دەبێنێتەوە ، چیشی لەدەست دێت با بیکات ، هەڵدەپەرێت ، شایی دەکات ، هورا دەکێشێت ، کەس گۆی ناداتێ . 

من گاڵتەم بەو دەنگانە دێت ، کەدەڵێن ، دەبێت هەموومان دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەین ، چونکە باش دەزانم هیچ تاکێکی ئەو میللەتە خێرلەخۆنەدیوە دژی سەربەخۆیی نییە ، بەپێچەوانەوە سەربەخۆیی خەونی هەموو تاکێکی بەشەرەفی ئەم هەرێمە بێ نازەیە ، بەڵام ئەوەی ئەمرۆ نارازییە و دەلێت دەنگ بە (بەڵێ ) نادەم ، ئەوا هۆی تایبەتی خۆی هەیە ، لەسەرەوەی هەرهەمووشیان ، حزباندنی ریفراندۆمە کە پرسێکی نەتەوەییە نەک حزبی ، حزباندنی ئەو هیوا گەورەیەیەکە پێ دەگوترێت ( سەربەخۆیی ) ، قۆرخ کردنی دەسەڵاتێکە کە ٢٦ ساڵە بەیەکسانی بەسەر دووبنەماڵە دابەشکراوە ، دزینی سەروەت و سامانی هەرێمی بەتەمای خودایە ، لەباربردنی خەونی جیلی دوای ڕاپەرینە ، تارمایی تەقەشووف و دواکەتنی مووچەو برسی کردنی خەڵکە ، نەبوونی عەدالەتی کۆمەلایەتییە ، نەبوونی کارەبایە ، ئاوە ، بێ کارییە . 

باشە ٢٦ ساڵە تاکی کورد لەدەست کۆمەڵێک کێشە دەناڵێنێت ،کامە حزب ، کامە سەرۆک ، کامە بەرپرس لەنزیکەوە گۆێی لێ راگرتووەو هەوڵی باشکردنی باری گوزەرانی داوە ، (دیارە من لێرە باسی درۆکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان ناکەم ) . کامە منداڵەبەرپرس ژیان و گوزەرانی وەک مناڵانی پێشمەرگە بێ نازەکانمانن ، ئەوانەی تاجی سەری هەرهەموومانن بەهەبوونی ئەوانەوە ئێمەش هەین . 

دڵنیا بن ، هەرکاتێ ، ریفراندۆم بەرگی قێزەوەنی حزبی فرێ دا ، هەرکاتێ سەربەخۆیی لەپێناوسەربەخۆی کاری بۆکرا نەک بۆ بازرگانی ، هەرکاتێ یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی تا ڕادەیەک بەرقەرار بوو ، هەرکاتێک یاسا سەروەر بوو ، هەرکاتی کارەکانمان بەهێزی عەقل ئەنجام دا نەک بە لۆژیکی هێز وسرینەوەیەی بەرامبەر ، ئەوا ئەو کات کەرستەکانی بنیادنانی دەوڵەت ئامادە دەبێت ، نەک بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەت بەڵکو بۆ بنیادنانی .