ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کورد بەدرێژایی سەدەی بیستەم، خەونی بە دەوڵەتێک یان دەوڵەتۆچکەیەک، بگرە بە شتێک کە لە دەوڵەتێیش بچێت، بینیوە. دووجار چانسی خۆی لەو بارەیەوە تاقیکردەوە: جارێکیان لە دوای یەکەم جەنگی جیهانیی، لەلایەن شێخی نەمر لە سلێمانی، جاری دووەمیشیان لە دوای دووەم جەنگی جیهانیی، لە لایەن پێشەوای مەزنەوە لە مهاباد.

هەرچەندە تەمەنی هەردوو دەوڵەتەکان زۆر کورت بوون و هەرزوو لەلایەن هێزە ناوچەیی و زلهێزە جیهانییەکانەوە زیندەبەچاڵ کران، کەس پێڕانەگەیشت لەوە تێبگات داخۆ تاموبۆی حوکمڕانیی کوردی دەبێت چۆن‌ چۆنی بێت؟ بەڵام هەردوو دامەزرێنەکەیان، بە حەق و حەقیقی، بوونەتە دوو پاڵەوانی مێژوویی، دوو ئەفسانەی بەرخودانی نەتەوەییمان. دوای ئەم ماوە زۆرەش کە بەسەر ئەو دوو ڕووداوە مێژووییەدا تێپەریوە، نەمبیست رۆژێک ئەکادیمییەک یان نووسەرێک یان سیاسییەک، بە کتێبێک، بە لێکۆڵینەوەیەک، بە وۆرکشۆپ و سیمینارێک، بگرە بە ووتارێکیش هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو دوو بڕیارە چارەنووسسازە گەورەیە بکات و پێمان بڵێت ئاخۆ دوو بڕیاری ڕاست بوون و تاکە بژاردەی بەردەم ئەو سەرکردانە بوون یان دوو بڕیاری گونجاو نەبوون بۆ ئەو ساتە وەختانە و بژاردەی گونجاوتر هەبوون؟ بەڵکو هەمووان لە سۆنگەی ڕەوایی مافی کورد، لەوەی کە دەبێت دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆی هەبێت، هەمیشە بێ یەک و دوو، وەک دوو بڕیاری ڕاست و دروست لێمان ڕوانیون و بە شان و باڵیاندا هەڵمانداوە و بەرگریشیان لێکراوە.

منیش بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە دوو بڕیاری دروست بوون، بڕیاردەرانیشیان پاڵەوان و تێکۆشەر و خەباتگێڕو چاونەترس بوون، چونکە لەو سەردەمەی کە کورد نە هێزێکی پێشمەرگەی باش ڕێکخراوی هەبوو، نە ئابوورییەکی سەربەخۆ، نە هۆیەکانی هاتووچۆ و پەیوەندی هزری نێوان شاروشارۆچکەکانی کوردستان بایی هێندە بوون تا زاخۆییەک لە خانەقین و خانەقینییەک لە شنگال پێشمەرگایەتی بکات، نە ئەزموونی حوکمڕانی پتر لەچارەگە سەدەیەکی کوردی و نەدامەزراوە حکومییە کوردیەکان هەبوون.

لەو سەردەمەی نە پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی کورد گەیشتبووە ئەمریکا و ئەوروپا و شەرق و غەرب، هێشتایش سەرجەم ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش ببوو ڕێک و تەبا بوون لەسەر لەنێوبردنی کورد، سەرجەم زلهێزە براوەکانی دوای جەنگە جیهانییەکان لەسەر دەستکاری نەکردنی نەخشەکەی سایکس پیکۆ و دانەمەزرانی دەوڵەتی کوردی کۆک بوون، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا نەتەوەی و کورد و سەرکردەکانی بڕوا و متمانەی تەواویان بە هێزی نەتەوەکەیان هەبوو و جورئەتی ئەوەیان هەبوو بڕیارێکی وا چارەنووسساز بدەن و بەرگریشی لێ بکەن، بگرە خۆیشیانی لەپێناودا ببەخشن، بیکەنە مێژوویەک بۆ نەوەکانی دوای خۆیان تا بزانن خاوەن مافی دەوڵەتین، شایستەی دەوڵەتین.

ئێمە نەوەیەکین بە خوێندنەوەی مێژووی ئەو دەوڵەتە کوردییە زیندەبەچاڵکراوانە چاومان پشکووتووە و گوێچکەی خۆشەویستیی نەتەوەییمان کراوەتەوە و زمانی ئەی ڕەقیبمان پژاوە. بە خەونی دەوڵەتی کوردی و بۆ دەوڵەتی کوردی ژیاوین و دەژین. لەو پێناوەشدا گەورە نووسەر و شاعیر و مامۆستاکانمان فێریان کردووین، کە وەدیهێنانی ئەو خەونە شایستەی هەموو قوربانییەکە. ڕاست نەتەوەکەشمان هەروای کرد، لە شۆرش و ئەنفال و کیمیابارانەکاندا هەموو شتێکی کردە قوربانی و دەستی لەو خەون و وویستە ڕەوایەی هەڵنەگرت.

کەچی ئێستا و لەم سەردەمە ناسکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەم سەردەمەی کە کورد پتر لەچەندین ساڵ ئەزموونی حوکمڕانیی کوردی و دامودەزگای کوردی و هەرێمی کوردی و سوپای کوردی هەیە. لەم سەردەمەی ئەزموونی هەردوو کۆماری کوردیی پێشووی هەیە، ئەزموونی یەک سەدە خەبات و چەندین ڕایەڵەی ڕێکخستنی حزبی و فیکری لە سەرتاسەری کوردستاندا هەیە، پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانی لەوپەڕی بەهێزی و فراوانیدایە، سەرکردەکانمان لە ژوورەکانی بڕیاردانی جیهانی و ناوچەییدان، ووڵاتانی کوردیان بەسەردا دابەش بووە لەوپەڕی ناتەباییدان، یەکپارچەیی خاکی عێراق تا ئەوپەڕی لەژێر پرسیاردایە، کەچی هێشتا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، ئاراستەیەک، بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی وەک بڕیارێکی نادروست و پڕ لە مەترسی و هەنگاونان بەرەو ئاییندەیەکی نادیار وەسف دەکات، لەژێر پەردەی شیکاری زانستی و بە بیانووی نەبوونی گەرەنتیی سەرکەوتنی بڕیارەکە، لە ئەرزش و بەهای ئەو ویست و مافە سەرەتاییەی نەتەوەکەمان کەم دەکاتەوە، وەها وێنای دەکات، وەک ئەوەی بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی هەنگاوێک بێت بەرەو هەڵدێر و لەناوچوونی حەتمی.

دەبێت بەو ئاراستەیە بڵێم: 

دامەزراندنی دەوڵەت کارێکی سرووشت کرد نییە تا پەلە لێکردنی بیکاتە بەرهەمێکی زڕ و بێتام، بەڵکو پرۆسەیەکی ئینسانیی هۆشمەندانە و ئیرادییە، چەند بارودۆخی گونجاوی پێویستە، هێندەش جورئەتەکەی شێخ مەحموود و پێشەوای پێویستە. قەت چاوەڕوان مەبن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بیکەنە سوپرایزی جەژنێکی سەری ساڵ و بۆمان بنێرنە بەردەرگای ماڵەوە، بەڵکو دەبێت بۆ دامەزرانەکەی تا لێواری مەرگ بڕۆین، وەک ڕۆشتیشین و چووینە ناوجەرگەی مەرگیشەوە.

دەبێت پێی بڵێم: 

دامەزراندنی دەوڵەت پرۆسەیەکە لەسەر هێز بونیات نراوە و بەهێزیش ئەنجام دەدرێت. لە دونیای هێزیشدا گەرەنتی نییە، هەموو شتێک قابیلی وەدەستهێنانە و هەروەها قابیلی لەدەستدانیشە. چاوەڕوان مەبن بانکێکی 'ئینشیورەنس' گەرەنتیی دامەزرانی دەوڵەتەکەمان بۆ بکات. دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهانیش بە هێز و لەمیانەی بەکارهێنانی هێزدا دامەزراون و هەمیشەش بە هێز پارێزراو بوون و ماونەتەوە. ئەگەر وا نییە ئەی هەموو دەوڵەتانی جیهان ئەم هەموو سوپا و جبەخانە و چەکانەیان بۆچییە؟!

بۆیە دەبێت بڵێم: گومانم بۆ ئەوە دەچێت کە ئەو ترسەتان لەسەر ئاییندەی دەوڵەتی کوردی نییە، بەڵکو لە دامەزرانی خودی دەوڵەتی کوردییە.