ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینی: پێشڕەو محەمەد

خۆی كۆبوونەوەی سەرانی بیست وڵاتە پیشەسازییە گەورەكەی جیهان، لەچاوی بۆرژوازییەوە، لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا، دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ ڕاوێژكاری گشتیی ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێركڵ، بەڵان لە هەمانكاتدا، كارەساتێكی گەورەشە، چونكە مێركڵ چاوی لەسەر هەڵبژاردنەكانی مانگی سێپتێمبەرە دووبارە بیباتەوە و ببێتەوە بە ڕاوێژكاری گشتیی. 

لەلایەكەوە كۆبوونەوەكە بیانوویەكی دایە دەستی مێركڵ وەك كەمپینی هەڵبژاردن بەكاری بهێنێت، بەڵام لەلاكەی دیكەوە، مێركڵ دەبێت پێشوازیی لە كۆمەڵێك میوانی كێشەساز و قورس بكات، كە ئاسان بۆی هەزم ناكرێت، بەتایبەت ترەمپ، ئەردۆگان و پۆتین، بەتایبەت بۆ ترەمپ، سەركەوتنی لەڕوانگەی ئەوروپاوە و بەتایبەت لەڕوانگەی ئەڵمانیاوە، ترسێكی گەورەی لە سەرانی ئەوروپادا دروستكردووە و خودی كۆبوونەوەی پێش هەڵبژاردنی ترەمپ لە بەرلین، كە بەشێكی گەورەی نقومی [ناڕەزایەتیی بووە]، ئۆباما لەگەڵ ئەنگێلا مێركڵ، بەیاننامەیەكیان دەركرد كە تیایدا ستایشی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئەڵمانیا وەك "ناوەكی سەرەكیی" هاوپەیمانێتیی ئەوروپا و ئەمریكا كرابوو. ئەم دووانە بەڵێنیان داوە هاوكاریی نێوان واشینگتۆن و بەرلین "لەسەر بنەمای پابەندێتیی هاوبەشی نێوانمان بۆ ئازادیی و كەرامەتی فەردیی، كە تەنها یەك دیموكراسیی دینامیك و بەردەوام لەژێر حاكمییەتی یاسادا دەتوانێت گەرەنتیی بكرێت" دەكرێت. 

ئەو سەردانەی ئۆباما بۆ جەختكردنەوەی پەیمانی هاوڕێیەتی واشینگتۆن و بەرلین، بەڕوونی ئەوەی دەردەخست، ڕەنگە هەڵبژاردنی ترەمپ ترسێكی گەورە بێت بۆ ڕاوێژكاری ئەڵمانیا هەم لەباری ئەمنییەوە لەسەر ئەوروپا و هەم لەباری هەڵبژاردنەوەی خۆی لە مانگی سێپتێمبەری ئەمساڵدا، چونكە لەسەرەتاوە دیاربوو بەشێكی جیهان دژی ترەمپ لەسەر جادەیە و لەگەڵ هەڵبژاردنیشیدا بەشێكی گەورەی جیهان هاتە دەنگ و شەقامەكانیان داگیركرد. ئەمە خاڵێكی مەترسیدار بوو بۆ ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، ئایا دەتوانێت بەچ جۆرێك پێشوازیی لە ترەمپ بكات لە لوتكەی گروپی 20دا؟ لەندەن و بەرلین و پاریس سێ شاری گەورەی ئەوروپا بوون دژی ترەمپ هاتنە شەقام و دروشمی گەورەیان بەرز كردەوە. ئەمەش وەڵامێكی دیكە و ترسێكی دیكەی خستە دڵی مێركڵەوە لە هەڵبژاردنەوەی لەم ساڵدا، ئێستا مێركڵ لەلایەكەوە بەهۆی ترەمپەوە و ناڕەزایەتییەكانی شەقامی ئەوروپا و جیهان دژی ترەمپ و دوو میوانە نەویستەكەی دیكەی، پۆتین و ئەردۆگان، كەوتۆتە بەردەم دوڕیانێكی دیكەوە. 

وەرچەرخانی ویلایەتە یەكگرتووەكان بەرەو ناسیۆنالیزمی "یەكەم ئەمریكا" بۆ ئەوروپا بەمانای دابەشبوونی سەرتاپایی دامەزراوە پاش جەنگییەكانە كە ئیمزای دەسەڵاتی ئەمریكایان بەسەرەوە بوو. تەنانەت پێش هەڵبژاردنی ترەمپیش دەسەڵاتەكانی ئەوروپا و بەتایبەت ئەڵمانیا، لەگەڵ بانگەشەكردن بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان لەسەر سەكۆی جیهانییدا، سەرەتا كاردانەوەیەكی هێرشبەرانەیان دەستپێكرد. 

تارمایی بەریەككەوتن لەگەڵ واشینگتۆن، بەشێوەیەكی گەورە درزە ناوەكییەكانی یەكێتیی ئەوروپا و دامەزراوە جیاوازییە نێودەوڵەتییە جۆراوجۆرەكان خراپتر دەكات كە دەسەڵاتە ئیمپریالیستییەكانی ئەوروپا بەهۆیەوە عەرزی عەزەڵاتی خۆیان دەكەن. ساڵی 2010 لە ەدەستپێكردنی قەیرانی یۆرۆدا "ژان كلۆد تریشە" سەرپەرشتیاری كاتیی بانكی سەنتڕاڵی ئەوروپا، هۆشداری ئەوەی دا بارودۆخی ئەوروپا بەڕادەی پێش جەنگی یەكەم یان دووەمی جیهان گەرم و خراپە. پاشان هاوینی ئەمساڵ بریتانیا دەنگی بە دەرچوون لە یەكێتیی ئەوروپا دا و بەشێوەیەكی ناوەكیی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت بتوانێت سەربەخۆ لە واشینگتۆن، ئۆپەراسیۆنە گرنگە میلیتارییەكانی خۆی بەڕێوە بەرێت. 

ئێستا ئەگەر باس لەو كێشانە بكەین كە ڕووبەڕووی مێركڵ بووەتەوە، دەتوانین ئەوە ڕوون بكەینەوە كە بوونی ئەم هەموو هێز و پۆلیس و سوپا و كەرەستە جەنگییانە، دیسان ڕاوێژكاری ئەڵمانیای ڕووبەڕووی پارادۆكس كردۆتەوە، لەلایەكەوە بچووكترین زیان بۆسەر میوانەكانی، شێوانی پەیوەندییەكانی ئەڵمانیا و ئاسایشی ئەوروپای لێدەكەوێتەوە و گەورەترین زیان بە ئابووری و سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی ئەڵمانیا دەگەیەنێت، لەلایەكی دیكەوە ئەو توندوتیژییەی بەرانبەر بەو حەشاماتی خۆپیشاندەرانە دەكرێت، شەقامی ئەڵمانیا لەدژی مێركڵ توڕەتر دەكات و ئەمەش كێشە چاوەڕوانكراوەكەیەتی لەسەرەتای هەڵبژاردنی ترەمپەوە: هەڵبژاردنەوەی لە مانگی سێپتێمبەردا، كە ڕێگاكانی چوونەوە دەسەڵاتی مەحاڵ دەكات. 

تا ئێستا دادگای فیدڕاڵیی دەستووریی، دوو پرۆژە بڕیاری مێركڵ و پۆلیسی ڕەتكردۆتەوە، كە بریتییە لە هەڵگرتنی كەمپی دژەسەرمایەداریی، یەكێك لە گەورەترین كەمپەكان دژی كۆبوونەوەی گروپی 20 لە هامبۆرگ، چونكە بەپێی دەستووری ئەڵمانیا، ئەم كۆبوونەوەیە یاساییە و ئەوانیش لەپێشەوە مۆڵەتی دادگایان پێیە، لەلایەكی دیكەوە هێرشی پۆلیس بۆسەر كەمپەكە، شەقامی ئەڵمانیای جارێكی دیكە لە حزبەكەی مێركڵ توڕە كردووە و ناڕەزایەتیی جۆراوجۆر و تەعبیركردن لێی، بەشێوازی جۆراوجۆر دەركەوتۆتەوە هەر لە ماراسۆنی مەدەنییەوە بیگرە تا دەگاتە نمایشی خۆپیشاندان لەسەر شێوازی زۆمبیانە. توندوتیژیی نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران، ڕادەیەكی بەرزی تۆماركردووە. 

لەلایەكی دیكەوە، مارتین شوڵتز، كاندیدە ڕكابەرەكەی مێركڵ لەپارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا دەرفەتێكی گەورەی كەوتۆتە بەردەست كە وەك ڕاوێژكاری گشتیی ئەڵمانیا هەڵببژێردرێت، لەپێشوودا شیعاراتی یەكسانیی و كاری یەكسانی بۆ هەمووان بەرزكردبۆوە، ئێستا دروشمەكان سیاسییتر كراونەتەوە و بەشێكی پلاتفۆرمەكەی، هەندێك لە داواكارییەكانی چەپەكانیشی لەخۆگرتووە، هەر دوێنێ ئێوارە لە پلانەكەیدا دەیان پەیامی نارد دژی هەژاریی و ناعەدالەتیی لە جیهاندا. چەندان هونەرمەندی وەك كۆلدپەی، شاكیرا و ئەفسانەی پۆپی ئەڵمانیی، هێربەرت گرۆینمایەر بەشدارییان تیادا كردووە و پشتیوانیان لێكردووە، شوڵتز هەموو ئەم پلاتفۆرم و بەرنامانەی لە هامبۆرگدا ئەنجام داوە، وەك پەیامێكی ناڕاستەوخۆ بۆ مێركڵ و هەروەها ڕاكێشانی سەرنجی شەقامیش. 

بەڵام با بپرسین بۆچی لوتكەی گروپی 20 لەهامبۆرگ ڕیسكەكانی بەردەم مێركڵ بەرزتر دەكاتەوە؟ لەلایەكەوە ئەو توندوتیژییەی بەرانبەر بە شەقام دەكرێت، زۆرینەی حزبەكان و شەقام و دادگای ئەڵمانیای فیدراڵیشی تووڕە كردووە، وەك باسمكرد، بوونی دۆناڵد ترەمپ، وەك ڕاسیستێك، سێكسیستێك، كە چاوەڕوانیی ئاكامی بڕیار و فەرمانەكانی ناكرێت، ئەمەش جارێكی دیكە شەقامی ئەڵمانیی تووڕە كردووە و بوونی ترەمپیش لە ئەڵمانیا سەركەوتن و سەلامەتیی كۆبوونەوەكەی بەڕاوێژكاری ئەڵمانیا سپاردووە. سەدان هەزار سەرباز و پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان خەریكی پاراستنی سەرانی گروپەكەن، لەكاتێكدا ئەم پرۆسەیە بۆیەكەمجارە لە ئەڵمانیادا ڕوودەدات، پێشتر هیچ پێشینەیەكی نەبووە، ئەوە وای تەنانەت لە میدیاكانی بۆرژوازیش كردووە هەم باس لە دۆخی جەنگ بكەن و هەم زۆرێك لە میدیاكانی بۆرژوازیی و شەقامیش باس لە بەئەمنیبوون و میلیتاریزەبوونی كۆمەڵگای ئەڵمانیی بكەن، كە مێركڵ لەم هەڵبژاردنەدا دەبێت باجەكەی بدات. 

سەرەڕای ئەمانە مێركڵ، پێشوازیی لە میوانی قورستر دەكات. هەندێك باس لە میوانە ماخۆییەكان دەكەن، ماخۆ وشەیەكی كۆنی لاتینییە كە بە مانای چالاكوانێكی بێ مێشك، عاشقێكی جەنگ، شێت و شەیدای كردەوەی ترسناك و چاوەڕواننەكراو و لەهەمانكاتدا وشەكە لە ئیسپانیی ئەمڕۆدا بۆ ڕەگەزی نێریش بەكاردێت، خودی میوانە ماخۆییەكان دەكرێت وا تەرجەمە بكرێت: میوانە عاشقە جەنگە كردەوە ترسناكخوازە نێرسالارەكان. ئێستا مێركڵ سێ میوانی وای هەیە: ترەمپ، ئەردۆگان و پۆتین. ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیی تایتڵی: "مێركڵ و ماخۆییەكان"ی كردۆتە بابەتێكی سەرەكیی خۆی، لە ژمارەی دوێنێیدا. ئەوەش ڕاستە، وەستانی مێركڵ لەگەڵ ترەمپ، لەڕوانگەی مێركڵەوە، كردەوەیەكە باڵانسی ئەو بەرانبەر بە سەرانی دیكە ڕادەگرێت، بەڵام ئەمە دەكرێت تەنها وەك خەونێكی كۆنزەرڤاتیڤێك بەرانبەر كۆنزەرڤاتیڤێكی دیكە لێكبدرێتەوە. 

ئەوەی تا ئێرە باسمكرد، تەنها پەیوەندیی بە بوونی دۆناڵد ترەمپ لە سێ میوانەكەوە هەبوو، بەڵام ئەی پۆتین و ئەردۆگان چی؟ 

لە ئەڵمانیادا بەتایبەت لەئێستادا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، دەموچاوێكی مەحبوب نییە لە ئەڵمانیا، بەتایبەت دوای شەڕی داعش، دوای ڕیفراندۆم و دوای كردەوە سەیروسەمەرەكانی ئەردۆگان، شەقامی ئەڵمانیا لەو سەرۆكە نیۆعوسمانلییە تووڕەیە، تەنانەت ڕاپرسییەك دەریدەخات نیوەی گەشتیارانی ئەڵمانی و بگرە زیاتریش، لەمساڵدا بۆ توركیا، كەمبووەتەوە. پەیوەندییەكانی مێركڵ و پشتیوانیكردنی لەگەڵ ئەردۆگان، لەكاتی ئێستادا ئەڵمانیای ڕووبەڕووی ئەم پرسە گرنگانە كردۆتەوە: ڤیتۆی ئەڵمانیا بۆ ڕێگەدان بەئەردۆگان تا ڕاستەوخۆ وەك دەنگدەری توركیی لەئەڵمانیا دەربكەوێت؛ بڕیاردان بۆ هەڵگرتنی سوپای ئەڵمانیای فیدراڵ لە بەندەری ئەنجەرلیك ئەگەر ئەڵمانیا ڕێگربێت لەبەردەم دەنگدانی ڕاستەوخۆی توركیا لەكاروباری ئەوروپادا. و زیندانیكردنی ڕۆژنامەوانیی توركیی-ئەڵمانیی دەنیز یوجەل و هەموو ئەو زیندانیكراوە توركییانەی هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەڵمانین. تەنانەت ئەردۆگان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەبارەت بەم بارودۆخەی ئەڵمانیا، بە حەفتەنامەی دی تسایتی گوت: "ئەڵمانیا سیاسەتی خۆكوژیی بەكاردەهێنێت". ئەوەشی نەشاردەوە و گوتی: "ئێمە پێویستمان بەیەكتر هەیە". ئەمەش وەك پێشنیارێكی سەرۆكی توركیا بۆ مێركڵ دەردەكەوێت كە دوێنێ ئێوارە یەكتریان بینی. هەروەها گلەیی ئەوەشی كرد كە بۆچی ئەڵمانیا لەزیاتر تۆمەتباركردنی پەكەكە و سنوورداركردنی چالاكییەكانی و ڕادەستكردنی سەرانیی ئەم حزبە لە ئەڵمانیا سستی دەنوێنێت. هەروەها گلەیی لەوە كرد كە بۆچی ئەڵمانیا مافی پەنابەرێتیی سیاسیی دەداتە ئەندامانی پەكەكە. ئەوە لەلایەك لەلایەكی دیكەوە، ئەندامانی گولەنی وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی هاوشێوەی پەكەكە لەتوركیا ناساند و لەمەشدا مێركڵ و ئەڵمانیای ناڕاستەوخۆ تۆمەتبار كرد كە داڵدەیان دەدات. ئەردۆگان هەوڵدەدات عەزەڵاتی خۆی لەڕێگای ئەم تۆمەتانەوە بۆ ئەڵمانیا، لەناو گروپی 20 دەربخات، ئەم قسانە كاردانەوەی گەورەیان لێكەوتەوە و بووەتە هۆكارێكی دیكە كە دیسان مێركڵ كەوتۆتە بەردەم میوانێكی نەخوازراو و ماخۆوە و شەقامی ئەڵمانیی تووڕەیە، ئەمەش دیسان دارەكەی دەستی مێركڵی ژەهراویتر كردووە و ئەگەری دۆڕانی لە هەڵبژاردنی سێپتێمبەردا بەرزتر كردۆتەوە. 

ڤیلادیمێر پوتین، دەموچاوێكی دیكەی كێشەساز و مشتومڕسازە بۆ ئەڵمانیا و بۆ مێركڵ. چاوەڕوانیی ئەوە دەكرێت كۆمەڵێك مشتومڕی توند لەگەڵ پۆتین لەسەر مەسەلەی ململانێی ئۆكرانیا ڕووبدات. ئەمە لەلایەك، مەسەلەی پاراستنی بەشار ئەسەد لەلایەن پوتینەوە، و كوشتن و بۆمبارانی كردنی هەزاران ئینسانی مەدەنیی، و یەكەم دیداری ترەمپ و پوتین، دیسان شەقامی جیهان و ئەڵمانیای توڕەتر كردووە و ئەو پەیوەندییەی مێركڵ لەگروپی 20دا، ئەمەش دەبێتە كێشەیەكی دیكەی گەورە بۆ مێركڵ. بەكورتییەكەی، بوونی ترەمپ، پوتین و ئەردۆگان لە هامبۆرگ لەپاڵ مێركڵ و پاراستنیان و بەگەڕخستنی هێزێكی گەورەی عەسكەریی و ئەمنیی و پۆلیس و ڕاگەیاندنی دۆخی گەمارۆ و دۆخی نائاسایی بۆ پاراستنی ئەم سەرانە، هەموویان بەیەكەوە نەك ئەوەی مێركڵ چاوەڕوانیی دەكرد، بەڵكو بەپێچەوانەوە شەقامی جیهانی توڕەتر كردووە و بەزوویی دەردەكەوێت كە مێركڵ چۆنچۆنی باجەكەی دەدات. مێركڵ دەبێت بەهەموو هێزی خۆیەوە سەرانی گروپەكە بپارێزێت بەم هەموو عەسكەرتاریەت و میلیتاریزمە دژی شەقامی جیهان، ئایا شەقامیش ناتوانێت بڕیار لە چارەنووسی ئەو بدات؟ 

پێشڕەو محەمەد

7.7.2017

بەرلین